دیاردەی كوشتن و رێنەگرتن لێی

AM:09:55:04/07/2018 ‌
یوسف لەتیف

هۆڵەندا زۆربەی گرتووخانەكانی خۆی داخست، هەرچەندە زۆربەیان گیراوی نەرویج و وڵاتانی دراوسێی تێدابوو نەك هۆڵەندایی، هۆیەكەیشی ئەوەیە مرۆڤگەلی وێندەرێ‌ ژیاندۆستن و كەس لەسەر مردنی بەرانبەری ناژی، راستە باری گوزەران و ژیان رێكخراوە و لەمێژە ئاسایییە، بەڵام ئەوە حەزی مرۆڤە نائاسایییە و وا دەكات شەڕانگێز بێت و هەڵپەی باشتر و باشتر دەكات، بەڵام باشترینیان ئەوەیە مرۆڤ جوان بژی و رێخۆشكەریش بێ‌ بۆ ئەوانی تر تا جوان و بە ئازادی بژین، بەمەرجێك ئازادییەكەت بەرانبەرت هەراسان نەكات و هیچ لێكەوتەیەكی خراپی بۆیان نەبێ‌. 
هەڵبەتە ئێمە نموونەی جوانی هۆڵەندامان باس كرد، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ژیان تێیدا بە جوانی رێكخراوە. هیچ شوێنێك وەك ئەم دەربەندەی ئێمە خەڵكی بە بەلاش تێدا ناكوژرێ‌ و خوێنی هاووڵاتییانی بە فیڕۆ ناچێ‌، لەگەڵ ئەوەی هۆكارگەلی زۆر هەن كە هەموویان هاوكارن بۆ درێژەپێدان و چەند پاتەبوونەوەی ئەو كردارە قێزەونە. 
یاسا هەیە، بەڵام جێبەجێكردنی قورسە و كەس خۆی خراپ ناكات. یاسا هەیە و سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان خۆیان كێشەكانیان لە دیوەخان یەكلا دەكەنەوە، یاسا هەیە و فەرمانبەری بەشی یاسایی هەڵە دەكات و وەك منەت بەسەر كۆمەڵگەوە لافی پێ لێ دەدا. یاسا هەیە و لە دووتوێی كتێبدایە و لەسەر رەفەكان هەڵچنراون. یاسا هەیە و بەردەوام ئەوانەی بەرهەڵستكارین كێشەكەیان بە ویستی خۆیان یەكلا دەكەنەوە.
خودایە ئێمە چ بوونەوەرێكین رۆژانە خەڵكی دەكوژرێ سەیری كێشەكانیان بكە:
 * منداڵەكە گەورەبوو هەقی باوكی كوژراوی سەندەوە، مەبەستی نەبوو دوو ژن و منداڵێكیش پێوە بوون.  
* تفەنگی پاك دەكردەوە و فیشەك لە دەستی دەرچوو.
* بە توندی هۆڕنی لێ دا و بە پێشی كەوت، ئیتر بوو بە شەڕیان و كوشتی.
* ئۆتۆمبێلەكەی لە بەردەرگەی ئەوان راگرت و بوو بە شەڕیان و كوشتی.
* خوشكەكەی تۆراو و زیز بوو، براكەی هەردووكیانی كوشت و هەڵات. 
* نەیویست ئۆتۆمبێلە نۆێیەكەی بچێتە سەر خۆڵ و ناچار ئەو گەنجەی كوشت.
* باوكی لەسەر زەوییەكە كوژرا، كوڕەكەی دەستڕێژی كردە ناویان لە كاتی نانخواردنی ئێوارە و تۆڵەی باوباپیریشی كردەوە.
* ئامۆزاكەیان لە بری وی كوشت.
* خوشكەكەیان كوشت و گوتیان پەرەمێز پێیدا تەقیوەتەوە.
ئەمانە مشتێكن لە خەروارێكی ئەو رووداوانەی لەم هەرێمەی ئێمەدا روو دەدەن. رۆژانە مردن و كوشتنی ئازاربەخش دەبینین و دەبیستین و دووبارە و سەد بارە دەبنەوە. مرۆڤ وەك مێش دەكوژرێ‌ و ئازار و بۆن و بەرامەكەیشی بەسەر هەمووماندا پەخش دەبێ‌. چەك بڵاوە و لە هەموو ماڵێكدا هەیە، ئەوانەی مافیانە چەكداربن هەیانە و پاش تەواوبوونی ئەركەكەیان چەكەكە هەر لایانە و دەیبەنەوە ماڵەوە و هی تریشیان هەر هەیە. ئەوانەی مافیان نییە چەك هەڵگرن هەر هەیانە و لە ماڵ و ئۆتۆمبێلدا بەردەوام هاوڕێیانە و خۆیان گوتەنی پشتە. خۆ لە خۆڕا نەهاتووە ئەو گوتە كوردییەی لە مێژە دەڵێ "چەك باشترین هاوڕێیە".
رێكنەخستنی ژیان، تێكڕژاوی خێزان و ناسەقامگیری سیاسی، كەڵەكەبوونی ئاژاوە و دەستبەتاڵی زۆر و مووچەی بەلاش و نادادپەروەری كۆمەڵایەتی و زۆربوونی منداڵ و سنووردار نەكردنی ژمارەی منداڵ و جوان پەروەردە نەكردنی، هۆكارگەلێكی زۆرن بۆ زیاتر ئاڵۆزبوونی ژینگە كۆمەڵایەتییەكە و هەڵشاخان بە یەكدا، لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە، یاسا وەك ئەوەی هەیە جێبەجێ ناكرێ‌ و رووپامایی و حزبایەتی و عەشایەری تەنگی پێ‌ هەڵچنیوە و پەراوێزی خستووە.
بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردە دزێوانەی ئێستە لە برەودایە، چی بكرێ‌ باشە؟ پێویستە دادگا سەربەست بكرێت و ئازادانە كاری خۆی بكات و ئەو كێشانەی پێوەستن بە زەوتكردن و بچڕانی ژیانی خەڵكەوە، یاسا بەسەر هەموویاندا بێ‌ جیاوازی جێبەجێ بكرێ‌. نابێت بە هیچ  شێوەیەك مافی گشتی لە دیوەخاندا پیاوەتی پێوە بكرێ‌. بۆ نموونە لەم رۆژانەدا لە هەولێر پێنج كەس لە شوێنی جیاواز بە هۆكاری جیاواز كوژراون، ئەمانە دڵەڕاوكەیان لەناو دانیشتووانی شاردا دروست كردووە، چۆن دەبێ بە سوڵحی عەشایەری كاتێك یەكتر دەبەخشن، تاوانبار باجی ئەو دڵەڕاوكێی كۆمەڵگە نەدات، ئەمە مافێكە كەس بۆی نییە بیبەخشێ و دەبێ لە گرتووخانە بیباتە سەر.
پێویستە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی زیاتر پاڵەپەستۆ بخەنە سەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن بۆ ئەوەی ئەو یاسایانەی هەن بەسەر هەموو تاوانبارێكدا جێبەجێ بكرێن. هەروەها لە پەرلەمان یاسایەك دەربكرێ كە بیسەپێنێت هیچ كات و بارودۆخێك ئەوانەی تاوان دەكەن بۆ سەر یەكتر و ماڵی گشتی، هیچ جۆرە لێبوردنێك نەیانگرێتەوە تا سزاكە بەسەر دەبەن.