"یاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراق زیانی بۆ كورد لە ناوچە كێشەلەسەرەكان هەیە"

:: PM:09:21:09/06/2020 ‌

ئێستە پەرلەمانی عێراق هەوڵی تاوتوێكردن و تەواوكردنی یاسای نوێی هەڵبژاردن دەدات، بۆ ئەوەی لەپاڵ كۆمسیۆنی نوێ، ببنە مایەی متمانەی خەڵك و ببێتە وەڵامێكی داواكاری خۆپێشاندەران بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە، پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا تیشك دەخاتە سەر كێشەكانی یاساكە و ئەگەری تێپەڕكردنی بەمنزیكانە.
ناكۆكی گەورەی كارگێڕی و سیاسی هەیە و پێویستە هەمووار بكرێتەوە
جەمال كۆچەر، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە"ی روون كردەوە، هەوڵی تێپەڕاندنی یاساكە هەیە، بەڵاك كارێكی ئاسانیش نییە، چونكە شەش پارێزگای عێراق هەن سنوورەكانیان تێكەڵ بووە، واتە نزیكەی 36 شارۆكە و شارەدێ هەن لە رووی كارگێڕییەوە سنوورەكانیان تێكەڵن، بۆیە ئەگەر لە یاسكە بازنەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای بازنەی جوگرافی بێت، ئەوكات كێشەی گەورە دروست دەبێت.

زیاتر گوتی، بەڵام ئەگەر لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوان بێت، واتە 100 هەزار كەس، زیاتر یان كەمتر بەرانبەر بە كورسییەك، ئەوەیش كردەنی نییە، بۆ نموونە لە دهۆك بڵیت لەم شەقامە تا ئەو شەقامە بازنەیەكی هەڵبژاردنە، ئەوەیش هەر سەختە، بۆیە تا ئێستە ئەو بابەتە یەكلا نەبووەتەوە، جیا لەوەی ناكۆكی سیاسیش هەیە و هەموو هێزە سیاسییەكان پێی رازی نین، جیا لە بوونی ناكۆكی لە نێوان هێزە گەورە و بچووكەكان، بەپێی یاسای سانتلیگۆ، كە ئەوكات چۆن بۆ هێزە گەورەكان باش بووە، ئەوها جێگیر كراوە.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، ئێستە دوو داواكاریی هەمواركردنەوەی یاساكە هەیە، یەكەمیان بازنەی هەڵبژاردن، ئەوەی تر خودی یاساكە كە دەنگی لەسەر دراوە، سەبارەت بە هەرێمی كوردستان، دوو بۆچوون هەیە، یەكەمیان هێزە سیاسییە گەورەكان بۆیان باشە بەمشێوەی ئێستە، بەڵام لە ناوچە كێشەلەسەرەكان، لە خانەقین تا شنگال، لەوانە بۆ كورد باش نییە و تیایان دەدۆڕێنێت، چونكە دەنگی كورد پەرشوبڵاو دەبێت و زۆرینەی كورسییەكان لەدەست دەدەن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل