چەند سەرنجێک

AM:11:17:23/02/2024 ‌
من هیچ لە مەلا بەختیار تێناگەم، ڕۆژێك فوول مسوڵمانە، ڕۆژێك فوول مولحیدە، نازانی لەسەر دینی محەمەدە، دینی عیسایە، مووسایە، لەسەر ئاینی ماركس و لینینییە، چەپە، سیكۆلارە، دیندارە، بێ دینە، دنیاییە، قیامەتییە، وەلحاسڵی كەلام هەر وا دەكەی تەقولبابم لێ دەكاو دەڵێ یان كرێ زیاد كە یا چۆلی كە
‎_ مەلا بەختیاری ساحێب خانوومان دەڵێم.

‎ئاگادار بە، ئەگەر لە کاتی قسەكردنتدا  هاوڕێكەت زەین و هۆشی لای تۆ نەبوو، لێوەكانی خونچە كردبوو، چاوەكانی بەدیار شاشەی مۆبایلەكەیەوە دەرپۆقیبوو، شاگەشكەیی پێوە دیاربوو، ئەوا بزانە تۆی خستتووەتە تەڵەو خەریكە قسەكانت ڕیكۆرد دەكات و هەرچیت گوتووە هەمووی تۆمار كردووە. لە بیرت بێ ئێمە لە سەردەمی تەكنەلۆژیا و خیانەت و بێ وەفاییدا دەژین.

‎كورد وایە، هەركە مانگی ڕەجەب هات بەسەر شەعباندا باز دەدا و پێشوازی لە مانگی ڕەمەزان دەكات، كە ڕەمەزانیش هات و گەیشتە نیوەی، گۆرانیەكەی ئەلویداعی بۆ لێدەدا و ماڵئاوایی لێ دەكا.

‎ئەگەر رۆژێك لە هەولێر خۆپیشاندان بكرێ، ئەوا دەبێتە هەواڵ
‎ئەگەر ڕۆژێك لە سلێمانی خۆپێشاندان نەكرێت، ئەوا دەبێتە هەواڵ
‎_ لە وتەكانی ئیفلیج پاشای ڕۆشنبیریی_

‎زۆرن ئەوانەی بۆ گوزەرانی ژیانی دنیایان مووچەخۆری حزبێكی عەلمانیین و بۆ قیامەتیشیان هاوسۆزی حزبێكی 
‎ئیسلامیین.

‎پێكەوەژیان لە چێشتی مجێور دەچێ. كفتەو دۆڵمە و ترش و برنج و قەرەخەرمان و شۆربانیسك و ئەنواعی چێشت لەناو یەك مەنجەڵدایە، كەچی نە لە تام و نە لە شێوە وێك ناچن و قەتیش تێكەڵ نابن.

‎لە ماڵی خۆیان نۆ كەسن و هەر نۆ كەسیان هەریەكەو مۆبایلی خۆی هەیە و لەگەڵ هەموو فەرزێكدا هەر نۆ مۆبایلەكە دەبێتە گەڕەلاوژێیان و لەگەڵ مەلا، هەریەكە و بە ئاوازێك بانگ دەدەن، كەسیشیان نوێژ ناكات.

‎لانیكەم هەفتەی جارێك لە چێشتخانەكەی سێڕیانی (هەولێر-بەغدا-سلێمانی) ڕێكەوتی یەكدی دەكەن. شاندی مووچەی ئەمان لە بەغداوە بەرەو هەولێر دێتەوە و، سەرۆك حزبی ئەوان لە سلێمانییەوە بەرەو بەغداد دەچێ.

‎-ته‌یف سامی، مردووی مرێ، هێندەی ڕادەكێشێ، ئای بیلامەعنا درێژ دەبێتەوە، ئای درێژ دەبێتەوە.-مانگ-ی مووچە دەڵێم

- سەرۆك كۆماری ئێستەی عێراق خراپ دەركەوێ، پارتییە
‎باش دەركەوێ، یەكێتییە 
شێوەی داڕشتنی هەواڵەكان وا دەڵێ.