داوا دەکرێت دەوامی فەرمانبەرانی هەولێر کەم بکرێتەوە

:: PM:12:14:20/06/2020 ‌
بەرپرسێكی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، پێشنیارمان كردووە كە دەوامی بەشێكی زۆری فەرمانگەكان ڕابگیرێت و بەشێكی تریشیان كەم بكرێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی حوزەیران، عەلی ڕەشید سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و ئەندامی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێستە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و زیادبوونی حاڵەتەكە، چەند پێشنیارێكی نوێمان ئامادە كردووە.

جگە لە خەڵك، بەرپرسە ئیدارییەكانیشمان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تووش بوون
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، داوامان كردووە رێكارەكان هێشتا توندتر بكرێن، چونكە جگە لە خەڵك، بەرپرسە ئیدارییەكانیشمان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تووش بوون.

باسی لەوەش كرد، پێشنیازمان كردووە دەوامی فەرمانگە حكوومییەكان بۆ %95 رابگیرێت و دەوامی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانیش بۆ %30 كەم بكرێتەوە.

لەبارەی كاتی دەرچوونی ئەو بڕیارە گوتی، ئێستە چاوەڕێ دەكەین وەڵامی ئەرێنی بۆ داواكارییەکەمان بێتەوە.

داواكاریی بۆ كەمكردنەوەی دەوام لە كاتێكدایە ئێستە چەند بەرپرسێكی هەولێر تووشی كۆرۆنا بوون و لەژێر چاودێریی پزیشكیدان.




وشە - رامیار جەواد