دادگای دەستووریی توركیا دەمیرتاشی بە بێتاوان ناساند

:: AM:10:59:20/06/2020 ‌

دادگای  دەستووریی توركیا دوای سێ ساڵ و نیو لە دەستبەسەركردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش سەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان و یەكێك لە گەورەترین سیاسەتمەدارانی كورد لە باكوری كوردستان، حوكمێكی گرنگی لە بەرژەوەندیی دەمیرتاش دەركرد.

 بەگوێرەی حوكمەكەی دادگای دەستووری، گرتنی دەمیرتاش نایاسایی بووە و مافی ئازادی و ژیانی ئەو سیاسەتمەدارە پێشێل كراوە، بۆیەش شایانی ئەوەیە ئازاد بكرێ و تەنانەت قەرەبووش بكرێتەوە.

پێویستە بگوترێ هەدەپە بە دووەم گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا هەژمار دەكرێ و لە پاشەكشەپێكردنی پارتی ئاكەپە، رۆڵێكی گەورەی هەبووە.

ئاكەپە دەمیرتاشی بە تۆمەتی لایەنگریكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان گرتووە و تەنانەت قسە لەسەر ئەوە دەكرا 142 ساڵ زیندانیی بەسەر دەمیرتاشدا بسەپێنرێت.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، دادگای دەستووریی توركیا داوای كردووە، شەش هەزار و 500 یۆرۆ وەك قەرەبوو بە دەمیرتاش بدرێ و چیتر لە گرتووخانە رانەگیرێت.

پارێزەرەكانی دەمیرتاش داوای خێرا ئازادكردنی دەمیرتاش دەكەن.
دوای ئەو بڕیارەی دادگای دەستووری، پارێزەرەكانی دەمیرتاش داوای خێرا ئازادكردنی دەمیرتاش دەكەن. دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاش پێشتر گرتنی دەمیرتاشی بە حوكمێكی سیاسی هەژمار كردبوو نەك یاسایی و لەو رووەوە رەخنەی لە توركیا گرتبوو.

هێشتا بە تەواوی دیار نییە هەڵوێستی دادگاكانی توركیا بۆ ئەو حوكمەی دادگای دەستووری چی دەبێت.



وشە - سلێمان تاشان