وەزارەتی تەندروستی عێراق زەنگی مەترسی لێ دەدات

:: PM:07:15:06/06/2020 ‌

دۆخی عێراق لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتا كۆرۆنا روو لە خراپییە و دوای سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەیە هەفتەیەك، سەرچاوەكان ئاماژە بۆ درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ دەكەن، ئەوەیش بەهۆی خراپیی دۆخەكەوە، بریكاری وەزیری تەندروستی عێراق زەنگی مەترسی لێ دەدات و دووپاتی كردەوە كە رۆژانی خراپترمان لەپێشە.
پابەند نەبوونی هاووڵاتییان دۆخەكە مەترسیدارتر دەكات
ئاماری تووشبوون بە كۆرۆنا لە دنیا گەیشتووەتە سەرووی شەش ملیۆن و 900 هەزار و مردنیش لە 400 هەزار حاڵەت نزیك دەبێتەوە، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق تۆماركردنی 33 حاڵەتی مردن و 1252 حاڵەتی نوێی تووشبوونی راگەیاند. بەوەیش كۆی ئاماری تووشبوون تا ئێستە لە عێراق گەیشتووەتە 11098 حاڵەت و چاكبوونەوەیش 4904 حاڵەت و مردنیش 318 حاڵەت.

د حازم جومەیلی، بریكاری وەزیری تەندروستی عێراق لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا وریایی لە بوونی ئاماژەی نیگەرانكەر لە عێراق سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا دا، كە رۆژانی مەترسیدارتر چاوەڕوانی عێراق دەكەن، روونی كردەوە، ئاماری تووشبوونی رۆژانە هەزار حاڵەتی تێپەڕ كردووە، ئەوەیش مایەی نیگەرانی زۆرە.

زیاتر گوتی، دوو هۆكار بۆ ئەوە هەیە، یەكەمیان زیادبوونی ژمارەی پشكنینیەكانی رۆژانە و دووەم پابەن نەبوونی هاووڵاتییانە بە رێوشوێنەكانی خۆپارێزی و ئەوەیش ئاماژەی زۆر ترسناكن، بۆیە ئەگەری هەیە لە رۆژانی كەمی داهاتوودا دۆخێكی خراپتر ببینین، ئەگەر هاووڵاتییان سێ هەڵە دووبارە بكەنەوەن ئەوانیش، بێباكی و پابەند نەبوون بە خۆپارێزی و بەردەوامبوون لە چالاكییە كۆمەڵایەتییەكانیان، روونی كردەوە، رێژەی حاڵەتە مەترسیدارەكان 20% تێپەڕ ناكات، بەڵام ترسمان لە رۆژانی داهاتوو هەیە.

ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاشكرای كرد كە لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانی، رێنوێنی داوە بە درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە عێراق بۆ ماوەی هەفتەیەكی تر لە سبەی یەكشەمەوە، جیا لە قەدەغەكردنی گردبوونەوە بە هەموو شێوەیەك و ناچاركردنی هاووڵاتییانیش بۆ بەستنی دەمامك و سزادانی سەرپێچیكاران. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل