كوردستان بەرەو سەقامگیری

PM:03:17:26/07/2021 ‌
ساڵانێكە ئەم باڵەی ناو یەكێتی كە پێكدێت لە لاهوور و براكانی و بەرپرسە حزبی و حكوومی و سەربازییەكانی لایەنگریان، بەتەواوی بوونەتە گرفت و سەرئێشە بۆ كوردستان بەگشتی و دەڤەری سلێمانی بەتایبەت. بەردەوام ئەم باڵە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن و خەمخۆری خەڵك و فریادڕەسی هەژار و كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوان و خەڵك لە قەڵەم دەدا. بەڵام لەژێر چەتری ئەم دروشمانەدا دەرفەتیان دەقۆستەوە و هەرچی كاری نەشیاو و خراپ هەیە، شەرعییەتیان پێ دەدا و تەواوی خەڵكیشیان چەواشە دەكرد.

لە ماوەی دەركەوتنی ئەم باڵە ئاژاوەگێڕەدا، هەرچی كاری بێسەروبەر و نایاسایی و قۆرخكاری و قاچاخچێتی و بەهەدەردانی داهات و سامانی خەڵك، دروستكردنی كەشێكی نالەباری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و هێنانی خواردن و دەرمان و سووتەمەنی و ئۆتۆمبێلی خراپ، هێنانی مۆدێلیست و پیاوخراپ و ئاژاوەگێڕ و دروستكردنی میدیاكار و پەیچ و كەناڵ و سایتی فریودەر و چەواشەكار، بۆ مەرامی خۆیان ئەنجام دەدا.

بێگومان ئەم بێ سەروبەری و بێ یاساییەی دروست بووبوو، خەڵكی هەلپەرست و لۆمپن و نزم و ئاژاوەگێڕ و دووڕوو، سوودیان دەبینی و قازانجیان دەكرد، بەردەوام شەڕ و ئاژاوە و بێ یاسایی و كوشتوبڕ و سەرانەوەرگرتن و قاچاخچێتی و ساختەكاری و تاڵانی و فرەكوێخایی، بەرپا بووبوو. بەڵام لە دوای ڕووداوەكانی سەرەتای ئەم مانگەوە، مرۆڤ وا هەست دەكات ئارامی و سەقامگیرییەك باڵی بەسەر كوردستاندا كێشاوە، خەڵكەكەی مۆتەكەیەكیان لە كۆڵ بووەتەوە و بەرەو كەناری ئارامی دەچن، كوردستان و حكوومەتیش بەرەو سەقامگیری و ئاوەدانی و پێشكەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێن. وەك بافڵ تاڵەبانی گوتی، ئەو گرووپە بە ئەنقەست نەیاندەهێشت لە سلێمانی پڕۆژە بكرێت بۆ خزمەتی خەڵك.

ئەو كەسانەی نیگەران و زیانمەندن بە كەوتنی ئەم باڵە، كەسانی هەلپەرست و قاچاخچی و بەرژەوەندیخوازن، نەك كۆبوونەوەیان لەسەر بنەمای بیروباوەڕ و پڕۆژە بووبێ، دوا بەدوای ئەوەش ئەوانەی دەرەوەی یەكێتین كە تابووری پێنجەمی ئەو باڵە بوون و ئێستە ئازاریان پێ گەیشتووە، شین و پرسەیانە.

بێگومان هەوادار و لایەنگرانی ئەم باڵە نیگەرانن


ئەگەر زیاتر ڕۆ بچمە ناو بابەتەكەوە، بێگومان هەوادار و لایەنگرانی ئەم باڵە نیگەرانن، دوای ئەوەش بە دیاریكراوی كۆمەڵی دادگەری بە گشتی و چەند ئەندامێكی دیاریان بە تایبەتی كە زۆر پێی نیگەرانن، پاڵەوانی سەر شاشە و مووچەخۆری ئەم باڵە بوون، هاوكات پشتگیر و پاڵپشتیان بوون و بەناوی خودا و ئاینەوە قسەیان بۆ خەڵك دەكرد، بەڵام ئێستە چوونەتەوە قەوخی خۆیان و لە سوڕی متبووندان، چونكە هەم پارەی دزراو و هەمیش ناوبانگیان لە دەست دا.

 ئەو كەس و هەڵسووڕاوانەی خۆیان بە گۆڕانخواز و چاكساز دەزانی و ڕێككەوتنیان لەگەڵ ئەنجامدان، خۆیان و حزبەكەیان ڕادەستی ئەو باڵە كرد و شانازییان پێوە دەكرد و شاییان دەگێڕا، ئەمانیش تێكەوتن. ئەو بەناو ڕۆشنبیر و نووسەر و مەلا و ڕۆژنامەنووس و كەمپینچی و پەیجەوان و هونەرمەند و بازرگان و پەرلەمانتارانەیشی بەردەوام بە دەهۆڵی ئەم باڵە هەڵدەپەڕین، هەڵمەتی پروپاگەندەیان دەڕازاندەوە دژی حكوومەت و پارتی و كوردستان، كۆستیان كەوت. بۆیە ئێستە هەموویان چوونەتەوە كونی خۆیان و لە شەرمەزاریدا سەر دەرناهێنن. 

ئەم چین و توێژە هەلپەرست و بێ مۆڕاڵانە بوون، كۆمەڵگەی كوردستانیان تێك دەدا و مانا و واتایان بۆ هیچ شتێك نەدەهێشتەوە، خۆفرۆشی و پارە پەیداكردنیان خستبووە پێش ئاین و  باوەڕ و مۆڕاڵ و هزر. دواجار ئەم ڕووداوانە ئەوەمان پێ دەڵێن كە سیاسەت بە قین و دڵپیسی و هەڵچوون و پەرچەكرداری هەرزەكارانە، كڕینی خەڵك و پەیج و دروستكردنی ئاژاوە و خۆسەپاندن و خاكفرۆشی و یاریكردن بە ژیان و قووتی خەڵك و موزایەدە و چاڵهەڵكەندن بەرانبەر وڵات و خاك و خەڵك، تەنانەت دەركەوت بۆ ناو خێزانەكەیشیان بەڕێوە ناچێت، ئەمە هەر تڕەكەڵەكە و لە شوێنێكدا دەڕووخێ.