حكوومەتی عێراق یاسای كەمكردنەوەی مووچەی پلەباڵاكانی پەسند كرد

:: PM:07:03:09/06/2020 ‌


ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق یاسای كەمكردنەوەی مووچەی پلەباڵاكانی بە رێژەی 10%، پەسند كرد، لەوكاتەی پەرلەمانتارێك ئاماژەی كرد كە كەمكردنەوەكە كارمەندانی تەناهی ناگرێتەوە و حكوومەت داوای میلاكاتی تەواوی وەزارەتەكانی عێراق دەكات.
مووچەی پلەباڵاكانی عێراق كەم دەكرێتەوە
هاشم داوود، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا یاسای كەمكردنەوەی مووچەی پلەباڵاكانی بە رێژەی 10% پەسند كردووە.

لە كۆبوونەوەكەدا مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران دووپاتی كردەوە كە وەڵامی داواكاریی هاووڵاتییان دەداتەوە و هەست بە نەهامەتییەكانیان دەكات و كار بۆ جێبەجێكردنی خواستەكانیان دەكات، لەوكاتەی گاتع رووكابی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە هیچ بڕینێك لە مووچەی كارمەندانی وەزارەت و هێزە تەناهییەكان ناكرێت و كەمكردنەوەكە مووچەی ئەوان ناگرێتەوە.

هاوكات هەر ئەمڕۆ ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە نووسراوێك داوای لە وەزارەت و پارێزگاكان كردووە بۆ رەوانەكردنی زانیاری لەبارەی ژمارەی فەرمانبەران و بڕی ئەو مووەچەی وەریدەگرن بۆ وەزارەتی پلاندانان، ئەوەیش لە ماوەی 30 رۆژدا.   



 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل