هەوڵێك بۆ لەباربردنی رێوشوێنەكانی دژ بە كۆرۆنا هەیە

:: AM:10:36:02/06/2020 ‌
هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی رێوشوێنەكانی دژ بە كۆرۆنا نەهێڵرێت و كەسانێك لەم رێیەوە دەیانەوێت مەبەستە سیاسییەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن، بەڵام مەبەستەكەیان تووشی شكست هاتووە.

لەكاتێكدا ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تەشەنەی سەندووە و رۆژانە هاووڵاتی بەهۆی نەخۆشییەكە دەبنە قوربانی، كەسانێك نابەرپرسیارانە دەیانەوێت لە بایەخی ئەم رێوشوێنانە كەم بكەنەوە و بە رێكخستنی خۆپێشاندان دژایەتی حكوومەت بكەن.

لە خۆپێشاندانی شەوی رابردووی دەربەندیخان، كە تاقمی سەربە حزبێكی تایبەتیان لە پشت بوو، هەوڵ هەیە بە رێكخستنی خۆپێشاندانی تر لە كەلار كە كۆرۆنا بە سیاسی بكەن و هێزە تەناهییەكانیش لە ئامادەباشیدان.
 
ئەمڕۆ سێشەم راگەیەنراوێك بەناوی پیشەوەرانی كەلار بڵاو كرایەوە بێ ئەوەی ناوی هیچ پیشەوەرێكی پێوە بێ و ناوی هیچ رێكخراو و چالاكێكی لەسەر بێ، داوایان لە حكوومەت كردووە بازاڕەكان بكاتەوە و كۆتایی بە كەرەنتین بهێنێت.

موقەدەم عەلی جەمال گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بۆ "وشە" ئەوەی خستەڕوو، بۆ پاراستنی دۆخی تەناهی و رێكارەكانی پەتای كۆرۆنا لە ئامادەباشیدان. 

هاوكات كۆچەر گەرمیانی وەك چالاكێكی مەدەنی لە كەلار ئاشكرای كرد، كەسانی نزیك لە دوو تاقمی ناو یەكێتی و گۆڕان، لە هەوڵی ئەوەدان لە پشتی كۆمپیوتەرەوە لە ماڵەكانیان هانی هاووڵاتییان بدەن بۆ خۆپێشاندان.

هەندێك پەیج وێنەی دەربەندیخانیان بەناوی كەلارەوە بڵاو كردبووەوە و پاشتر سڕییانەوە.
ئەوەشی گوت، هەندێك پەیج وێنەی دەربەندیخانیان بەناوی كەلارەوە بڵاو كردبووەوە و پاشتر سڕییانەوە. بەگوتەی چالاكەكە خۆپێشاندانێكی بچووك لە دەربەندیخان هەبوو، هەوڵ درا بگوازرێتەوە بۆ كەلار، بەڵام سەری نەگرت.

بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی بازاڕەكان بۆ ماوەی شەش رۆژ دراوە. هەرچەندە كاسبكاران زیانیان بەردەكەوێت، بەڵام حكوومەتیش زیانێكی زۆری دارایی پێ دەگات و لە دۆخێكدا كە پێویستییەكی زۆری بە داهات و سەرچاوەی دارایی هەیە، لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییەوە ویستوویەتی گیانی هاووڵاتییان بپارێزێت.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی 


وشە - سلێمان تاشان