كاتێك گوێت له‌ناوی میسڕ و فیرعه‌ونه‌كان ده‌بێ، ده‌سبه‌جێ هه‌ره‌مه مه‌زنه‌كان و تابڵۆ ناوازه و مۆمیاكردن و په‌یكه‌ری ئه‌بولهول و كیلۆپاترا دێنه‌وه یادت، به‌ڵام ئه‌وانه سه‌رجه‌م ئه‌و شتانه نین كه پێویسته له‌باره‌ی میسڕه‌وه بیزانین، یه‌كێك له دیارده سه‌یر و نامۆكانی میسڕی كۆن، بریتی بوو له په‌رستی پشیله‌كان، بۆچی پشیله‌یان ده‌په‌رست و ئاژه‌ڵێكی تر نا؟ نهێنی پشت دیارییكردنی پشیله بۆ په‌رستن چییه و بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
میسڕییه كۆنه‌كان هێنده پشیله له‌لایان پیرۆز و په‌رستراو بوو، كه له هه‌موو شتێكی تری ژیانیان به نرختر بووه، بۆیه پاراستنی پشیله‌كان و دابینكردنی باشترین خۆراك و ژینگه‌یه‌كی گه‌رم و نه‌رم بۆیان، كاری له پێشینه‌یان بووه، كاتێك له هۆكاره‌كه‌یشی ورد ده‌بیته‌وه، ڕه‌نگه له جۆرێك نوكته بچێت، به‌وه‌ی كه میسڕییه كۆنه‌كان بۆیه پشیله‌یان په‌رستووه، چونكه به سه‌رچاوه‌ی ڕزق و ڕۆزی و پاراستنی خێزانه‌كان دایانناون و ستایش و شكۆمه‌ندییان پێ به‌خشیون.
له میسڕی كۆن، كاتێك خانووێك ئاگری بگرتایه، یه‌كه‌م شت كه ده‌بوو هه‌وڵی ڕزگاركردنی بده‌یت، پشیله‌ی ماڵه‌كه‌ت بوو، دواتر ده‌بوو گرنگی به سامان و شته به نرخه‌كانی تری ناو ماڵه‌كه‌ت بده‌یت، ئه‌گه‌ر ماڵێك ئه‌و پشیله‌یه‌ی كه هه‌یان به‌هه‌ر هۆكارێك بمردایه، ئه‌وا ده‌بوو سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزانه‌كه برۆیان بتاشن و تا هاتنه‌وه‌ی مووی برۆكانیان به ته‌واوی، تازیه و خه‌مباری و شین و ڕۆڕۆ له‌و ماڵه كۆتایی نه‌ده‌هات.
له ڕاستیدا بۆ خه‌ڵكی خۆشباوه‌ری ئه‌وكات و دواكه‌وتوویی زانست و زانین، جۆرێك له ڕاستی له پشتی ئه‌م باوه‌ڕه‌وه هه‌بوو، چونكه به‌ر له‌وه‌ی میسڕییه‌كان گرنگی به پشیله بده‌ن و زۆرترین ڕێژه‌ی پشیله له وڵاته‌كه‌یان كۆ بكه‌نه‌وه، كێڵگه كشتوكاڵییه‌كانیان به ته‌واوی له‌لایه‌ن مشك و جرجه‌وه ده‌كران به وێرانه، ناوچه‌كه به گشتی ڕێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆری جرجی لێ بوو، كه ده‌چوونه ناو كێڵگه كشتوكاڵییه‌كان و به ته‌واوی وێرانیان ده‌كرد، ئه‌وه‌یشی كه ده‌مایه‌وه و خاوه‌نی كێڵگه‌كه لێی سوودمه‌ند ده‌بوو و له بازاڕ ده‌یانفرۆشت و ئه‌مبار ده‌كرا، مشك دووچه نێو ئه‌مباری ماڵه‌كانیان و سه‌رجه‌می خواردنه‌كانی نابووت ده‌كرد، كه ئه‌مه‌یش وای ده‌كرد، به‌رهه‌م ماندوویه‌تی جووتیاران و هه‌موو خه‌ڵكیش كه به‌روبوومه خۆراكییه‌كانیان ده‌كڕی به فیڕۆ بچێت.
پشیله كشتوكاڵ و خۆراكی میسڕییه‌كانیان له هێرشی جرج و مشك پاراست و ئه‌مه‌یش پیرۆزییه‌كی پێ به‌خشین
10 هه‌زار ساڵ پێش ئێسته‌یش شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی جرج ڕووی له وڵاته‌كه كردووه، له‌وكاته پشیله‌كان ڕۆڵی یه‌كجار گه‌وره‌یان بینیووه له پاراستنی خۆراك و ئاسایشی خۆراكی خه‌ڵكی میسڕ، چونكه ڕووبه‌ڕووی جرجه‌كان ده‌بوونه‌وه و ده‌یانخواردن، لێره‌وه پشیله‌كان جۆرێك له پیرۆزیان وه‌رگرت و ئه‌مه گه‌شه‌ی كرد، تا وای لێهات، هه‌موو ماڵێك له میسڕی كۆن چه‌ند پشیله‌كیان هه‌بوو و له خۆیان زیاتر خزمه‌تیان ده‌كرد و سه‌لامه‌تی پشیله‌كان له پێش سه‌لامه‌تی خۆیانه‌وه بوو.
به‌هۆی دروستبوونی ئه‌و پیرۆزی و باوه‌ڕه‌یش، بازرگانیان له ناوچه جیا جیاكانی تره‌وه به لێشاو پشیله‌یان بۆ میسڕ ده‌هێنا، چونكه پاره‌یه‌كی باشی ده‌كرد و خواستی زۆری له‌سه‌ر بوو، به‌مشێوه‌یه زۆرترین پشیله‌ی باكوری ئه‌فریقا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ئێسته له میسڕ كۆ ببوونه‌وه.
ئاینه جۆراوجۆره‌كانی میسڕ سوودیان له‌مجۆره پێوه‌ندییه‌ی نێوان مرۆڤ و پشیله وه‌رگرت و ئه‌و پیرۆزییه‌ی كه به پشیله‌كان درا، به‌هۆی ڕۆڵیان له پاراستنی كشتوكاڵ و خواردنه‌كانیان، له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه بۆ جۆرێك له په‌رستن و پیرۆزكردن بۆ ئاستی خواوه‌ند به‌رزكرایه‌وه، به‌وهۆیه‌وه چه‌ندان په‌رستگه‌ی گه‌وره بۆ پشیله‌كان دروستكراوه و هه‌زاران كاهین له سه‌رتاسه‌ری میسڕه‌وه خزمه‌تی پشیله‌كانیان ده‌كرد.
به‌هۆی پیرۆزی پشیله لای میسڕییه‌كان فارسه‌كان توانیان به كه‌مترین زیان میسڕ داگیر بكه‌ن، چونكه هه‌زاران پشیله‌یان خسته ڕیزی پێشه‌وه‌ی سوپاكه‌یان
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا پشیله له‌لایه‌نی رووحی و ده‌روونییه‌وه‌یش لای میسڕییه‌كان زۆر پیرۆز كرا، كاهینه‌كان ئه‌وه‌یان له هزری خه‌ڵك چه‌سپاند كه بینینی خه‌ون به پشیله‌وه، واته خواوه‌ندی ڕزق و ڕۆزی ده‌رگای خێر و به‌ره‌كه‌ت به ڕووی ئه‌و خێزانه ده‌كاته‌وه، ئیتر ئه‌مه‌یش بوو به پێوه‌ندییه‌كی رووحی پته‌و و پیرۆز.
په‌یكه‌رێكی گه‌وره‌ی نیوه
پشیله و نیوه له جه‌سته‌ی ژن به ناوی "باستیت" له میسڕ دروستكرا، ئیتر هه‌مووان كڕنووشیان بۆ ئه‌و په‌یكه‌ره ده‌برد و به خواوه‌ندی پارێزه‌ری ماڵ و سامانی میسڕییه‌كان داده‌نرا. سه‌ره‌ڕای ئه‌و سووده زۆره‌ی میسڕییه‌كان بۆ پاراستنی خۆراك له پشیله‌یان وه‌رگرت، به‌ڵام دواتر هه‌ر به‌هۆی پشیله‌وه تووشی شكستێكی گه‌وره بوو له جه‌نگی پیلوسیۆم كه له 525ی پێش زاینی له نێوان فارسه‌كان و میسڕییه‌كان به‌رپابوو، كه‌مبیزی دووه‌می پاشای فارس ده‌یزانی خۆشه‌ویستی میسڕییه‌كان بۆ پشیله هه‌موو سنوورێكی به‌زاندووه.
به‌وهۆیه‌وه فه‌رمانی به سوپاكه‌ی كرد، كه زۆرترین پشیله بگرن و له ڕیزی پێشه‌وه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕه‌كه داینان و فه‌رمانی به نیگاركێشه‌كانیش كرد، له‌سه‌ر زرێ و قه‌لغانی هه‌موو سه‌ربازه‌كانیش وێنه‌ی پشیله بكێشرێ، كاتێك سوپای فیرعه‌ون پشیله‌یان له ڕیزی پێشه‌وه‌ی سوپای فارس بینی، پاشه‌كشه‌یان كرد و چونكه به گوێره‌ی حوكمی ئه‌وكاتی میسڕ، هه‌ر كه‌سێك پشیله بكوژێت، ده‌سبه‌جێ ده‌بێ بكوژرێته‌وه و سه‌ری بپه‌ڕێنرێت، له‌به‌ر ئه‌وه سوپای فیرعه‌ون پاشه‌كشه‌یان كرد و ته‌واوی میسڕ كه‌وته ژێر ده‌ستی فارسه‌كانه‌وه.