پەیامی ئەمەریكا لە نێوان یاسای سیزەر لە سووریا و گفتوگۆی ستراتیجی لە عێراق

:: PM:07:47:22/06/2020 ‌

چوارشەمی رابردوو سزای نوێی ئەمەریكا لە چوارچێوەی یاسای قەیسەڕ، بەسەر رژێمی سووریا و ژمارەیەك كۆمپانیا و كەسایەتی پاڵپشت بۆ ئەو رژێمە هاتە سەپاندن، عێراق كە كەوتووەتە نێوان دوو وڵاتی سزادراو لەلایەن ئەمەریكاوە، خەریكی گفتوگۆیەكی ستراتیجییە لەگەڵ واشنتن، پەیامی ئەمەریكا لە هاوكاتی ئەو دوو رووداوە چییە؟
واشنتن دەیەوێ دۆخەكە راست بكاتەوە ناوچەكە وریا بكاتەوە
عەدنان ساڵحی، سەرۆكی سەنتەری موستەقبەل بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیجی بە "وشە"ی راگەیاند، یاسای قەیسەر یان سیزەر، كە بەناوی وێنەگرێكی سووری كراوە، پێشێلكارییەكانی سووریای وێنەگرتووە لە دەرەوەی ئەو وڵاتە بڵاوی كردوونەتەوە، ئێستە ئەمەریكا بەو ناوە یاسایەكی سزایی بەسەر سووریا و ئەوانەیشی پاڵپشتی و هاوكاری تەناهی و سەربازی و ئابووری دەكەن، جێبەجێ دەكات، پێم وایە یاساكە بۆ لێدان و كردنەئامانجە لە دوورەوە.

زیاتر گوتی، دوای ئەوەی ئەمەریكا وەك بوونی سەربازی لە گۆڕەپانی سووریا پاشەكشەی كرد، دەستی كردووە بە گرتنەبەری رێگەی كارتێكردن لەدوورەوە، ئەوە سوودی بۆی هەیە كاتێك زیانی گیانی نابێت و كاریگەریی ئەرێنیشی بۆی دەبێت، یاساكە هەموو ئەوانە دەگرێتەوە كە هاریكاری رژێمی سووریا دەكەن و ئابووری سووریایش رووبەڕووی كێشەی گەورە دەبێتەوە، لەپێشەوەیان بانكی ناوەندی سووریا، كە رۆڵی گەورەی لە سەقامگیریی بەهای لیرەی سووریدا هەیە، جیا لەوەیش چەندان كەسایەتی سووریا رووبەڕووی كێشەی دەبنەوە، ئەگەر بخرێنە ناو لیستی سزاكانەوە.

روونی كردەوە، بابەتەكە خنكاندنی رژێمی سووریا و ژمارەیەك كەسایەتییەكانە لە دەرەوەی ئەو وڵاتە، دیارە كە یاساكە بە پلەی دووەم دوای سووریا، ئێران دەكاتە ئامانج ئینجا رووسیا، هەرچی عێراقە تا ئێستە لە كاریگەرییەكانی دوورە، چونكە میزاجی ئەمەریكا ئێستە دەیەوێ پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق باشتر بكات، بەتایبەتی دوای هاتنی حكوومەتی مستەفا كازمی، دەستیان كردووە بە گفتوگۆكردن لەبارەی داهاتووی هێزەكانی ئەمەریكا.

"ئەمەریكییەكان نایانەوێ زیاتر لە بەرەیەك لە یەك كات بكەنەوە، واتە ئەوان لە یەك كاتدا هەڵمەتەكانیان لە دژی ئێران و سووریا و عێراق دەست پێ ناكەن، پێم وایە ئەمەریكا گرنگی بە عێراق دەدات و پێی باشە پێوەندی ئاسایی لەگەڵ هەبێت، بۆ ئەوەی بیكاتە بنكەیەك بۆ لێدانی ئێران و سووریا، ئەگەر بوونیان لە عێراق سیاسیش بێت، هاوكات عێراقیش دەستبەرداری پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا نابێت كە زۆر گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی كێشەكانی نێودەوڵەتی و ناوچەكە، بۆیە زەحمەت نییە بۆ عێراق كە هاوسەنگی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران رابگرێت، چونكە ئەوان هەردووكیان خواستی لێكگەیشتنیان هەیە لە هەندێك ناوچەی دنیادا"، ساڵحی وای گوت.

ئەو شارەزایە روونی كردەوە، ئێستە عێراق بواری هەیە بۆ نزیككردنەوەی ئەمەریكا و ئێران، كە پێشتر لبنان یان قەتەڕ ئەو رۆڵەیان بینیوە، ئەو رۆڵەی عێراق دەیەوێ بیبینێت، هەموو لایەنێكی نێودەوڵەتی و ناوچەیی پێی رازی نین، بۆیە كەسانێك هەن یارییەكە دەشێوێنن، وەك دەبینن ئەمەریكییەكان لەلایەنی سووریا دۆخەكە گرژ دەكەن، كەچی لەلایەنی عێراقییەوە هێوری دەكەنەوە، بۆیە پێم وایە پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بێ كێشە بەڕێوە بچێت، رەنگە هەندێك كێشەی ناوخۆیی هەبێت، بەڵام تێپەڕ دەبێت، لە تەواوكردنی یاسای دادگەی فیدراڵ و دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكە، بە كۆتاهاتنی ئەو پەتایەیش هەنگاوەكان خێراتر دەبن بەو ئاراستەیە.
سەرۆكی سەنتەری موستەقبەل ئاماژەی كرد، پێم وایە یاسای سیزەر ئەو دەستانە دەكاتە ئامانج كە دەیانەوێ پاڵپشتی حكوومەتی سووریا بكەن، هەوڵێكە بۆ خنكاندنی حكوومەتی سووریا، بە مەبەستی ملكەچكردنی بۆ پلانی ئەمەریكا، كە بریتییە لەوەی نابێت یاریزان لە یارگەكە بچێتە دەرەوە، ئێرانییەكان كۆنترۆڵی هەڵسوكەوتەكانیان بكەن، عێراقییەكان ببنە خاوەن دیموكراتییەتێكی راستەقینە، سوورییەكان پابەندی كۆنترۆڵكردنی دۆخی تەناهی بن لەسەر بنەمای یاسای دەستوەرنەدان لە هەندێك دۆسیە و ناوچەی وەك جۆلان و باكوری سووریا، پێوەستە بەتەواوەتی روو نەكەنە رووسیا، بۆیە ئەمەریكییەكان دەیانەوێ لە رێگەی یاساكەوە دۆخەكە راست بكەنەوە.

بەپێی ئەو شارەزایە، ئەمەریكا ئاماژە بۆ وڵاتانی تر دەكات، لەوانەیش توركیا و عێراقیش، ئەگەر گفتوگۆی ستراتیجی شكست بێنێت یان عێراق روو بكاتە لایەنی تر، دەتوانێت هەمان یاسا لە دژی ئەوانیش پێڕەو بكات، بەڵام ئێستە نا، چونكە تا ئێستە عێراق پێگەیەكی تایبەت لای ئەمەریكا هەیە و سەڕەڕای بوونی هەندێك كێشە، بەڵام ئەمەریكا هەلێكی باشی بە عێراق داوە بۆ بەهێزكردنی سیستمی دیموكراسی و دروستكردنەوەی هاوسەنگی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران، بۆیە پێویستە سیاسەتوانانی عێراق ئەو هەلە بقۆزنەوە، چونكە چیتر نابێت عێراق بەشێك بێت لە جەنگێك كە بەرژەوەندی تیادا نییە.      

شایەنی باسە ئەمەریكا هاوكات لەگەڵ سەپاندنی یاسای سیزەر، رای گەیاند كە ئەو سزایانەی لە چوارشەمی رابردووەوە بۆ سەر رژێمی سووریا و هاوكارانی دەستی پێ كردووە، سەرەتای هەڵمەتێكی بەردەوامە بۆ گوشارێكی ئابووری و سیاسی بۆ سەر بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا، بە مەبەستی وەستاندنی جەنگ لەو وڵاتە و پەنابردنە بەر رێگەچارەی سیاسی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل