خۆرگیرانی سبەی مەترسیی لەسەر هاووڵاتییانی كوردستان هەیە

:: PM:01:52:20/06/2020 ‌

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، سبەی خۆرگیران ڕوو دەدات و لە هەرێمی كوردستانیش دەبینرێت.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی حوزەیران، لە ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بە پێوانە فەلەكییەكان لە زووەوە ئاماژەیان بە روودانی خۆرگیرانێكی ئەڵقەیی كردووە كە لە رۆژی یەكشەم 2020/6/21 دا روو دەدات. 

باس لەوەش كراوە، ئەو وڵاتانەی خۆرگیرانی ئەڵقەیی بە تەواوی دەبینن، ئەمانەن كە دەستپێك لە كۆنگۆیە لە ئەفریقا، ئینجا دەكشێ بۆ ئەفریقای ناوەڕاست و باشووری سوودان و ئەسیوبیا و ئەریتیریا و یەمەن و عومان و پاكستان و هیندستان و نیپال و چین و تایوان، ئینجا سێبەری مانگ دەخزێتە ناو دەریای چین و پاشان لەناو زەریای هێمندا كۆتایی پێ دێت.

ئەو وڵاتانەی وەك ئێمە خۆرگیرانی نیمچەیی دەبینن گەلێك زۆرن
ڕوون كراوەتەوە، ئەو وڵاتانەی وەك ئێمە خۆرگیرانی نیمچەیی دەبینن گەلێك زۆرن، بەڵام ئەوانەی لەسەر رێڕەوی ئێمەن بریتین لە نەیجەر و چاد و باشووری لیبیا و میسر و فەلەستین و ئوردن و لبنان و سووریا و هەرێمی كوردستان و باكوری ئێران و توركمانستان و ئۆزبەكستان و باشووری كازاخستان و مەنگۆلیا و باكوری رۆژهەڵاتی چین و هەردوو كۆریای باكور و باشوور و ژاپۆن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، خۆرگیرانی ئەڵقەیی كاتێك روو دەدات كە مانگ لە خاڵێكی دوورە لەگەڵ زەویدا، بۆیە كاتێك دێتە پێش دیسكی خۆر، ئەوا بە تەواوی نایگرێت، بەڵكو ئەڵقەیەكی باریكی بریقەدار لە دەوری دیسكی تاریكی مانگدا دەبینرێ كە بەڕاستی مایەی سەرسامی و سەرنجڕاكێشانی دەبێت، بەڵام بەداخەوە، هەموو ئەو ناوچانەی كە خۆرگیرانەكە بە شێوەیەكی گشتی دەیانگرێتەوە، بۆیان ناڕەخسێت ئەم خۆرگیرانە لە شێوەی ئەڵقەیی ببینن، هۆكارەكەش شوێنكەوتەی جیۆگرافی كەسەكەیە، چونكە  ئەگەر بە مەودایەكی بەرچاو بۆ باكور یان باشووری ئەو ناوچانە بڕۆین كە خۆرگیرانی ئەڵقەیی تیایدا روو دەدات، ئەوا بێگومان گۆشەی دیمەنەكە دەگۆِرێ، ئیتر دیسكی مانگ بە پێی شوێنكەوتەی تۆ یان لە كاتی جووڵەكردنت بەرز و نزم دەبێتەوە بەرانبەر بە دیسكی خۆر لەپێش چاوی ئێمە ئاسماندا، بەمەش دیمەنی خۆرگیرانە ئەڵقەییەكە دەگۆڕێ بۆ خۆرگرانی نیمچەیی، بە شێوەیەك هەرچەندە بەرەو ناوچەی گیرانی ئەڵقەییدا بچین، ئەوا رێژەی گیرانی دیسكی خۆر بەهۆی مانگەوە زیاتر دەبێ و لێی دوور بكەوینەوە، ئەوا رێژەی گیرانەكە كەمتر دەبێ تا وای لێ دێت هیچ خۆرگیرانێك نابینی و نامێنێ. 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان روونی كردووەتەوە، لەبارەی داتای خۆرگیران لە هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە دەبێت: 

سەعات 08:38:47 ی بەیانی خۆرگیرانەكە دەگاتە بەرزترین ئاستی كە %36.86 ی دیسكی خۆر دەكەوێتە دواوەی دیسكی مانگ
 دەستپێكی دیاردەكە لەناو هەرێمی كوردستان لە سەعات 07:34:52 ی بەیانی دیسكی مانگ لە بەشی خوارووی لای راستی دیسكی خۆرەوە دێتە پێشەوە و لەوێوە خۆرگیرانی نیمچەیی دەست پێ دەكات.

سەعات 08:38:47 ی بەیانی خۆرگیرانەكە دەگاتە بەرزترین ئاستی كە %36.86 ی دیسكی خۆر دەكەوێتە دواوەی دیسكی مانگ و لە پێش چاومان ئەو تاریك دادێت.

سەعات سەعات 09:50:24 دیسكی مانگ بە تەواوی لە پێش دیسكی خۆر لادەچێ و كۆتایی بەو دیاردەیە دێت بە نیسبەت هەرێمی كوردستان.

لە هەرێمی كوردستان لە دەستپێك تا كۆتایی 2 سەعات و 15 خولەك و 32 چركە
كەواتە دیاردەی خۆرگیران لە هەرێمی كوردستان لە دەستپێك تا كۆتایی 2 سەعات و 15 خولەك و 32 چركە.

كەشناسی باسی لەوەش كردووە، لێرەدا بە پێویستی دەزانین هۆشداریی بدەینە هاووڵاتییان كە بەهیچ شێوەیەك هەوڵ نەدەن راستەوخۆ لە رێی (تلسكۆب و دووربین و كامێرا) لەهەر كات و ساتێك و لەژێر هەر بارێكدا سەیری خۆر نەكەن، چونكە دەستبەجێ زیانی راستەوخۆ بەچاو دەگەیەنێ و دەبێتە هۆی خوانەخواستە كوێربوونی كاتی یان هەمیشەیی یان دەبێتە هۆی حاڵەتی لەدەستدانی توانای بینینی رەنگەكان، بەڵكو پێویستە فلتەری تایبەت بە خۆر بەكار بهێنرێت و یان چاویلكەی خۆرگیران كە بە داخەوە ئەم دوو بابەتە لە هەرێمی كوردستاندا دەست ناكەون.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، بەكارهێنانی مۆبایلی بەستراوە لەگەڵ دووربین یان تلیسكۆب دەبێتە هۆی سووتاندنی كامێرای مۆبایل یان پێگەیاندنی زیانێكی گەورە ئەگەر فلتەر بەكار نەهێنرێت.


 



وشە - رامیار جەواد