فەرماندەیەكی پێشمەرگە هۆكاری زیادبوونی هێرشەكانی داعش ئاشكرا دەكات

:: PM:11:00:27/05/2020 ‌

فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە سنووری كەركووك باس لەوە دەكات كە چەكدارانی داعش لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، زۆرترین هێرشیان بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی كەركووك ئەنجام داوە و باس لە دوو هۆكار دەكات بۆ ئەو هێرشانە.
بەشێك لە هۆزەكان بە رۆژ حەشدی عەشایەر و بە شەو داعشن
لیوا حەمە رێگر، بەرپرسی فەرماندەیی كەركووك بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەیەك دەبێت بە شێوەیەكی فرەوان و خێرا، چەكدارانی داعش دەستیان بە جموجوڵ كردووەتەوە، پێشتریش هەر هەبوون لە سنوورەكە، بەڵام ماوەی دوو مانگ دەبێت، هێرش و كارەكانیان چڕ كردووەتەوە و ناوە ناوە هێرش دەكەن و كاری رفاندن ئەنجام دەدەن.

زیاتر گوتی، دیارە هۆكاری ئەو هێرشانەیان ئەوەیە، ئێستە مەجالەكە بۆ ئەوان باشترە، لە هەر ناوچەیەكی سنوورەكە تەقە لە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەكەن و كوردەكانی سنوورەكە دەڕفێنن، بەشێوەی فرەوان دەستیان بە جموجوڵ كردووەتەوە.

ئەو لیوایەی پێشمەرگە دووپاتی كردەوە، لە ناوچە كوردستانییەكان، كە ئێستە داگیر كراوە، زیاتر بۆشایی تەناهی هەیە بەهۆی نەمانی پێشمەرگە لە سنوورەكان، ئەوەیش وای كردووە چەكدارانی داعش كارەكانی خۆیان بە باشی ئەنجام بدەن، هۆكاریتریش ئەوەیە لە دوای پێشمەرگە، ئێستە سوپای عێراق و حەشدی عەشایەری لێیە كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر هەموویان چەكدار كراون.

ئەو فەرماندە ئەوەی خستەڕوو، ئەوانە بە رۆژ حەشدی عەشایەر و بە شەو داعشن، لەبارەی دروستكردنی مەترسی بۆ سەر كەركووك لەلایەن داعشەوە، ئاماژەی كرد، مەترسی دروست ناكەن و لەم كاتەدا ناتوانن شوێنێك كۆنترۆڵ بكەن، بەڵام مەفرەزەی پارتیزانیان هەیە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل