ئەمەریكا 10 ملیۆن دۆلار وەك یارمەتی بە عێراق دەدات

:: PM:04:06:18/06/2020 ‌

عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تیایدا بڵاو بووەتەوە، لە 11ی ئەم مانگە گفتوگۆی ستراتیجی لە نێوان واشنتن و بەغدا بەڕێوە چوو و یەكێك لە تەوەرەكانی پاڵپشتی ئەمەریكا بوو بۆ عێراق لە رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، باڵوێزخانەی ئەمەریكا تەرخانكردنی 10 ملیۆن دۆلاری وەك یارمەتی بۆ عێراق راگەیاند.
ئەمەریكا پابەندە بە گفتوگۆی ستراتیجی و یارمەتیدانی عێراق
بەپێی بڵاوكراوەیەكی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە لاپەڕی خۆی لە فەیسبووك، تیایدا هاتووە، ئەمەریكا لە رێگەی ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتییەوە بڕی 10 ملیۆن دۆلاری تری بۆ عێراق تەرخان كردووە، ئەوەیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و پاڵپشتیكردنی پڕۆگرامی پەرەپێدانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان "UNDP".

لە ماوەی سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا چەند وڵاتێك یارمەتی عێراقیان داوە لە رێگەی رەوانەكردنی پارە و یارمەتی پزیشكی لەوانەیش ئەمەریكا و چین و ژاپۆن و هیتریش، لەوكاتەی بەپێی راپۆرت و لێدوانی وەزارەتی تەندروستی عێراق و بەرپرسانی تەندروستی دۆخی عێراق باش نییە و رۆژانە زیاتر لە هەزار تووشبوونی نوێ تۆمار دەكرێت، لەوكاتەی ئاماری تووشبوون لە عێراق گەیشتووەتە 24254 حاڵەت و مردنیش گەیشتووەتە 773 حاڵەت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل