تەندروستی عێراق: بەمنزیكانە دەرمانێكی دژ بە كۆرۆنا بەرهەم دێت

:: PM:06:36:20/06/2020 ‌

لەوكاتەی تا ئێستە ئاماری تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق روو لە هەڵكشانە، وەزارەتی تەندروستی عێراق دووپاتی كردەوە كە دەرمانی ئەڤیفاڤێری رووسی لەلایەن كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت بەرهەم دێت و تاقی دەكرێتەوە و بەمنزیكانە ئەنجامەكان دێتە راگەیاندن.
دەرمانەكە لە چەندان وڵات سەركەوتنی بەدەست هێناوە
سەیف بەدر، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی گوتی، ئێستە عێراق و دنیا رووبەڕووی هێرشێكی توندی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبنەوە، راستە لە هەندێك وڵات هێرشەكە كەم بووەتەوە، بەڵام لە ماوەی دواییدا خەریكە توندتر دەبێت، دووپاتی كردەوە كە ئێستە كەمبوونەوەی حاڵەتەكان بەدەستی خەڵكە، بەهۆی پابەندبوونیان بە رێوشوێنەكانی خۆپارێزی و لەیەكتر دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی. 

سەبارەت بە بەرهەمهێنانی چارەسەرێكی رووسی لە عێراق كە وەزیری تەندروستی عێراق گوتبووی بەمنزیكانە بەرهەمی دێنن، بەدر گوتی، یەكێك لە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لە عێراق دەستی كردووە بە دروستكردنی ئەو دەرمانە، كە لە چەندان وڵاتی ئەوروپایی بەكارهاتووە و سەركەوتنی بەدەست هێناوە. 

روونی كردەوە، چارەسەریەكە وەك تاقیكردنەوە لە چەند دامەزراوەیەكی تەندروستی لەسەر نەخۆشانی كۆرۆنا بەكاردەهێنرێت و ئەنجامكانیش دوای چاودێریكردنی لیژنەی شارەزایانی هاوبەشی وەزارەتی تەندروستی و رێكخراوی تەندروستی جیهانی، دێتە راگەیاندن.

شایەنی باسە وەزارەتی تەندروستی رووسیا دەرمانی ئەڤیفاڤێری وەك یەكەم دەرمانی دروستكراوی ئەو وڵاتە بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند، كە دوای تاقیكردنەوەی بەسەر نەخۆشان لە چین دەركەوت بە رێژەی 90% كاریگەری هەیە و دەتوانێت چارەسەری پەتاكە بكات. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل