23 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێم تۆمار كران

:: PM:09:01:06/06/2020 ‌

تا ئێستەیش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا روو لە هەڵكشانە، ئاماری تووشبوون لە شەش ملیۆن و 900 هەزار تێپەڕی كردووە و مردنیش لە 400 هەزار نزیك بووەتەوە، وەزارەتی تەندروستی هەرێم تۆماركردنی 23 حاڵەتی نوێی تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێم راگەیاند. 
ئاماری تووشبوون روو لە هەڵكشانە
وەك لە دوایین راگەیەندراوەكانی وەزارەتەكە ئەمڕۆ شەموو هاتووە، لە بەردەوامی پشكنین و گەڕان بەدوای گومانلێكراو و تووشبووان، سێ تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای دهۆك دەستنیشان كران، ئافرەتێكی تەمەن 40 ساڵ و كچێكی تەمەن 17 ساڵ و كوڕێكی تەمەن 16 ساڵن، هەموویان بەركەوتووی تووشبووانی پێشوون و دانیشتووی ناو شاری دهۆكن.

لە راگەندراوێكی تری وەزارەتەكەدا ئاماژە كراوە، لە بەردەوامی پشكنین و گەڕان بەدوای گومانلێكراو و تووشبووان، 20 تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە دەڤەری گەرمیان دەستنیشان كران، 10 پیاو و دوو ئافرەت و دوو كوڕی گەنج و شەش منداڵن، دوو تووشبوو پزیشك و كارمەندی تەندروستین، بەركەوتووی تووشبووانن، تووشبووەكانی تر بەركەوتووی ئەو دوو تووشبووەن كە لە شاری بەغدا گەڕابوونەوە و داوەت و مێوانداری جەژنیان كردووە، تووشبووێك دانیشتووی سەرچنارە لە سلێمانی و تووشبووەكانی تر دانیشتووی گەڕەكەكانی شەهیدان و قەندیل و بنگرد و فەرمانبەران و كەمپی تازەدێ لە شارۆكەی كەلارن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل