پەتای كۆلێرا.. كۆرۆنای لە بیر یەمەنییەكان بردووەتەوە

:: PM:03:27:09/06/2020 ‌
لەگەڵ ئەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەموو دنیا بە فراوانی بڵاو بووەتەوە، بێگومان لە یەمەنیش، بەڵام بەمدواییە بڵاوبوونەوەی پەتای "كۆلێرا" بڕستی لە یەمەنییەكان بڕیوە و كۆرۆنای لە بیر بردوونەتەوە.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ سێشەم نۆی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی لە یەمەن لەلایەن حووسییەكانەوە كۆنترۆڵ كراون، پەتای كۆلێرا زۆر بە فراوانی بڵاو بووەتەوە، لە ماوەی پێنج مانگی رابردووەوە تا ئێستە، 150 هەزار كەس لە سەنعای پایەتەخت و پێنج شاری تر، تووشی كۆلێرا بوون.

پێگەكە زیاتر روونی كردووەتەوە، هۆشداریی نێودەوڵەتی و رێكخراوە تەندروستییەكان بۆ ئەو وڵاتە بەردەوامە كە وێڕای ڤایرۆسی كۆرۆنا، پەتای كۆلێرا بڕستی لە یەمەنییەكان بڕیوە.

ئەوەشی بڵاو كردووەتەوە كە ئەو پەتایە لە ژێر دەسەڵاتی حووسییەكان زیاتر بڵاو بووەتەوە كە لەو ناوچانەدا گەندەڵییەكی زۆری دارایی و كارگێڕی هەیە. بەرپرسانی ئەو ناوچانە بواری تەندروستییەكان بەیەكجاری فەرامۆش كردووە كە ئەمەش وا دەكات پەتاكە فراوانتر ببێتەوە و هەزاران كەس گیان لە دەست بدەن.

سەرچاوە تەندروستییەكان لە سەنعا بە "شەرق ئەوسەت"ی لەندەنییان راگەیاندووە، بەپێی ئامارەكانی ئێستە، لە پێنج مانگی رابردووەوە تا ئێستە، لە سەنعای پایەتەخت و پێنج شاری تر كە حووسییەكان كۆنترۆڵیان كردوون، زیاتر لە 150 هەزار كەس تووشی كۆلێرا بوون و زیاتر لە دوو هەزار و 400 كەسیش گیانیان لە دەست داوە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د