دوو هۆكاری زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا

:: PM:04:50:07/06/2020 ‌

دوای ئەوەی زۆرینەی بەرپرسانی تەندروستی لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی و عێراق و هەرێمی كوردستان زەنگی مەترسیان لێ دا بەوەی رۆژانی داهاتوو لەبارەی ئاماری قوربانیانی كۆرۆنا، مەترسیدارترن، پزیشكێكی شارەزا لە نەخۆشییە گوێزراوەكان باسی دوو هۆكار دەكات بۆ زیادبوونی ژمارەی قوبانیان و وریایی لە گەیشتنی دۆخەكە بۆ بێتوانای لە چارەسەركردنی تووشبووان دەدات.
كەس وا تێنەگات لە مەترسی ڤایرۆسەكە دوورە، بەتایبەتی گەنجان
د وسام تەمیمی، پزیشكی شارەزا لە نەخوشییە گوێزراوەكان لە فەرمانگەی تەندروستی رەسافەی بەغدا روونی كردەوە، یەكەم هۆكاری زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا بریتییە لە زیادبوونی پلەی گەرما كە وای كردووە خەڵك لە شوێنی بچووك و داخراو بۆ خۆفێنككردنەوە كۆ ببنەوە، بەوەی تێكڕای گواستنەوەی پەتاكە زیادی كردووە.  

ئەو پزیشكە ئاماژەی كرد، دووەم هۆكار ئەوەیە تێبینیمان كردووە لە ماوەی دواییدا هەندێك حاڵەتی سووك هەیە لە ماوەی تەنیا سێ رۆژ دەگەنە حاڵەتی هەوكردنی سەختی سییەكانیان و دەمرن، ئەوەیش رەنگە هۆكارەكەی بوونی بازدانێكی بۆماوەییە لە بۆهیڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بەمدواییە لە عێراق دەركەوتووە.

ئەو پزیشكە روونی كردەوە، ئاماری مردن زیادی كردووە و تەنیا هاووڵاتییانی نەخۆش ناگرێتەوە، بەڵكو كارمەندانی تەندروستیش، ئەویش بەهۆی ئەو گوشارە زۆرەی لەسەر نەخۆشخانەكان هەیە، بۆیە با كەس وا تێنەگات لە مەترسی ڤایرۆسەكە دوورە، بەتایبەتی گەنجان، ڤایرۆسەكە وا گەنجان دەكاتە ئامانج و ئەوانەیشی كە بەرگری لەشیان بەهێزە، رەنگە بۆ كەسوكاریان بیگوازنەوە، بۆیە ترسمان لەوە هەیە نەتوانین لە نەخۆشخانەكان چارەسەری حاڵەتە سەختەكانیش بكەین.    







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل