سزای ئەو كەسانە ڕاگەیەنرا كە دەڵێن كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان نییە

:: PM:02:58:01/06/2020 ‌
شارەزایەكی یاسایی ڕای دەگەیەنێت، ئەو بڕیارانەی شەوی ڕابردوو كە وەزارەتی ناوخۆ دەری كرد، سەرجەم هاووڵاتییان دەگرێتەوە بە تۆڕە كۆمەڵاتییەكانیش.

ئەمڕۆ دووشەم یەكی حوزەیران، شێخ شوان دزەیی ڕاوێژكاری یاسایی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارەكانی شەوی ڕابردووی وەزارەتی ناوخۆ، دەتوانرێت بە دوو شێوە جێبەجێ‌ بكرێن، كە ئەگەری یەكەم كراوە دەبێ و سزاكەی نادیار دەبێت بەهۆی نەبوونی یاسا، ئەگەر دووەمیش یاسا هەیە و جێبەجێ‌ دەكرێت.

لە بارەی سزای جێبەجێكردن گوتی، پەرلەمانی كوردستان یاسای خراپ بەكارهێنانی  ئامێرەكانی پێوەندیكردنی دەركردووە. بەپێی یاساكە "هەر كەسێك تەلەفۆن و مۆبایل یان ئامێری پێوەندی، یان ئینتەرنێت، یان پۆستی ئەلیكترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشە یان تۆمەت هەڵبەستن، یان جنێودان یان بڵاوكردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەكار هێنا، كە ترس پەیدا دەكات سزا دەدرێت.

بۆ ماوەیەك بەند دەكرێ‌ كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێ‌ و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێ‌
لە بەشێكی یاساكەدا هاتووە، ئەوی پۆستی وا بكات یان كۆمێنتێك لەگەڵ ڕەوشتی گشتی نەگونجێت، یان بەبێ‌ روخسەت و مۆڵەت وێنەی گرت و بڵاوی كردەوە بۆ ماوەیەك بەند دەكرێ‌ كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێ‌ و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێ‌، بە غەرامەیەكیش سزا دەدرێ‌ كە لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێ‌ و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێ‌. یان بە یەكێك لەو دوو سزایە.

شەوی ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆ كۆمەڵێك بڕیاری نوێی دەركرد، بەپێی بڕیارەكان هەركەسێك پۆستی سۆشیال میدیا بۆ دروستكردنی دۆخی خراپ لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا بكات، سزا دەدرێت و سكاڵای لەسەر تۆمار دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد