نەوەی نوێ لە تەقینەوەدایە و بۆ كپكردنەوەی شاسوار باسی خۆپێشاندان دەكات

:: PM:09:54:31/05/2020 ‌

سیاسەتەكانی شاسوار عەبدولواحید دووچاری گوشارێكی گەورەی ناخۆیی حزبەكەی كردووەتەوە، بۆیە پرسی خۆپێشانی هێناوەتە بەرباس، بە گوتەی سەرچاوەیەكیش ئەگەر حكوومەت قەرزەكەی لێ وەربگرێتەوە، شاسوار لە رووی داراییەوە ئیفلاس دەكات.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئەمڕۆ یەكشەم 31ی ئایار، بە "وشە"ی راگەیاند، شاسوار عەبدولواحید، دووچاری ناڕەزایەتییەكی زۆری ئەندامانی جووڵانەوەكەی بووەتەوە، ئەمەیش بەهۆی سیاسەتی هەڵەی جووڵانەوەكە و گوێ نەگرتن لە بۆچوونی ئەندامانی.
هەموو هەوڵێكی ئەوەیە قەرزەكانی داپۆشێت
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە دا، شاسوار عەبدولواحید بۆ دامركاندنەوەی ئەو ناڕەزایەتییانە، بابەتی خۆپێشاندانی هێناوەتە بەر باس، بۆ ئەوەی سەرنجی ئەندامانی لە ناڕەزایەتییەكان لابەرێت و بە شتی ترەوە سەرقاڵیان بكات.

لەبارەی پرسی قەرزەكان و یاسای چاكسازییەوە، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی كرد، ئەگەر شاسوار قەرزەكانی لێ وەربگیرێتەوە، لە رووی داراییەوە ئیفلاس دەكات، لە رووی سیاسیشەوە كۆتایی پێ دێت، بۆیە هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە كە ئەو قەرزە داپۆشێت، یان ئەگەر لێشی سەندرایەوە، بڵێت بەهۆی هەڵوێستە سیاسییەكانییەوە بووە نەك پرسێكی یاسایی.

لای خۆیەوە شوان كەریم زراری، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، شاسوار بۆ داپۆشینی كێشەكانی ناو حزبەكەی باسی خۆپێشاندان دەكات، ئەگینا ئەگەر ڕاست دەكات با خۆپێشاندان بكات.

روونی كردەوە، یاسای چاكسازی زۆر خەڵكی قەڵس كردووە، ئەو لیژنانەی بۆی پێكهێندراون لە وەزارەتەكان لە 15ی حوزەیران كارەكانیان تەواو دەبێت و هەنگاوی باش بە دەست دێت، كە لە بەرژەوەندی فەرمانبەران دەبێت، چونكە یاساكە چاكسازی لە مووچەی پلە باڵاكان دەكات، نەك فەرمانبەرانی ئاسایی.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل