لە هۆڵندا ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و لە کادیرە ناسراوەکانی حزبەکە بە چەقۆ هێرشی دەکرێتە سەر و بە سەختی بریندار دەکرێت.
ئەمڕۆ شەموو 20ی حوزەیران سادق زەرزا لە ئەندامانی سەرکردایەتی پێشووی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هۆڵندا بە چەقۆ هێرشی دەکرێتە سەر و بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێک لە کادیران و کەسانی نزیک لە سادق زەرزا بڵاویان کردووەتەوە باس لەوە کراوە ئەو کەسەی بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر سادق زەرزا هاوشاری خۆی بووە و بەمەبەستی درێژەدانی خوێندن لە شنۆوە رووی لە هۆڵندا کردووە.
بە پێی زانیارییەکان کەسەکە تەلەفون بۆ سادق زەرزا دەکات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بیبینێت و سادق زەرزاش کە ناسیویەتی و برادەری کۆنی باوکی بووە داواکەی قەبوڵ کردووە و خەریک بووە بچێت بیبینێت بەڵام بەر لەوەی لە ئۆتۆمبێلەکەی دابەزێت بە چەقۆی چێشتخانە هێرشی دەکاتە سەری و زیاتر لە 10 چەقۆ لە سینگی دەدات.
سادق زەرزا خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەی پێش خۆی رادەکێشێت و دەیەوێت خۆی رزگار بکات بەڵام هێرشبەرەکە دووبارە هێرشی دەکاتە سەر و دواتر خەڵک کۆ دەبنەوە پێوەندی بە پۆلیس دەکەن و ئەو کەسەش کە بە چەقۆ هێرشەکەی ئەنجام داوە خۆی رادەستی پۆلیسی هۆڵندا دەکات.
هێشتا هۆکاری هێرشەکە دیار نییە
پۆلیسی هۆڵندا لە لێکۆڵینەوەکانی بەردەوامە و هێشتا دیار نییە هۆکاری ئەم هێڕشە چییە.
سۆفی ئەحمەد فەرماندەی پێشمەرگەی حدک و لە هاوڕێ نزیکەکانی سادق زەرزا بۆ "وشە" باسی لەوە کرد کە نەشتەرگەری بۆ سادق زەرزا ئەنجام دراوە و لە مردن رزگاری کراوە و ئێستە دۆخی تەندروستی جێگیرە.