بوونی پەكەكە لە عێراق.. تەلیسم و پاساوێكی بەردەوام بۆ شێواندنی دۆخی ناوچەكە

:: PM:08:59:16/06/2020 ‌

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا 81 ئامانجیبان لە چەند ناوچەیەكی عێراق لە پاساوی بوونی بنكە و ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان كردە ئامانج، دوای ئەوەی عێراق بانگهێشتنی باڵوێزی توركیای كرد، ئەو لە تویتێك سوروبوونی وڵاتەكەی لەسەر وەشاندنی گورزی سەربازی لە پەكەكە لەهەر شوێنێك كردەوە، ئەوەیش گومانی خستووەتە سەر رۆڵی راستەقینەی ئەو پارتە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، كە بە بەردەوام پاساویان داوەتە توركیا و ئێران بۆ بۆردمانكردنی چەند ناوچەیەكی هەرێم و رەنگە عێراقیش بەشێك بێت لەو پلانە.
بوونی پەكەكە سوودی بۆ هاوسەنگكردنی هاوكێشەی سیاسی هەیە
ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری پێشووی كورد لە بەغدا سەبارەت بە بوونی پەكەكە دووپاتی كردەوە كە پێویستە حكوومەتی عێراق كار بۆ وەدەرنانی پەكەكە لە عێراق بكات، بۆ نەهێشتنی پاساوی توركیا بۆ بۆردمانكردنی چەندان ناوچە كە لەوێن، زۆرجار هاووڵاتییان دەبنە قوربانی ئەو بۆردمانانە، جیا لە زیانێكی زۆری مادی وەك ئەوەی لە قەندیل و مەخموور و شیلادزێ و زاخۆ و ناوچەی تریش روودەدات.

زیاتر گوتی، رەنگە بگوترێت كە پەكەكە وەك كارتێك لەلایەن عێراقەوە بەرانبەر بە توركیا بەكاردەهێنرێت، راستییەكی ئەوەیە عێراق سوود لە كارتی پەكەكە نابینێت، چونكە ئەگەر سوودی هەبووایە لە دۆسیەی ئاو یان رێگرتن لە پێشێلكارییەكانی دووبارەبووەوەی توركیا بەكاری دەهێنا، بە پێچەوانەوە توركیا بوونی پەكەكەی كردووەتە پاساو بۆ گوشاركردنە سەر عێراق لە چەندان بابەت، لەوكاتەی عێراق چەند خاڵێكی بەهێزی هەیە دەتوانێت لە رێگەی ئەوانەوە گوشار بخاتە سەر توركیا، بۆ وەستاندنی هێرشەكانی.

"لەوانە دۆسیەی ئابووری، چونكە توركیا لە رووی ئابوورییەوە زۆر پشت بە عێراق دەبەستێت، بەتایبەتی لە هەرێم، بەڵام بەداخەوە وای دەبینین كە چەند لایەنێكی سیاسی و ناوچەیی هەن، هەوڵی مانەوەی پەكەكە لە عێراق دەدەن، چونكە سوودمەندن، بەتایبەتی ئێران، چونكە ئەو ناوچانەی پەكەكەی لێیە، هیڵێكە سنوورەكانی بە دیالە و كەركووك تا دیمەشق دەبەستێتەوە، بۆ پاڵپشتیكردنی رژێمی بەشار ئەسەد تا ئەو ساتەیش" شنگالی وای گوت.
   
دوێنێ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی عێراقی هێرشە ئاسمانییەكانی توركیای بە دەمارگیر و شەڕفرۆشی وەسف كرد كە سەركۆنەی دەكەن، كاتێك 18 فڕۆكەی سەربازی ئاسمانی عێراقیان بەزاند و كەمپی ئاوارەكانی نزیك مەخموور و شنگالیان بۆردمان كرد، ئەوەیش پێشێلكاری رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان و سەروەری عێراقە، لەوكاتەی وەزارەتی بەرگری توركیا بۆردمانكردنی 81 ئامانجی سەر بە پەكەكەی لە چەند ناوچەیەكی خاكی عێراق راگەیاند، لە شنگال و قەندیل و زاب و خواكورك و دووپاتی كردەوە كە لەو كارە بەردەوام دەبن.

ئەمڕۆ دوای بانگهێشتنی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ پێراگەیاندنی ناڕەزایەتی بەرانبەر بەو بۆردمانانی توركیا دەیكاتە سەر خاكی عێراق، فاتح یەڵدز، باڵوێزی توركیا لە عێراق لە تویتێك نووسیویەتی، ئەو بانگهێشتنە هەلێكی باش بوو بۆ دووپاتكردنەوەی ئەوەی ئێمە لە جەنگی پەكەكە بەردەوام دەبین لەهەر شوێنێك بێت، مەگەر عێراق چەند هەنگاوێك باوێت بۆ كۆتاهێنان بە بوونی پەكەكە لەو وڵاتە.

فازڵ ئەبو رەغیف، شارەزای تەناهی عێراقی لەوبارەوە بۆ "وشە"، دەڵێت، ئەو پێشێلكاریانەی توركیا دەستوەردانە لە كاروباری ناوخۆیی عێراق و پێشێلكردنی سەروەری و ئاسمانی عێراقە، توركیا وڵاتێكی داگیركارە و بە بەردەوام دوژمنایەتی لەگەڵ كورد هەبووە و تەنانەت گرێیەكی مێژوویی هەیە بەناوی كورد، ئێستە لە سووریا جەنگی هەسەدە دەكات لە ترسی دروستبوونی دەوڵەتێك لەوێ، بۆیە كورد لەهەر شوێنێك بێت، توركیا جەنگیان لەدژی دەكات، ئەو لە كورد دەترسێت و ئەو پێشێلكارییە گەورەی لەدژی ئەوان ئەنجام داوە.

زیاتر گوتی، پێویستە عێراق رووبكاتە ئەنجوومەنی ئاسایش و دادگەی نێودەوڵەتی، بەهۆی ئەو بۆردمانەی توركیا كە بەردەوامە، هەروەها رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی لە نێوان عێراق و ئەمەریكا، واشنتن پابەندی پاراستنی ئاسمانەكانی عێراق دەكات، بۆ ئەوەی ئەو دوژمنكارییە دووبارە نەبێتەوە، قسەكانی باڵوێزی توركیا دەستوەردانە لە كاروباری ناوخۆیی عێراق و هەوڵی ئاراستەكردنی بڕیارەكانی حكوومەتی عێراق دەدات، بۆیە پێویستە لەوەیش ئاگەدار بكرێتەوە.

"حكوومەتی عێراق هیچ زانیارییەكی سەبارەت بەو بۆردمانانەی توركیا نییە، هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لە عێراق و هەرێم توانای وەڵامدانەوەیشی هەیە، بە بۆچوونی خۆم بوونی پەكەكە لە عێراق دوو رووی هەیە، سوودی هەیە بەوەی پێوستمان بەوەیە بۆ هاوسەنگكردنی هاوكێشەی سیاسی لە نێوان عێراق و توركیا، كێشەیش دروست دەكات، بەوەی دەبنە پاساو بۆ بۆردمانی توركیا، بۆیە پێویستە بەڵێننامەیان لێ وەربگیرێت بەوەی هەرێمی كوردستان نەكەنە حەشارگە و بنكەیەك بۆ هێرشەكانیان بۆ سەر توركیا، بەڵام ئەوە مانای شەرعیەتدان نییە بە توركیا بەوەی بۆردمانی هەرەمەكی ئەو ناوچانە بكات"، ئەبو رەغیف وای گوت.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل