دوایین زانیاری سەبارەت بە سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا

:: PM:09:40:21/06/2020 ‌

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، هیچ زانیارییەك لەسەر هاتنی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا نییە و نازانرێت كەی ئەو سەردانە ئەنجام دەدرێت، ئەوەیش لەو كاتەی بڕیار بوو هەفتەی رابردوو شاندی هەرێم بچێتە بەغدا و دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم سەردانەكەی بۆ ئەم هەفتە راگەیاند.
كۆبوونەوەكانی شاندی سەرۆكایەتی هەرێم لە بەغدا بەردەوامن
فارس عیسا، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە شاندی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بەردەوامن لە كۆبوونەوەكان، تا ئەو سەردانە تەواو نەكرێت، نازانرێت كەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات.

زیاتر گوتی، هیچ نەگۆڕاوە و شتەكە وەك خۆیەتی، ئەوەی هەیە دەبێت گفتوگۆ بكەن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، بەڵام كاتی سەردانەكە دیاری نییە.

 لای خۆیەوە ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، هیچ زانیارییەك لەبەردەست نییە لە بارەی رۆیشتنی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و كاتی سەردان دیاری نەكراوە.

شایەنی باسە لە كۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئامادەن سەردانی بەغدا بكەن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستوور، بڕیار بوو هەفتەی رابردوو شاندەكە بچێتە بەغدا، بەڵام سەردانەكە بۆ ئەم هەفتەیە دواخرا.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل