نیھاد جامی/ پۆلەندا
دیمه‌نی یه‌كه‌م
"سێ ئه‌كته‌ر له‌به‌رده‌م بینه‌ران ڕاده‌وه‌ستن"
یه‌كه‌م: به‌خێر بێن
دووه‌م: ڕۆژی شانۆتان پیرۆز
سێیه‌م: "سه‌یری دووه‌م ده‌كات و پێده‌كه‌نێت" بۆ شانۆ ماوه تا ڕۆژیی هه‌بێت
دووه‌م: جا چیه باپیره‌شم نه‌ماوه، هه‌موو ساڵێك یادی ده‌كه‌ینه‌وه.
سێیه‌م: یادی كێ؟
یه‌كه‌م: ئه‌رێ ده‌بیبڕنه‌وه
سێیه‌م: زۆر باشه، "بۆ دووه‌م" فه‌رموو خه‌ریكی ڕۆژی شانۆكه‌ت به.
دووه‌م: ئێمه له‌م ڕۆژه ده‌مانه‌وێ ژیانی خۆمان بكه‌ین به شانۆ.
یه‌كه‌م: تكایه با كه‌س توڕه نه‌بێت
سێیه‌م: به پێچه‌وانه‌وه تخوا توڕه بن، هه‌ر قسه‌مان ماوه ئه‌وه‌ش نه‌كه‌ین.
یه‌كه‌م: ئێمه له‌سه‌فه‌رێكی چه‌ندین ساڵه گه‌ڕاوینه‌ته‌وه، هه‌ر یه‌كه‌مان له شارێك بووین.
دووه‌م: باشتر وایه سه‌ره‌تا هه‌ریه‌كه‌مان باس له‌و شاره بكه‌ین كه لێی هاتووین.
سێیه‌م: من له‌شارێكی خه‌یاڵیه‌وه هاتووم ته‌واوی شاره‌كه كه‌ڕ بوون هیچیان نه‌ده‌بیست.. بۆیه قسه‌ت بكردبا و نه‌كردبایه وه‌ك یه‌ك بوو چونكه سه‌ره‌نجام كه‌س گوێی لێت نه‌ده‌بوو.
دووه‌م: "بۆ یه‌كه‌م" فه‌رموو به‌ڕێزتان قسه بكه‌ن
یه‌كه‌م: ئه‌و شاره‌ی من لێی هاتووم له‌قسه‌كردندا كێشه‌ی نه‌بوو.. به‌ڵام هه‌مووان كوێر بوون، كه‌س هیچی نه‌ده‌بینی، له‌وێ ده‌بوو منیش وه‌ك ئه‌وان كوێر بم، پرسیار له كوێریم مه‌كه‌ن، كوێرم و ته‌واو.
دووه‌م: من چاوم ساغه، به‌ڵام له‌وێ لاڵ بووم، چونكه هه‌موویان زمانیان ده‌ركرابوو، قسه‌ش بكه‌م كه‌س تێم ناگات، ده‌نگم گوزارشت له ناخم ده‌كات، به‌ڵام كێشه نیم.
دیمه‌نی دووه‌م: شاری كوێره‌كان
"دوو كوێر هه‌ریه‌كه‌ی به‌ڕێگایه‌كدا ده‌ڕۆن، له‌رێگه‌ی گۆچانه‌كانی ده‌ستیان هه‌ست به‌یه‌كتری ده‌كه‌ن"
یه‌كه‌م: كه‌ی ڕۆژ ده‌بێته‌وه؟
سێیه‌م: كه‌سێك هه‌یه له‌م تاریكیه ده‌رمبكات؟
یه‌كه‌م: ئێره تاریك نیه، به‌ڵام شه‌و نابێته‌وه.
سێیه‌م: "هه‌ست ڕا ده‌گرێت" له‌وه ده‌چێت كه‌سێك بۆ ئێره بێت
یه‌كه‌م: كه‌س لێره نیه.. هیچ غه‌ریبێك ڕێی ناكه‌وێته ئێره
سێیه‌م: من غه‌ریبێك بووم هاتمه ئێره
یه‌كه‌م: ڕۆژیش هه‌ڵبێت غه‌ریبه‌كان هه‌ر ناتوانن هیچ ببینن.
سلێمانی: دوێنێ شه‌و له مۆزه‌خانه‌ی شاردا دوای قه‌ڕنێك به‌سه‌رر مردنی، پیاوه گه‌وره‌كه‌ی شارم بینی هاتبۆوه، سه‌یری ده‌ستنووسه‌كانی ده‌كرد، به‌ناو په‌یكه‌ره‌كان تێده‌په‌ڕی.. كه‌مێك به‌سه‌ر ئه‌لبومی وێنه‌كانی خۆیه‌وه دانیشت، خه‌می بۆ وێنه‌كان ده‌خوارد.
یه‌كه‌م: ئه‌وه تۆ ترساویت
سێیه‌م: نا ئه‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه! من خۆم بینیم، وتی له‌نیوه شه‌وان هه‌موو ده‌رگا وكۆڵانه‌كانی ئه‌و شاره به‌سه‌ر ده‌كه‌مه‌وه، ده‌یووت: بێ ئێره ناتوانم بژیم.
"بێده‌نگی"
ئه‌وه‌تا ده‌ركه‌وته‌وه
یه‌كه‌م: ووسبه!
"كه‌سی دووه‌م ده‌رده‌كه‌وێت، شانی كه‌سی یه‌كه‌م ده‌گرێت"
دووه‌م: تۆ باشی؟
یه‌كه‌م: تۆ.. تۆ كێی؟
دووه‌م: مه‌ترسه.. شتێك نیه لێی بترسی
سێیه‌م: من جێتان دێلم تا به ئیسراحه‌تی خۆتان قسه بكه‌ن
دووه‌م: نا تۆش لێره به
یه‌كه‌م: تۆ؟ تۆ ئه‌ویت؟
دووه‌م: نا من تۆم
یه‌كه‌م: منیت؟
دووه‌م: نامبینی؟ باوه‌شم پیا بكه
سێیه‌م: ئێمه كوێرین چۆن تۆ ببینین
دووه‌م: كه‌و‌اته با بچینه شاره‌كه‌ی تۆ تا كوێر نه‌بین
یه‌كه‌م: به‌ڵام له‌وێ هیچ نابیستین
سێیه‌م: خۆ ئه‌بینین
دیمه‌نی سێیه‌م: له‌شارێكی كه‌ڕدا
"هه‌رسێ ئه‌كته‌ره‌كه بازنه‌یه‌ك درووست ده‌كه‌ن، به‌بێ گوێدانه یه‌كتری قسه ده‌كه‌ن، هه‌ریه‌كه‌یان ڕۆژنامه‌یه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌یه، هه‌واڵی گرنگ بۆ یه‌كتری ده‌خوێننه‌وه"
سێیه‌م: ئاپارتمانێكی نوێ ده‌كرێته‌وه
دووه‌م: كێشه‌ی مووچه چاره‌سه‌ر ده‌بێت
یه‌كه‌م: سه‌رۆك له خه‌می كه‌ڕبوون وگوێیه‌كانی ئێمه‌دا ئه‌مشه‌و ووتارێكی گرنگ پێشكه‌ش ده‌كات
"هه‌ر یه‌كه سه‌یری بینه‌ران ده‌كات، ڕۆژنامه‌كانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه له‌شێوه‌ی هاواركردنن ده‌میان كراوه‌ته‌وه"
دیمه‌نی چواره‌م: ئێمه زمانمان بڕا
هه‌رسێ ئه‌كته‌ره‌كه هه‌ست ڕاده‌گرن، گوێیان له‌ده‌نگی باڵنده ده‌بێت.. هه‌ست به مۆسیقا ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ڕیتمی ده‌نگه‌كان ده‌كه‌ونه سه‌ماكردن، به‌ڵام كاتێك ده‌یانه‌وێ قسه بكه‌ن، زمانیان له‌گۆ ده‌كه‌وێت ولاڵ ده‌بن، ته‌نیا ده‌نگه ده‌نگێك ده‌رده‌بڕن، كه كه‌س تێ‌یان ناگات، ئه‌وان له مرۆڤی نیاندرتاڵ ده‌چن.
دیمه‌نی پێنجه‌م و كۆتایی: لێره‌وه جێتان دێلین
هه‌رسێ ئه‌كته‌ره‌كه وه‌ك دیمه‌نی یه‌كه‌م وه‌ستاون
یه‌كه‌م: ئێمه له‌سێ شاری خه‌یاڵی جیاواز بووین
سێیه‌م: گه‌ریده‌ی شاره نه‌بینراوه‌كانین
دووه‌م: هه‌ریه‌كه‌مان به‌ره‌و شارێك سه‌فه‌رمان كردبوو.. لێره له ڕۆژی شانۆ یه‌كمان گرته‌وه
یه‌كه‌م: چیرۆكی شاره خه‌یاڵیه‌كانمان له ڕۆژی شانۆدا گێڕایه‌وه
سێیه‌م: ئێمه گه‌ڕاینه‌وه ناو گێڕانه‌وه
دووه‌م: ببورن بیرمان چوو خۆمان به ئێوه بناسێنین
یه‌كه‌م: ئێمه كێین؟
سێیه‌م: ئێمه چی بووین؟
دووه‌م: له چ داهاتوویه‌كداین؟
یه‌كه‌م: ئه‌وانه‌ین نه‌وێراین بڕۆینه ده‌ریا
سێیه‌م: سیخوڕ نه‌بووین.. بكوژ نه‌بووین
دووه‌م: له‌ڕۆحی ئێمه جگه له شانۆ هیچیتر نیه
یه‌كه‌م: شانۆكانمان مه‌شێوێنن
سێیه‌م: ته‌نیا جوانیه زاتیه‌كانمان ماوه تخوا مه‌یبه‌ن ولێمانگه‌ڕێن
دووه‌م: ئێمه نه‌وه‌ی خه‌یاڵین
سێیه‌م: له‌خه‌یاڵدا جوانتر ده‌بین
یه‌كه‌م: نایه‌ینه دنیای ناشیرینتانه‌وه
دووه‌م: تۆ سه‌رۆك
سێیه‌م: تۆ جه‌للاد
یه‌كه‌م: تۆ پیاوكوژ
دووه‌م: له‌خۆمدا سه‌رۆكم كوشت
یه‌كه‌م: له‌مندا پیاوكوژ مرد
سێیه‌م:
جه‌للادێك له‌ناخمدا نه‌ماوه
"ئه‌وان دڵخۆشن، سه‌مایه‌كی گوزارشت ئامێز ده‌نوێنن كه زیاتر له سه‌مای سۆفیگه‌ره‌كان ده‌چێت.. له جوله ناكه‌ون، تا ئه‌و كاته‌ی سه‌ر شانۆ ته‌واو تاریك ده‌بێت".