یوسف له‌تیف
عێراق ئه‌و وڵاته‌یه كه رێژه‌ى گه‌نده‌ڵى تێیدا زۆره، وڵاتێكه كه هه‌رگیز بۆ ماوه‌یه‌كى درێژ ئارامى به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه، به پێى راپۆرتێكى ئه‌سۆشێیتدپرێس ئێسته دووه‌م گه‌نده‌ڵترین وڵاتى دنیایه، كه‌چى دووه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتى سه‌ر زه‌ویشه له ماده‌ى كانزاى ژێر زه‌وى، به مه‌رجێك به یه‌كه‌م وڵات داده‌نرێت كه ده‌توانرێ ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵى نه‌بێت، له ماوه‌ى ساڵێكدا ببێت به پێشكه‌وتووترین وڵاتى دنیا. داهاتى هاووڵاتییه‌ك بۆ سه‌رووى 16 هه‌زار دۆلار به‌رز بێته‌وه ئه‌گه‌ر یه‌كسانى جێى گه‌نده‌ڵى بگرێته‌وه.
عێراق به‌جۆرێك تێكشكاوه هه‌ستانه‌وه‌ى زۆر ئه‌سته‌مه، به جۆرێك ئه‌گه‌ر زیانه‌كانى شه‌ڕى داعش به‌راورد بكه‌ین به پێش هاتنی داعش، ده‌كاته 100 به‌رانبه‌ر. ته‌نیا به‌هۆى ئه‌و جه‌نگه‌وه له ماوه‌ى چوار ساڵ، عێراق كه‌وته ژێر قه‌رزى 132 ملیار دۆلارى ئه‌مه‌ریكى. پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا ده‌كرێت رێ له گه‌نده‌ڵی بگیرێت و عێراق ببێت به خۆشترین وڵاتی دنیا؟ له كاتێكدا خاكى شارى به‌سره به‌ته‌واوى دابه‌شى سه‌ر گرووپه‌كان كراوه، كه‌ركووكیش تا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى كورددا بوو دابه‌شى سه‌ر دوو حزب و ئێسته‌یش دابه‌شى سه‌ر ده‌یان گرووپى جیاواز كراوه، جگه له‌وه‌ى باكورى عێراق كه كوردستانه، به‌هۆى گه‌نده‌ڵییه‌كى زۆر، به‌شێكى زۆرى خاكه‌كه‌ى فرۆشراوه به‌و كۆمپانیایانه‌ى قه‌رزیان داوه به حكوومه‌ته كوردییه‌كه، بۆیه ئێسته سه‌راپاى عێراق ململانێ له‌سه‌ر پۆست ده‌كه‌ن و پۆستیش ته‌نیا بۆ گه‌نده‌ڵى و گیرفان پڕكردنه، باجى سه‌ره‌كیش خه‌ڵكه ده‌یدات.
ئێسته بۆ قازانجى زیاتر و په‌یداكردنى پاره‌ى زیاتر و داپچڕانى موڵكى زیاتر، بیر له دابه‌شكردنى عێراق ده‌كرێته‌وه، كۆمپانیا بهریتانیایییهكان ده‌ڵێن با ده‌وڵه‌تێكى شیعى له به‌سره هه‌بێت نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لاش بگرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى داهاته‌كه‌ى له ژێر ده‌ستى ئێمه‌دا بمێنێته‌وه، ئه‌مه‌ریكا رازییه و ده‌ڵێت با ده‌وڵه‌تێكى كوردیش هه‌بێت كه‌ركووكیش له ژێر ده‌ستى كۆمپانیاكانى ئێمه‌دا بمێنێته‌وه و داهاتى كه‌ركووك بۆ ئێمه بێت. به گرێبه‌ستێكى 100 ساڵیش داهاتى سلێمانى و هه‌ولێریش بۆ كورده‌كان بێت.
ئێسته ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه ناوچه سونییهكانن، توركیا داواى نه‌وتى مووسڵ ده‌كات، بۆیه سوپاى هاورد، فڕه‌نسا ده‌ڵێت ئێمه رازین ده‌وڵه‌تێكى سوننه هه‌بێت به مه‌رجێك ناوچه نه‌وتییه‌كان له ژێر ده‌ستى ئه‌واندا بێت. ماوه‌ته‌وه رووسیا داواى ته‌واوى خاكى سووریا و به‌شى گرنگى ته‌رتووس ده‌كات، بۆیه ئه‌م سه‌رچاوه‌یه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه هه‌موویان كۆكن و رازین له‌سه‌ر كه‌وتنى ئێران، چونكه كاره‌ساته‌كه له‌وێوه ده‌ست پێ ده‌كات، ئاخۆ دواى ئه‌م دابه‌شكارییه عێراق باشتر ده‌بێت یان به‌ره‌و ماڵوێرانیی زیاتر ده‌ڕوا .
ئه‌مانه نه‌خشه‌ڕێى ئه‌و كۆمپانیایانه‌یه كه گرنگییان هه‌یه له‌ناو دروستكردنى بڕیاری وڵاتانی زلهێز، ده‌بێ ئه‌و راستییه‌ش بسه‌لمێنین كه عێراق له ساڵى 2003وه هیچ نییه و هیچ شتێكیشى به ده‌ستى خۆى نییه و هیچ له‌و گرووپانه‌ى ئێسته له گۆڕه‌پانى سیاسیى عێراقدا بوونیان هه‌یه، جگه له به‌رژه‌وه‌ندى و كلكایهتییان بۆ وڵاتان، هیچیان بۆ عێراق پێ نییه، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌م دابهشكرایهش سه‌ر نه‌گرێ، ئه‌وا به دڵنیایییه‌وه به جۆرى تر و شێوازى تر و شه‌ڕێكى تر دابه‌ش ده‌بێت و ده‌بێته سه‌رچاوه‌ى خێر بۆ ئه‌وانه‌ى قورسایییان هه‌یه له ناوچه‌كه‌دا و به‌هێزن، بۆیه ناكرێ له كه‌شێكى وه‌ها غه‌ریبدا بخوازى ده‌وڵه‌تێكى مۆدێرن و دیمو‌كراتى و پڕ داهاتت هه‌بێ، نه ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌كه ئه‌وه‌ى لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، نه خه‌ڵكه سهرلێشێواوهكهشى ده‌توانێ خۆى داماڵێت له‌و رابردووه خۆڵاوییهى كه خنكاندوویهتى.
ته‌نیا چاره سێیه‌میانه كه بێن و چاره‌نووسیان بۆ بنووسنه‌وه. ره‌نگه له‌وه‌یاندا هه‌م ئارامى و هه‌م هه‌ندێ ژیانیان بۆ فه‌راهه‌م بێ، ده‌نا ئه‌م گه‌نده‌ڵى و ئینتیمایه‌یان بۆ ئه‌م و ئه‌و له‌مه باشترى لێ چاوه‌ڕوان ناكرێ، بۆیه چه‌ند زووتر لایه‌نى سێیه‌م بێت دره‌نگه، چونكه ئه‌وه‌ى هه‌یه جگه له عێراق، له قوتووى هیچ عه‌تارێكدا بوونى ئه‌و جۆره حوكمه نییه، كۆمه‌ڵێ مه‌زه‌و به كۆمه‌ڵێ چه‌كدار و ئینتیمای ئه‌ملاو ئه‌ولای ده‌ره‌كییه‌وه قیت بوونه‌ته‌وه و ناوى خۆیان ناوه حوكم، چونكه كه‌سیان بۆ یاسا و وڵات و بنیاتنان نین و ناشبێ لێیان چاوه‌ڕوان بیت.