بۆ ماوەی یەك هەفتە دەوامی چەند فەرمانگەیەك لە هەولێر ڕاگیرا

:: PM:02:37:20/06/2020 ‌
لە ڕاگەیەنراوێكی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر ئاشكرا كراوە، بۆ ماوەی یەك هەفتە پشوو لە چەند فەرمانگەیەك دەبێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی حوزەیران، لە ڕاگەیەنراوێكی ژووی ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر هاتووە، دوای دەرچوونی ئەنجامی پشكنینەكانیان و تووشبوونی هەریەك لە سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و جێگرەكەی و بەڕێوەبەری شارەوانی دوو و بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە شارەوانی هەولێر و چەند فەرمانبەرێكی تر بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، پشوو ڕادەگەیەنرێت.

بڕیارمان دا بە ڕاگرتنی دەوامی سەرۆكایەتی شارەوانی و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر
باس لەوەش كراوە، بڕیار دراوە بە پشتبەستن بە خاڵی شەشەمی بڕیاری ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیارمان دا بە ڕاگرتنی دەوامی سەرۆكایەتی شارەوانی و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر بۆ ماوەی یەك هەفتە لە 20ـی حوزەیران تا 27ـی حوزەیران.

ئەو بڕیارە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ ماوەی یەك هەفتە پشووی سەرانسەری لە فەرمانگە حكوومییەكان ڕاگەیاند.



وشە - رامیار جەواد