فەرماندەیەكی پێشمەرگە: لە مەخموور داعش وێڕای رفاندن و سووتاندن سەرانەش وەردەگرێت

:: PM:12:29:30/05/2020 ‌


سووتاندنی گەنمی جووتیاران لە مەخموور بەردەوامە و ژمارەیەكی زۆری جووتیار زیانیان پێ گەیشتووە. فەرماندەیەكی پێشمەرگەش ئاشكرای دەكات كە كێ لە پشتی ئاگرتێبەردانەكانە.

 لیوا زریان شێخ وەسانی فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری مەخموور بۆ "وشە"  گوتی، زۆربەی گەنم و دەغڵودانی جووتیاران لە سنووری مەخموور سووتێنراون، هاوكات وێڕای وەرگرتنی سەرانە، دەست بە رفاندنی هاووڵاتیانیش كراوە.

هەرچەندە حكوومەتی عێراق هێزێكی رەوانەی ناوچەكە كردووە، بەڵام هیچ كاریگەری نەبووە و بەگوتەی ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، داعش بەئارەزووی خۆی لە ناوچەكە جموجووڵ و هاتوچۆی هەیە.
داعش لە گوندەكان و ناوچەكانی تر خۆیان حەشار داوە و بەئارەزووی خۆیان دەجووڵێنەوە

وەك زیاتر خستیەڕوو، تیرۆریستانی داعش لە گوندەكان و ناوچەكانی تر خۆیان حەشار داوە و لەو ناوچانە بەئارەزووی خۆیان كار دەكەن، چونكە هیچ هێزێك نییە رێگرییان لێ بكات.

لیوا زریان ئاماژەی دا جگە لە سووتاندن، داعش سەرانە لە كێڵگەی پەلەوەر و حەوزی ماسی و خاوەن دەڕاسە و جووتیاران و خاوەن كارگەكان  وەردەگرێت و خەڵكیش لە ناچاریدا سەرانە دەدەن، چونكە ئەگەر نەیدەن دەكوژرێن و ئاگر لە بەرهەمەكانیان بەردەدرێت.


هەولێر/بڵند ئیبراهیم



وشە - سلێمان تاشان