بزووتنەوە و سۆسیالیست: نابێت پەكەكە بیانوو بداتە توركیا بۆ بەزاندنی خاكی هەرێم

:: PM:08:08:21/06/2020 ‌

 چەند رۆژێكە توركیا لەشكركێشییەكی گەورەی بۆ سەر هێزەكانی پەكەكە و بەزاندنی خاكی هەرێمی كوردستان دەست پێ كردووە، كە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەك هاووڵاتی، هێزە سیاسییەكانی كوردستان داوا لە پەكەكە دەكەن بیانوو بە توركیا نەدات ئەجێنداكانی جێبەجێ بكات.
هەرێم جێگەی ئومێدی هەموو پارچەكانی تری كوردستانە
ئەمڕۆ یەكشەم، 21ی حوزەیران، عەبدوڵا وەرتێ، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو رووداوانەی ئێستە لە ناوچە سنووریەكانی كوردستان ڕوودەدات بەهۆی هێرشی توركیا بە بیانووی پەكەكە، مایەی نیگەرانییە، پاساو بۆ كوشتن و بەئامانجگرتنی هاووڵاتییان نییە كە ئێستە ئەوە دەگوزەرێت.

ئاماژەی كرد، شوێنی خەباتی پەكەكە دیارە كوێیە، هەرێمی كوردستان جێگەی ئومێدی خەڵكی كوردستانە و بووەتە پەناگە بۆ هەموو پارچەكانی كوردستان، بۆیە گرنگە هێزە چەكدارەكانی كوردانی پارچەكانی تر دۆخی هەستیاری هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگر،  هەرێمی كوردستان بووەتە پەناگەی تەواوی ئەو كوردانەی لە پارچەكانی تری كوردستان، بەهۆی نەبوونی ئازادی سیاسی لە باشووری كوردستان دەگیرسێنەوە.

لای خۆیەوە عادل مەلاساڵح، ئەندامی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، وەك حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان هەڵوێستێكی نیشتمانیانەمان هەیە و سەركۆنەی هەموو دەستدرێژییەك بۆ سەر هەر بستێكی خاكی پیرۆزی كوردستان دەكەین، توركیا هەمیشە پەكەكە بە بیانوو دێنێتەوە بۆ هێرشكردنە سەر كوردستان، بۆیە پێویستە پەكەكە بە جۆرێك مامەڵە بكات هیچ بیانووێكی یاسایی و سیاسی نەدات بە توركیا بۆ بەزاندنی خاكی كوردستان.

 ئاماژەی بەوەیش كرد، پەكەكە پێویستە خەباتی خۆی بگوازێتەوە بۆ مەیدانی ڕاستەقینەی خۆی، بۆ ئەوەی هیچ ڕژێمێك ڕێگە بەخۆی نەدات دەستدرێژی بكاتە سەر سنووری كوردستان.

 هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل