خزمەتگوزاری پەیپاڵ لە عێراق و هەرێمی كوردستان كارا دەكرێت

:: AM:09:41:17/06/2020 ‌
شارەزایەكی بواری تەكنەلۆجی ئاشكرای دەكات، بەمنزیكانە بواری تەكنەلۆجیا لە هەرێمی كوردستان دەچێتە قۆناغێكی نوێ‌ و خزمەتگوزاریی پەیپاڵ لە عێراق و هەرێمی كوردستان كارا دەكرێت.

خەونی زۆرینەی ئارەزوومەندانی تەكنەلۆجی دەبێتە ڕاستی
ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی حوزەیران، ئەندام عومەر شارەزا لە بواری تەكنەلۆجیا و سەرۆكی رێكخراوی تێك ئای بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەمزووانە تەكنەلۆجیا لە هەرێمی كوردستان دەچێتە قۆناغێكی نوێوە و خەونی زۆرینەی ئارەزوومەندانی تەكنەلۆجی دەبێتە ڕاستی.

سەرۆكی رێكخراوی تێك ئای گوتی، یەكێك لە گەورەترین كێشە گەورەكانی بەردەم ئارەزوومەندانی تەكنەلۆجیا بە تایبەتی و پارەدانی ئەلیكترۆنی، بریتییە لە نەبوونی خزمەتگوزاری پەیپال لە عێراقدا كە پەیپاڵ كۆمپانیایەكی ئەمەریكییە و یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیاكانی دنیا لە بواری ئاڵوگۆڕ و ناردنی دراو، بەڵام بە هۆی بەند و مەرجە قورسەكانی لەسەر بانكی ناوەندی وڵاتان، وای كردووە زۆرینەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێبەش بن لە خزمەتگوزارییەكانی و لە ناویشیاندا عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، تەنانەت لە توركیاش وەستێنرا.

باسی لەوەش كرد، لەگەڵ بەرپرسی بانكێكی نێودەوڵەتی كۆ بووینەتەوە كە تەواوی مامەڵە یاساییەكانیان لە هەرێمی كوردستان و عێراق تەواو كردووە، لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەم خزمەتگوزارییە بۆ هەموو هاووڵاتییان بەردەست دەبێت.

ڕوونی كردەوە، ئەم بانكە نێودەوڵەتییە هەڵساوە بە دروستكردنی جزدانێكی ئەلیكترۆنی كە پاڵپشتی هەریەك لە ماستەر كارد، ڤیزا كارد، پەیپاڵ، بیتكۆین ...هتد دەكات، هەموو خاوەن پاسپۆرتێكی عێراقی دەتوانێت ببێتە خاوەنی ئەم جزدانە ئەلیكترۆنییە و خاوەنی كارتی بانكی پەیپاڵ .

ئەوەشی ئاشكرا كرد، لە ڕێی ئەم جزدانەوە تەواوی مامەڵەكانی ئاڵوگۆڕی دراو و ناردنی پارە و وەرگرتنی تێدا ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ تەواوی بانكە نێودەڵەتییەكان لە سەرانسەری دنیا.




وشە - رامیار جەواد