داوای كردنەوەی مەرزێكی تر دەكرێ‌

:: PM:02:25:21/06/2020 ‌
لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، نووسراوێك بۆ وەزیری دارایی بەرز دەكرێتەوە بەمەبەستی كردنەوەی مەرزی سەرتەك.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ـی حوزەیران، لە ڕاگەیەنراوێكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هاتووە، دوای ئەوەی بەشێكی زۆر لە ئەندامانمان كە كاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوردەی كاڵا دەكەن لە ڕێی مەرزی سەرتەكەوە، ئاگەداریان كردینەوەی بەوەی كە ئێستە ئەو دەروازەیە داخراوە.

بەهۆی ئەو داخستنەوە ئێستە هاوردەكاران بار و كاڵاكانیان گیری خواردووە و زیانی زۆریان پێ گەیشتووە
روون كراوەتەوە، ئەو دەروازەیە بە فەرمانی وەزیری دارایی داخراوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كاری هاوردەكاران و بارهەڵگران و  كاسبكاران ئەو دەروازە سنوورییە بە تەواوی وەستاوە، هەر بەهۆی ئەو داخستنەوە ئێستە هاوردەكاران بار و كاڵاكانیان گیری خواردووە و زیانی زۆریان پێ گەیشتووە.

باس لەوەش كراوە، بە یاداشتێك ئاراستەی وەزیری داراییمان كرد و داوامان لێ كردووە كە فەرمان بە كردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییە بكات كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا كاری بازرگانی لێوە ئەنجام دەدرێت و كار و كاسبی زۆر لە خەڵكی ئەو ناوچەیەی لەسەرە، داواشمان كردووە لەكاتی داخستنی دەروازە سنوورییەكاندا بە هەر هۆكارێك بێت، پێویستە كە پێشتر هاوردەكاران و كاسبكارانی ئەو دەروازەیە ئاگادار بكرێنەوە تا بتوانن جێگەرەوەی ئەو دەروازەیە بدۆزنەوە و تووشی زیان نەبن.




وشە - رامیار جەواد