ئاماری تووشبووانی كۆرۆنا لە پزیشك و كارمەندانی تەندروستی لە هەرێم

:: PM:10:23:20/06/2020 ‌

وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، زیاتر لە 140 توشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا پزیشك و كارمەندی تەندروستی سەر بە وەزارەتن و دووپاتی كردەوە كە زیاترین ئەو تووشبووانە لە پارێزگای سلێمانین، كە زیاتر لە 100 پزیشك و كارمەند تووش بوون.
بەهۆی بەریەككەوتنیان لەگەڵ تووشبووانەوە بووە
محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە 140 پزیشك و كارمەندی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان تووشی ڤایرۆسەكە بوون و پێمان وایە لەو دوو رۆژەدا ئامارەكە زیاتر بووە و بەشێكی تر لە كارمەند و پزیشك تووشی كۆرۆنا بوون.

زیاتر گوتی، لەو ژمارەیە كە تووش بوون لە پزیشك و كارمەند، بەشی زۆریان كە زیاتر لە 100 پزیشك و كارمەند دەبن لە سنووری پارێزگای سلێمانین، هۆكاری تووشبوونی پزیشك و كارمەندانی تەندروستیش تەنیا بۆ بەریەككەوتنیانە لەگەڵ كەسانی تووشبوو بە ڤایرۆسەكە.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی روونی كردەوە، كاتێك كەسێكی تووشبووە پزیشك و كارمەندان چارەسەری دەكەن و لەگەڵیان، لەو حاڵەتەدا بەریەككەوتن دروست دەبێت و پریشكی قسە و پژمین و هەر شتێكی تر لە تووشبووەكەوە بۆ پزیشك و كارمەندەكە دەگوازرێتەوە.

دوپاتی كردەوە، لە تەواوی نەخۆشخانەكانی تایبەت بە تووشبووانی كۆرۆنا، كەلوپەلی پزیشك و جلی تایبەت بە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی هەیە و لەو رووەوە هیچ كێشەیەك نییە، بەڵام هەڵبەت هەر بەریەككەوتن لەنێوان تووشبووان و پزیشك و كارمەندان روو دەدات، بۆیە پزیشكان تووشی ڤایرۆسەكە دەبن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل