باوكی فۆتۆشۆپ گەیشتە پردی دەلال لە زاخۆ

:: AM:10:42:09/06/2020 ‌

 

دەنگدانەوەی وێنەكانی گەنجێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وایكردووە، خەڵكێكی زۆر بەخۆیەوە سەرقاڵ بكات و نازناوی "باوكی فۆتۆشۆپ"ـی لێ نراوە،  شارەزایەكی بەرنامە ئەلیكترۆنییەكان دەڵێت، ئەو گەنجە هەموو دنیای كردووە و ڕەنگە پاسەپۆڕتیشی نەبێت.

موعتاز باتوش ئەو گەنجەی ناسراوە بە "باوكی فۆتۆشۆپ" بەهۆی وردیی كاركردنی لە فۆتۆشۆپ و دانانی وێنەكانی لە سەرجەم شوێنە گەشتیارییەكانی دنیا، تێكەڵكردنی وێنەكانی لەگەڵ كەسایەتییە جیهانییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ناوبانگێكی زۆری پەیدا كردووە.

ئەو گەنجەی لە ئینستاگرام ناوبانگی دەركردووە كە بەفۆتۆشۆپ سەردانی هەموو وڵاتانی دنیای كردووە
هەرێم كەریم هەڵگری بڕوانامەی باڵا و شارەزا لە بواری دەستكاریی وێنە بۆ "وشە" دەڵێت، زۆرن ئەو كەسانەی بە فۆتۆشۆپ تێكەڵی لە وێنەكان دەكەن و دەستكاریی شوێنەكان دەكەن، ئەوەیش وەك خولیا و جوانكاری و ناوبانگ دەبێت.

باسی لەوەش كرد، ئەو گەنجەی لە ئینستاگرام ناوبانگی دەركردووە كە بەفۆتۆشۆپ سەردانی هەموو وڵاتانی دنیای كردووە، لە یاریگا نێودەوڵەتییەكان دەردەكەوێت و وێنەی لەگەڵ كەسایەتییە جیهانییەكان و  سەركردە عەرەبەكان هەیە، ڕەنگە ئەو گەنجە پاسەپۆڕتیشی نەبێت و سەردانی هیچ وڵاتێكی نەكردبێت، بەڵام زیرەكی خۆی لە فۆتۆشۆپ وایكردووە هەموو دنیا بكات.

"ئەوە شتێكی ئاساییە گۆڕانكاری وێنەی خۆت بكەیت بەهەر جۆرێك خۆت بتەوێت، بەڵام دەستكاریكردنی وێنەی كەسایەتی و كەسی دوور لە ئەندامی خێزانەكەت، دەچێتە چوارچێوەی یاساییەوە". ئەو شارەزایە وای گوت.

وێنەكانی ئەو كوڕە بەجۆرێكە ئەگەر كەسێك زۆر ورد نەبێت لە سەیركردنی وێنە، ئەوا پێت جیا ناكرێتەوە ئەو وێنەیە دەستكاری كراوە، دواین وێنەی ئەو گەنجە لە پردی دەلالی زاخۆیە لە ماڵەكەی گرتوویەتی و دەستكاری كردووە.

ئەمەش كۆمەڵێك وێنەی دەستكاریكراوی ئەون:


 



وشە - رامیار جەواد