وڵاتانی كەنداو هانی عێراق دەدەن واز لە كڕینی كارەبا لە ئێران بێنێت

:: PM:08:00:27/05/2020 ‌

دوای ئەوەی پێنجشەمی رابردوو محەمەد عەلاوی، وەزیری دەرەوەی عێراق وەك نێردراوی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران سەردانی سعوودیەی كرد، یەكێك لەو بابەتانە باس كرا دابینكردنی كارەبا بوو بۆ پڕكردنەوەی پێویستی عێراق و دەستبەرداربوونی كڕینی كارەبا لە ئێران، پەرلەمانتارێكی عێراق دووپاتی كردەوە كە چەند وڵاتێكی كەنداو هانی عێراق دەدەن بۆ ئەو مەبەستە.
نرخی كارەبای كەنداو هەرزانترە و ئاسانكاری زیاتری لەگەڵدایە
ئەحمەد مەزهەر جبووری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، چەند دەوڵەتێكی كەنداو بە كردەنی داوایان لە عێراق كردووە كە ئەگەر واز لە كڕینی كارەباری ئێران بێنێت، ئامادەن كارەبای بۆ دابین بكەن، بەڵام ئەوە بەشێوەیەكی فەرمی نییە، ئەوەیشی زانراوە كە سەردانی دوایی وەزیری دارایی عێراق بۆ چەند پایەتەختێكی كەنداو بۆ چەند مەبەستێك بووە، لەوانە كرانەوە لە پێوەندییەكان و هاوئاهەنگی دارایی و ئابووری و تەناهی لەگەڵیان.  

زیاتر گوتی، ئەو دەستپێخەریانەی كەنداو لە بواری وزە زۆر باشن و هی ئێستە نین، بەڵكو چەند ساڵێكە هەن، دووپاتی كردەوە كە سعوودیە پێدانی وزەی كارەبای بە عێراق پێ ئەوەی یەك سنت بدات، خستووەتە روو، بەڵام هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە و دەستگرتنیان بەسەر بڕیاری عێراق، وەك ئاماژە بۆ ئێران، وای كرد سوود لەوانە نەبینرێت، كە نرخی كارەبای كەنداو هەرزانترە و ئاسانكاری زیاتریشی تیادایە.

شایەنی باسە ساڵانێكە عێراق بۆ پڕكردنەوەی پێویستی لە كارەبا، بەتایبەتی بۆ ناوچەكانی باشوور و لە وەرزی هاوین، پشت بە كارەبای ئێرانی و كڕینی گازی ئێرانی دەبەستێت، لەوكاتەی دوای سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێران، چەند جارێكە واشنتن عێراق لە كڕینی كارەبا لە ئێران دەبەخشێت و داوای لێ دەكات سەرچاوەی تری كڕینی وزە بدۆزێتەوە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل