گۆڤاری
فۆرێن پۆلسی ئه‌مه‌ریكی بابه‌تێكی له‌باره‌ی دانوستاندنه‌كانی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا بڵاوكردووه‌ته‌وه و باس له‌وه ده‌كات، كه سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و به‌م هه‌نگاوانه‌یشی كه له‌م دواییه هاوێشتییه‌تی و ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌یش كه له دایه‌لۆگی ستراتیجی ده‌یخاته به‌رده‌می عێراق، به‌ڵام وڵاته‌كه ئه‌گه‌ری پێشكه‌وتن و پاكبوونه‌وه و ڕاستبوونه‌وه‌ی له گه‌نده‌ڵی و سیسته‌مێكی سیاسی ڕاسته‌قینه دووره و به هیچ شێوه‌یه‌ك جێی ئومێد نییه.
له بابه‌ته‌كه هاتووه، به گوێره‌ی ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه بۆ دۆخی عێراقی كردووه، دۆخی عێراق به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌بار و هه‌ماهه‌نگ نابێ، بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌زاران گیراوی داعش له گرتووخانه‌ی ئاساییدان و مه‌ترسی دووباره تێكچوونی دۆخی ته‌ناهی وڵاته‌كه و ڕزگاربوونی ئه‌و تیرۆریستانه هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا، سیسته‌می سیاسی و ده‌ستوور و یاساكانی عێراق له واقیع به هیچ شێوه‌یه‌ك بوونیان نییه، به‌ڵكو عێراق بووه‌ته مۆڵگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی گه‌نده‌ڵی له ناوچه‌كه و جیهان، ته‌نانه‌ت گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل چووه‌ته ناخی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق، كه پێشتر هه‌موو هیوایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته هه‌ڵچنرا بوو، كه به پاكی و دوور له گه‌نده‌ڵی بمێنێته‌وه.
له ڕاپۆرتێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هاتووه، كه به‌هۆی ناله‌باری دۆخی ته‌ناهی و به‌رده‌وامی شه‌ڕ و ئاڵۆزی و ته‌نگژه، عێراق سیمایه‌كی ته‌ناهی پێوه دیاره، ئه‌مه‌یش گه‌وره‌ترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ری وڵاته‌كه دروستكردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا دوای هێرشی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر قاسم سلێمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس ئه‌و وڵاته به هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كان ژینگه‌یه‌كی ئارام و ته‌ناهـ نییه و بگره گرووپه‌كانی سه‌ر به ئێران هه‌رگیز ناوه‌ستن له هه‌ڕه‌شه‌كردن و دروستكردنی كێشه بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كان.
له ڕووی ئابوورییه‌وه ئه‌مه‌ریكا هه‌رگیز ناتوانێ به‌غدا له ژێر ده‌ستی تاران ده‌ربهێنێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ئۆفه‌ره‌ی به فشاری ئه‌مه‌ریكا وڵاتانی كه‌نداو پێشكه‌شی به‌غدای ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا، به‌غدا هێشته ئاماده نییه كه كڕینی وزه و كاره‌با له ئێران ڕه‌ت بكاته‌وه و پابه‌ندی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بێ بۆ سه‌ر ئێران.
گه‌نده‌ڵی بووه‌ته گه‌وره‌ترین گرێی شێرپه‌نجه به جه‌سته‌ی عێراقه‌وه
به‌رپرسێكی پێشووی ئه‌مه‌ریكی ده‌ڵێ، هه‌موو ئه‌و بژارانه هیچ ئه‌نجامێكیان نابێت، عێراقییه‌كان له 2003ه‌وه ئه‌و گازه سروشتیه‌ی كه له بیره نه‌وته‌كان دێته ده‌ره‌وه و به هه‌وا ده‌سووتێنرێت، وه‌به‌رهێنانیان تێدا بكردایه، ئێسته نه پێویستیان به تاران و نه وڵاتانی كه‌نداو ده‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی فشاری ئێران و بۆ گۆڕینی عێراق به وڵاتێك كه هه‌موو شته‌كانی له ئێرانه‌وه هاورده بكات، ڕێ له‌و پرۆژانه گیرا و سه‌رجه‌م پاره و گوژمه‌ی بۆ ئه‌و پرسه‌یش ته‌رخان كرابوو، چووه گیرفانی گه‌وره به‌رپرسانه‌وه.
ئه‌وه‌ی له هه‌موو شتێك مه‌ترسیدارتره و به ته‌واوی سیسته‌می سیاسی عێراقی په‌كخستووه، نه‌بوونی یاسا و ده‌ستووره له واقیع و پاشكۆبوونی سیسته‌می دادوه‌رییه له عێراق، ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ری نه‌ك ته‌نیا ناتوانێ له گه‌نده‌ڵییه گه‌وره‌كان و به‌رپرسان بكۆڵێته‌وه و ڕایان بكێشێته دادگه، به‌ڵكو له دۆسیه زۆر بچووكه‌كانیش حزب و گرووپه ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی به‌غدا ده‌ستوه‌ردان ده‌كه‌ن و هه‌ڕه‌شه له دادوه‌ره‌كان ده‌كه‌ن و به‌و شێوازه‌ی كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ده‌بێ دادوه‌ره‌كان بڕیار بده‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا سیسته‌می دادوه‌ری عێراق خه‌ریكه به ته‌واوی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و به ده‌ست كه‌می دادوه‌ر ده‌ناڵێنێت، ئه‌وانه‌یشی كه ده‌بن به دادوه‌ر بێ ئه‌زموونن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به پشتیوانی حزب و گرووپه ده‌ستڕۆیشتووه‌كان داده‌نرێن و سه‌ركردایه‌تی دادگه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن.
ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش به ته‌واوی كه‌وتووه‌ته ژێر به‌رتیل و واسته‌كاری
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌یش به‌شێكی زۆری سیاسییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هیوا و ئومێدیان به‌م دایه‌لۆگه ستراتیجیه‌ی نێوان به‌غدا و واشنتن هه‌یه، كریس مۆرفی سیناتۆری كۆمارییه‌كان و ئه‌ندامی لیژنه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه له‌وباره‌وه بۆ فۆرێن پۆلسی ڕاگه‌یه‌نراوێكی خۆی ڕه‌وانه كردووه و تێیدا ده‌ڵێ، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دایه‌لۆگی ستراتیجی به‌كارده‌هێنێت، وه‌ك ده‌سپێكێكی نوێ له عێراق، بۆیه مامه‌ڵه‌كردن و چۆنیه‌تیی هه‌نگاونانی له قۆناغه‌كانی پێشوو جیاواز ده‌بێت، جاران تره‌مپ وه‌ك شوێنكه‌وتوو و پاشكۆی ئێرنا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كرد، به‌ڵام له دوای دایه‌لۆگه‌كه، ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بێ، ئه‌وا واشنتن به جۆرێكی تر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كات و به هه‌موو تواناوه پشتیوانی ده‌كات، بۆ ده‌ركردنی ئێرانییه‌كان.
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌یش دا، فۆرێن پۆلسی نووسیویه‌تی، به‌رپرسانی پنتاگۆن و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه دووپاتیان له‌وه كردووه‌ته‌وه كه پێویسته ئه‌مه‌ریكا به ته‌واوی چالاكییه‌كانی له عێراق سنووردار بكات و به هیچ شێوه‌یه‌كه‌یش ڕه‌زامه‌ندی نه‌دراوه دووباره كونسوڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌سڕه بكرێته‌وه، به‌ڵكو دۆخی ته‌ناهی عێراق به ناجێگیر ده‌زانن و له هه‌موو كاتێك ئه‌گه‌ری ته‌قینه‌وه‌ی دۆخه‌كه هه‌یه، باربارا لیڤ باڵوێزی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له ئیمارات له‌وباره‌وه ده‌ڵێ، سوپایه‌ك له خه‌ڵكی وه‌همی و بندیوار له عێراق بوونیان هه‌یه و گه‌نده‌ڵی بووه‌ته گه‌وره‌ترین گرێی شێرپه‌نجه به جه‌سته‌ی عێراقه‌وه.