هێنانی چیمەنتۆ لە توركیا و ئێران وەستێنرا

:: AM:08:49:11/06/2020 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بڕیار دراوە چیتر چیمەنتۆ لە توركیا و ئێران بۆ هەرێمی كوردستان هاوردە نەكرێت و بەرهەمی ناوخۆ بەكار دەهێنرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی حوزەیران، یاسین خدر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی گرانبوونی نرخی چیمەنتۆ لە هەرێمی كوردستان هەبوو، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیم كرد، دڵنیایان كردمەوە كە چیمەنتۆ گران نەبووە.

بۆ هەر تۆنێك چیمەنتۆ تەنیا بڕی 45 هەزار دینار لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت
ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان گوتی، چیتر چیمەنتۆ لە توركیا و ئێران نایەتە ناو هەرێمی كوردستان.

ڕوونی كردەوە، بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی لەبارەی گرانبوونی نرخی چیمەنتۆش دڵنیایان پێ دام بەپێی یاسای وەزارەت، هەر هاووڵاتییەكی دانیشتووی هەرێمی كوردستان دەتوانێ سوودمەند بێت لە وەرگرتنی چیمەنتۆ،  بەپێی ئەو ڕێنوێنییانەی لە وەزارەت دەرچوونە.

باسی لەوەش كرد، بۆ هەر تۆنێك چیمەنتۆ تەنیا بڕی 45 هەزار دینار لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت، هەروەها بۆ داواكاریش لەڕێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پارێزگاكان، دەتوانێ زانیاری تەواو وەربگرێت لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی مامەڵەی وەرگرتنی چیمەنتۆ.

ئەو بڕیارە لە كاتێكدایە ساڵانە سەتان تۆن چیمەنتۆ لە توركیا و ئێران دەگوازرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بۆیە بەرهەمی ناوخۆ ساغ نەدەبووەوە، بەڵام بە دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەت، بڕیار درا بە بەكارهێنانی بەرهەمی ناوخۆ و كەمكردنەوەی بەرهەمی هاوردە.



وشە - رامیار جەواد