سۆشیال میدیا كاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵك جێدەهێڵێت

:: AM:11:52:21/06/2020 ‌

چین و توێژەكانی كوردستان نیگەرانن لەو دۆخەی سۆشیال میدیا پێیدا تێپەڕ دەبێت و پێیان وایە، لە هیچ وڵاتێكی دنیادا بەم شێوەیە بۆ سووكایەتیكردن و تەشهیر و یەكتر شكاندن بەكار ناهێنرێت و بەشێكی هاووڵاتییانیش بەم هۆیەوە تووشی حاڵەتی دەروونیی خراپ  كردووە .

سەرباری خراپی باری دارایی هاووڵاتییان و هەبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا و خراپی گوزەرانی هاووڵاتییانی ناوچە كوردستانییەكان و لەشكرێشكی توركیا بۆ ناو خاكی كوردستان و چەندان كێشە و گرفتی تر، بە كارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رۆژانە بەردەبنە گیانی یەكتر، ئەمەش لایەنگری حزبە سیاسییەكانی زیاتر گرتووەتەوە و بەهۆی پشگتیریكردن لە حزبەكانیان، سووكایەتی و قسەی نەشیاو لە سۆشیال میدیادا بە یەكتر دەڵێن، ئەمەش نیگەرانی چین و توێژەكانی كوردستانی لێ كەوتووەتەوە .

هاووڵاتییان لە بەشێكی بەكارهێنەرانی سۆشیال میدیا بەتایبەت تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك گلەیی و گازندە دەكەن، لەوەی بە كارهێنەران بەشێوەیەكی نەرێنی بەكاری دێنن و زۆربەی كات بەهۆی تەشهیركردن و سووكایەتیكردن، خەڵكانێك تووشی ناوزڕاندن و كێشە و شكاندن دەكەنەوە، داوا دەكەن بە یاسا رێچارەیەك بۆ ئەم دیاردەیە بدۆزنەوە، بەپێچەوانەوە لە داهاتوودا سۆشیال میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەبنە هەڕەشە بۆ سەر تاك و  گشتی كۆمەڵگە .
تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوونەتە شوێنی خۆبەتاڵكردنەوەی دەروونی

یادگار ئیسماعیل مامۆستای زانكۆی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، "تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەتایبەت فەیسبووك بوونەتە شوێنی خۆبەتاڵكردنەوەی دەروونی. ئەمەش لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە، كاتێك سەرنجێكی بچووك لە لاپەڕەیەك یان هەژمارێك دەرببڕی، راستەوخۆ بەهۆی ناكۆكیی یان هاوتانەبوونی بۆچوون جنێوت پێ دەدەن، جنێودان ئەوپەڕی بێ چارەییە، دەرهاوێشتەی هەندێك بۆشایی فراوانی كارگێڕیی یاسایی و بێسەروبەری سیاسییە، ڕوونە پرسگەلێكی زۆر بە هەڵپەسێردراویی ماونەتەوە و چارەسەر نەكراون، دادوەرئاسا هەر كەسە و لە خۆیەوە بووەتە دادوە و موفتی، قسە لەسەر كەیسەكان دەكات و شییان دەكاتەوە، بوونی هەژماری ساختەش گەورەترین كێشەن، كەس نازانێت ئەمانە سیخوڕن، هەواڵگری لایەنێكی دیاریكراون یانیش كەسانی بێچارە و ناڕۆشنبیرن كە پێیان وایە جنێودان تاكە رێیە".

ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئاماژەی دا، "نەریتی ناوزڕاندن و جنێودان مێژوویەكی تازەی نییە، بە داخەوە یادگارییە تاڵەكانی شەڕی ناوخۆی ناو رادیۆكان و سووكایەتی لایەنەكانە بە یەكتریمان بیر دەهێننەوە، نەریتەكە رەگێكی بۆ تیرۆری هزریش دەگەڕێتەوە، وێڕای جیاكاریی سیاسی، بەڵام هیچ گومانی تێدا نییە بەرهەڵستكار و ئۆپۆزسیۆنیش هاندەری ئەو سووكایەتییە بوون، روونە ئەگەر كێشەیەك هەبێت، كەمتەرخەمی، گەندەڵی یان هەر تێبینییەكیان هەبێت دەكرێت بە ڕێزەوە دەرببڕێت".

ئەو دەڵێت "نەبوونی كۆنترۆڵ و نەبوونی بەرپرسیارێتی تاك و گشتی وای كردووە رۆژ بە رۆژ ئەو دیاردەیە زیاتر تەشەنە بكات، ناشێت نەگوترێت گەنجان لە قوتابخانە و زانكۆكان، كە لە ڕێی مامۆستاكانیانەوە بەسیاسیی كراون، بەشێكی بەرچاوە و كەسە قسە زبرانە لە خۆ دەگرن و پەروەردە دەبن. بەداخەوە بڕوانامە و خوێندن نەبووەتە رێگر لە بەردەم ئەو دیاردە دواكەوتووە بێسەروبەرە، بەم شێوەیە بڕوات دەرەنجامەكانی خراپتر دەبن، هاوكات ئەركی دامەزراوەكانی هەرێمە كار لەسەر نەهێشتنی هۆكارەكانی تەشەنەكردنی ئەو دیاردەیە بكات. بۆ نموونە، دەركردنی یاسای دیاریكراو بۆ سزادان و مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی جنێودان و قسەی نەشیاو، چارەسەركردنی كەیسە كێشەدارەكان و كاراكردنی دادگەكان، لە هەمان كات كار بكرێت دامەزراوە پەروەردەییەكان لە سیاسەت دابماڵرێن، چونكە ناشێت ئەو دیاردەیە بە شكستی ئەكادیمیا هەژمار نەكەین".

یادگار ئیسماعیل روونی كردەوە، میدیای ئەلیكترۆنی و بینراویش بەشێكی بەرچاوی ئەو هۆكارانە لەخۆ دەگرن كە دەرئەنجام بەهۆی میوانی قسەی زبر و تۆمەتبەخشەرەوە خەڵك جۆش دەدەن، دەبێت ئەم بارودۆخە بە قەیرانێكی مەزنی ئاكاریی و ڕەوشتی ناو ببرێت كە قەڵەمبەدەست لە ئاستی جیاجیا زمان زبربن و جنێو تۆمەت بۆ یەكتر و بەرانبەرەكانیان ببەشنەوە".

پێویستە وشیاری تاك لە كۆمەڵگەی كوردی بگاتە ئەو ئاستەی ملی یەكتر نەشكێنن و شتی بچووكی تێدا گەورە نەكرێت
محەمەد باپیر شارەزا لە كاروباری حزبە سیاسییەكان بە "وشە"ی راگەیاند، بەكارهێنانی سۆشیال میدیا بەشێوەی نادروست، زۆر شێواز و مەبەست و  رێی  هەیە، وەك كومەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، بەڵام ئەوەی لێرە دەخەینەڕوو ئەو هاش و هووش و ناشیرینكردنی یەكترە لە پشت پەردەوە، هەندێ جار بۆ بازاڕ گەرمكردنی حزبایەتی و شكاندنی كەسایەتییەكان بە كار دەهێنرێت، زۆر جار لە سۆشیال میدیا، هێماكانی كورد دەشكێنن و ئەمەش خاڵێكی نەرێنییە، چونكە پێویستە وشیاری تاك لە كۆمەڵگەی كوردی بگاتە ئەو ئاستەی ملی یەكتر نەشكێنن و شتی بچووكی تێدا گەورە نەكرێت و رەش بەسپی پێشان نەدرێت و سپی بەڕەش پێشان نەدرێت، چونكە ‌لە دەرەنجامی ئەوەی دەگوزەرێ بەزیانی كورد تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە حزبی كوردی ئەندام و لایەنگرەكانی خۆی ئاگادار بكاتەوە خۆیان لە فەوزای بێ سوود و چەلەحانە و قسەی ناشیرین بەدوور بگرن".

لە هەمووی سەیرتر هەندێ خەڵك بۆ ئەوەی پەیامی خۆیان بگەیەنن، بەشێوەی جوێندان و شكاندنی بەرپرسان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەست پێ دەكەن و بە گوتەی محەمەد باپیر ئامانجیانە لایك ‌و‌ كومێنت و ‌بینەری زۆریان بۆ پەیدا بێت، بەڵام ئەوە یاساشكێنی تێدایە، بەدەیان خەڵك فێر بوون كە شوێنیان گەرمە و خۆیان لە ئەوروپان، جنێو و قسەی نەشیاو بە ئەزموونی كوردی دەڵێن و كەسەكان دەشكێنن.

ئەو بە پێویستی دەزانێ سنوورێك بۆ بەكارهێنانی سۆشیال میدیا دابنرێت بۆ ئەوەی رێز و هەیبەت بۆ تاكی كورد بگەڕێتەوە، چونكە كورد میلەتیكی پاك و بێگەرد و خاوێن‌ و مسوڵمانە، دوورە لە بوختان و جنێو ‌و غەیبەت كە ئەمەش ئەركێكی نیشتمانییە.

هاوكات دەریاز عەلی گوانی توێژەری كۆمەڵایەتی بە "وشە"ی راگەیاند، "ئێستە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هۆكارێكن بۆ سووكایەتیكردن بەیەكتر كە لە بنەڕەتدا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ خزمەتكردنی مرۆڤایەتی و وەرگرتنی زانیاری و پتەوكردنی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان وەك پێداویستییەك هاتنە بوون، هەرچەندە مێژوویەكی هێندە دێرینیان نییە، لێ لە وڵاتی ئێمە لە ماوەی ئەم تەمەنە كورتەدا هێندەی ئەم تۆڕانە بوونە سەكۆیەك بۆ شكاندنی هەیبەتی تاك، هێندە بۆ مەبەستی كاری تر بەكارمان نەهێناون."
تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هۆكارێكن بۆ سووكایەتیكردن بەیەكتر

  ئەو گیروگرفتانەی كە ئێستە بوونیان هەیە، بە بۆچوونی دەریاز عەلی، لە كۆمەڵگە بەشێكی زۆری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هۆكاری سەرەكین بۆ گرفتە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانیشەوە، مەترسییەكە ئەوەندە زۆرە ڕەنگە هەموومان ڕۆژێك بكەوینە بەردەم ئەم شاڵاوە كە دوورە لە هەموو پێوەرە ئینسانی و ئەخلاقییەكان، بەشێكی ئەم گرفتانە بۆ خێرایی بڵاوبوونەوەی ئەم تۆڕە كۆمەڵایەتییانە و نەبوونی سانسۆر لە سەریان دەگەڕێتەوە، هەموو كەسێك دەتوانێ بەكاریان بهێنێت، بەڵكو زیاتر لە ئەكاونتێكیان هەبێت بە دڵی خۆیان ئەكاونت دروست بكەن بۆ جنێودان و سووكایەتیكردن بە تاك و كۆمەڵ و سەركردە و سیاسییەكان، بۆیە پێویستە لایەنی پێوەندیدار بیرێك لەو  بێ سەروبەرییەی سۆشیال میدیا بكاتەوە.

وشە/سۆران – موڕشید برادۆستی




وشە - سلێمان تاشان