عێراق.. 287 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كران

:: PM:08:18:27/05/2020 ‌

دۆخی بەغدای پایەتەخت لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا خراپە، لەوكاتەی ژمارەی تووشبووان لە سەرانسەری دنیا بۆ گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و 745 هەزار حاڵەت، وەزارەتی تەندروستی عێراق رای گەیاند كە لە 24 سەعاتی رابردوو، شەش حاڵەتی نوێی مردن و 287 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمار كراون.
نەخۆشخانەكانی بەغدا بەرەو پڕبوونەوە دەچن
وەك لە راپۆرتی رۆژانەی وەزارەتی تەندروستی عێراق هاتووە، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو 7014 پشكنینی لە تاقیگەكانی تایبەت بەو پەتایە لە سەرانسەری عێراق ئەنجام دراوە و 287 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمار كراون، لەوانە 257 لە بەغدا و پێنج لە نەجەف و سێ لە بەسڕە و سێ لە كەركووك و سێ لە كەربەلا و دوو لە هەولێر و یەكێك لە سلێمانی و چوار لە واست و چوار لە دیالە و یەكێك لە هەریەك لە دیوانییە و میسان و زیقاڕ و دوو لە سەڵاحەدین.

هەروەها 52 حاڵەتی تووشبوون چاكبوونەتەوە، جیا لە مردنی شەش حاڵەت كە هەموویان لە بەغدان، بەوەیش كۆی حاڵەتەكانی تووشبوون گەیشتە 5135 و چاكبوونەوەیش 2904 و مردن 175 حاڵەت و ئەوانەی لە نەخۆشخانە ماون 2056، 

ئەمە و سەرچاوەیەكی پزیشكی ئاشكرای كرد كە هەریەك لە نەخۆشخانەكانی ئیمام عەلی و شەهید سەدر لە شاری سەدر لە رۆژهەڵاتی بەغدا، بەهۆی زۆری ژمارەی تووشبوون، خەریكە پڕ دەبنەوە، بۆیە پێشنیازێك هەیە بە كردنەوەی مزگەوتەكان و تەرخانكردنیان بۆ تووشبووان لە چەند رۆژی داهاتوودا.  






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل