پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر رەوشی تەندروستی و دارایی هەرێم دەكات

:: PM:02:31:21/06/2020 ‌
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ڕۆژی چوارشەم دەوامی ئاسایی پەرلەمانی كوردستان دەست پێ‌ دەكاتەوە و كۆمەڵێك كار هەیە دەخرێتە گفتوگۆی لیژنەكان.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ـی حوزەیران، سامان ئەحمەد بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكایەتی پەرلەمان بە پێویستی زانی بۆ سەلامەتی گشت پەرلەمانتار و فەرمانبەرانی پەرلەمان بۆ ماوەی  دوو هەفتە كارەكانی خۆی رابگرێت.

دوای وەرگرتنی چارەسەر، گەڕانەوە ماڵی خۆیان و تەندروستییان زۆرباشە و ڕۆژی چوارشەم دەوام دەست پێ‌ دەكاتەوە
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمان دەڵێت، خۆشبەختانە ئەو كەسانەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دوای وەرگرتنی چارەسەر، گەڕانەوە ماڵی خۆیان و تەندروستییان زۆرباشە و ڕۆژی چوارشەم دەوام دەست پێ‌ دەكاتەوە.

باسی لەوەش كردووە، دوای دەستپێكردنەوەی كارەكان، كاری لە پێشینەی پەرلەمان بریتی دەبێت لە باسكردنی دۆخی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان و دۆخی دارایی هەرێم و زۆریی جموجووڵی داعش لە ناوچە كێشەلەسەرەكان و بابەتە هەنووكەییەكانی ناو هەرێمی كوردستان.

هەفتەی ڕابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و تووشبوونی پەرلەمانتارێك و چەند فەرمانبەرێك، كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان هەڵوەشایەوە و پشكنینی گشتییان بۆ كرا.



وشە - رامیار جەواد