نووسراو بۆ ڕاگرتنی دەوام ئاراستەی وەزیری ناوخۆ دەكرێت

:: PM:12:26:21/06/2020 ‌
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕای دەگەیەنێت، بۆ ڕاگرتنی دەوام لە هەندێك فەرمانگە، نووسراو ئاراستەی وەزیری ناوخۆ دەكەین.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ـی حوزەیران، عەلی ڕەشید سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و ئەندامی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێستە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و زیادبوونی حاڵەتەكە، چەند پێشنیارێكی نوێمان ئامادە كردووە بۆ ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هەولێر و وەزیری ناوخۆ.

پێشنیازمان كردووە دەوامی فەرمانگە حكوومییەكان بۆ %95 رابگیرێت
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، داوامان كردووە رێكارەكان هێشتا توندتر بكرێن، چونكە جگە لە خەڵك، بەرپرسە ئیدارییەكانیشمان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تووش بوون، ئەوانیش ڕۆژانە نووسراو بۆ شوێنەكانی تر واژوو دەكەن و ئەوەیش دەبێتە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە، بۆیە نووسراو بۆ وەزارەتی ناوخۆش دەكەین دەوامی هەندێك لە شوێنەكان ڕابگیرێت.

باسی لەوەش كرد، پێشنیازمان كردووە دەوامی فەرمانگە حكوومییەكان بۆ %95 رابگیرێت و دەوامی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانیش بۆ %30 كەم بكرێتەوە.

لەبارەی كاتی دەرچوونی ئەو بڕیارە گوتی، ئێستە چاوەڕێ دەكەین وەڵامی ئەرێنی بۆ داواكارییەكەمان بێتەوە.

داواكاریی بۆ كەمكردنەوەی دەوام لە كاتێكدایە ئێستە چەند بەرپرسێكی هەولێر تووشی كۆرۆنا بوون و لەژێر چاودێریی پزیشكیدان.



وشە - رامیار جەواد