داوایەك ئاراستەی چاكبووانی كۆرۆنا دەكرێت

:: AM:08:54:20/06/2020 ‌
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی داوا لەو كەسانە دەكات كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئێستە چاك بوونەتەوە، هاوكاری تووشبووانی ئێستە بكەن بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی حوزەیران، عەبدوڵا ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێویستیان بە پلازمای خوێنی چاكبووانی ڤایرۆسەكەیە، دەبێت وەزارەتی تەندروستی بە هاوكاریی مادی هانی چاكبووانی ڤایرۆسەكە بدات بۆ ئەوەی پلازمای خۆینیان ببەخشن.

باری تەندروستی چەندان تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناجێگیرە و پلازمای خوێنی چاكبووانی كۆرۆناش دەتوانێ لە مەترسیی مردن دەربازیان بكات
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، باری تەندروستی چەندان تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناجێگیرە و پلازمای خوێنی چاكبووانی كۆرۆناش دەتوانێ لە مەترسیی مردن دەربازیان بكات، بەڵام تا ئێستە رێژەیەكی زۆر كەم لە چاكبووان بە دەم بانگەوازەكانی تەندروستییەوە هاتوون و خوێنیان بەخشیوە.

باسی لەوەش كردووە، دەبێ بە پاڵپشتی و هاوكاری مادی و دارایی یان هەر ئیمتیازێكی تر، هانی چاكبووان بدەن پلازمای خوێنیان ببەخشن.

لە كۆتایی نووسینەكەدا هاتووە، داوا لە مامۆستایانی ئاینی دەكەین وەك هەمیشە ڕوڵیان هەبێت لە هۆشیاركردنەوەی ئەو خێر و چاكە گەورەیە، ئەگەر كەسێك بە بەخشینی پلازمای خوێنی گیانی كەسێك لە مردن رزگار بكات.



وشە - رامیار جەواد