فتوایەك بۆ سەرپێچیكارانی تەندروستیی

:: AM:11:44:13/06/2020 ‌
ئەمینداری گشتی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلام لە جیهان، ڕای دەگەیەنێت، هەر كەسێك خۆی نەپارێزێت لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بەخۆی و كەسە نزیكەكانی. بۆیە بەگوتەی ئەو "ئەو كەسە گوناهبارە".

ئەمڕۆ شەموو 13ـی حوزەیران، عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی زانایانی جیهان، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، ئەو كەسەی كە پابەند نابێت بە مەرجە تەندروستییەكان، ئەوە لە رووی شەرعەوە گوناهبارە، چونكە پێش هەموو كەس زیان بە خۆی دەگەیەنێ.

پابەندبوون بە مەرجە تەندروستییەكانی تایبەت بەم ڤایرۆسە كوشندەیە، فەرزێكی شەرعی و زەروورەتێكی تەندروستییە 
بەگوتەی ئەمیندار‌، "ئەو كەسە ئازاد نییە لە خۆی، چونكە موڵكی خوایە و زیانیش بە كەسانی تر دەگەیەنێ‌، بەهەمانشێوە زیان بە كۆمەڵگەیش دەگەیەنێ‌، لێكەوتەی ئەمەش رێگریكردنە لە كردنەوەی مزگەوتەكان".

دووپاتیشی دەكاتەوە، پابەندبوون بە مەرجە تەندروستییەكانی تایبەت بەم ڤایرۆسە كوشندەیە، فەرزێكی شەرعی و زەروورەتێكی تەندروستییە و ئەركێكی نیشتمانی و مرۆییە.

ئەو گوتانەی عەلی قەرەداغی لە كاتێكدایە ئێستە لە هەرێمی كوردستان دوو هەزار و پێنج تووشبوو هەن، 38 كەس گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە 600 تووشبوو چاك بوونەتەوە.

لە هەرێمی كوردستان بەهۆی ڕێكارەكانی حكوومەت بۆ پاراستنی هاووڵاتییان، ژمارەی تووشبووانی كەمترە لەگەڵ وڵاتانی تر و حكوومەت بەردەوامە لە هەوڵەكانی تا هاووڵاتییان زیانیان پێ نەگات و پارێزراو بن. بەڵام زۆر كەسیش هەن هانی خەڵك دەدەن خۆیان نەپارێزن و كۆرۆنا بە درۆ دەزانن.

كۆمەڵگەی كوردی زۆرینەی مسوڵمانە و قسەی پیاوانی ئاینی كاریگەریی خۆی هەیە.




وشە - رامیار جەواد