كۆڵبه‌ریی چه‌مكێكی كۆلۆنیالیستییه كه به‌سه‌ر كوردستان سه‌پێنراوه، وه‌ك چۆن سوختبه‌ری (واته بردن و قاچاخكردنی سووته‌مه‌نیی وه‌ك نه‌وت و ... له ئاستێكی بچووك به ماتۆڕ یان به كۆڵ) چه‌مكێكی كۆلۆنیالیستی و داگیركه‌رانه‌یه كه به‌سه‌ر به‌لووچه‌كاندا سه‌پێنراوه، فۆرمۆله‌بوونی ئه‌م چه‌مكانه به بێ باسكردن و هه‌بوونی دۆخێك، به ناوی كوردبوون یان به‌لووچبوون ناپۆڕێت. من لێره‌دا ده‌په‌رژێمه سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی كه له سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌م و له شه‌ڕی چاڵدێران به‌ملاوه، به‌سه‌ر كورددا سه‌پێنراوه و به ناوی لۆزان و سایكس پیكۆدا هاتووه و جۆرێك له سیستمی ئابووریی دروست كردووه، كه مرۆڤی كورد له‌سه‌ر جیۆگرافیا و خاكی باب و باپیرانی خۆی وه‌ك كۆیله و كۆڵكێشی داگیركه‌ران و خه‌ڵكانی بیانی ژیانی بباته سه‌ر.
كاتێك ده‌ڵێین كۆڵبه‌ری چه‌مكێكی كۆلۆنیالیستییه و پێوه‌سته به دۆخێكی دیاریكراوی جیۆپۆله‌تیكی-سیاسییه‌وه، واته له ناو خانه‌ی ئابووریی سیاسی‌دا جێی ده‌بێته‌وه، واته ئێمه باسی كۆڵبه‌ر وه‌ك ناو و تاكه‌كه‌س ناكه‌ین، به‌ڵكو وه‌ك دیواری پشته‌وه‌ی ئابوورییه‌كی چه‌وسێنه‌ر قسه ده‌كه‌ین كه خزمه‌تی كۆیله‌دار و داگیركه‌ر ده‌كات، خاڵی جێی سه‌رنج ئه‌مه‌یه كه كۆیله‌دار و چه‌وسێنه‌ر ده‌ست ده‌كاته‌وه، له كۆڵبه‌ر ده‌كوژێت، ده‌یچه‌وسێنێته‌وه، حه‌قی عاره‌قه‌ی ناوچه‌وانی به ده‌یان قات كه‌متر ده‌داتێ، ده‌یخاته دووڕیانی مه‌رگ و ژیانه‌وه، به‌ڵام به‌و حاڵه‌شه‌وه هه‌ر ده‌ستی لێ ده‌كاته‌وه، به فیشه‌ك ده‌یپێكێت، داركاریی ده‌كات و كوشتنیشی ده‌كات به دیارده‌یه‌كی ڕۆژانه و ئاسایی.
ئه‌م پرۆسه و پیلانه بۆ دروستكردنی هاوكێشه‌یه‌كی سایكۆلۆجییه كه به كۆڵبه‌ر بڵێت، هه‌م مه‌رگ و هه‌م ژیانت له ژێر ده‌سه‌ڵات و هێزی مندایه. ئه‌مه درێژكراوه‌ی هه‌مان هاوكێشه‌ی دیسپۆتیزم یان خان و ڕایه‌ت یان به ده‌ربڕینێكی تر، خودایی و به‌نده‌یه كه لێره‌دا به‌هۆی پێگه و هێزێكه‌وه كه داگیركه‌ر هه‌یه‌تی، خۆی وه‌ك خودا و ئه‌وانی تر وه‌ك به‌نده و ژێرده‌ست دیاری كردووه، له‌و ڕێیه‌شه‌وه كۆنترۆڵی بوون و ژیان و مان و مه‌رگیان ده‌كات.
واته كۆڵبه‌ر لێره‌دا ده‌بێت به میتافۆڕێك بۆ دۆخێكی مێژوویی كه هاوكات هه‌ڵگری ڕه‌هه‌ندی سیاسی، ئابووری و نه‌ته‌وه‌ییشه و كۆڵبه‌ران قوربانییه سته‌ملێكراو و داماوه‌كانی پانتای بوونی كوردن، به‌ڵام كۆڵبه‌ری میكانیزمێكی ده‌ره‌كی و له‌سه‌ر بنه‌مای ئابووریی سیاسی و هاوكێشه‌ی خودا_به‌نده و ناوه‌ند_په‌راوێزه، له‌م هاوكێشه‌یه‌دا هیچ به‌زه‌یی و سۆزێكی مرۆڤانه له ئارادا نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه قازانج به هه‌موو ماناكانێتی. كۆڵبه‌ر لێره ته‌نیا سووتماكی ئه‌و ئاگره‌یه كه جه‌سته‌ی داگیركه‌ر و چه‌وسێنه‌ر گه‌رم دادێنێت، بۆیه ده‌بێت بزانین كۆڵبه‌ر چه‌نده سته‌ملێكراو و جێی به‌زه‌ییه، دوو ئه‌وه‌نده‌ش گوزارشت له دۆخێكی سامناكی دژه مرۆیی و دژه كوردی، ده‌رخه‌ری ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی داگیركاری و داگیركراوییه كه هه‌موو جومگه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بۆ چه‌ندان سه‌ده‌یه، به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر كردووه‌ته ئامانج و ده‌یكات.
شتێكی دژواز و هاوكات جێی تێڕامانه كه كۆڵبه‌ری له كاتێكدا نیشانه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی داگیركراوی و ئه‌و هه‌ڵپه‌یه‌ی ئابووریی سیاسییه به‌سه‌ر جه‌سته و جیۆگرافیایه‌كی له‌توپه‌تكراو و دابه‌شكراو، گاڵته‌كردنێكی نه‌خوازراو و كۆنترۆڵنه‌كراویشه به‌و سنووره ده‌ستكردانه‌ی كه به‌سه‌ر دانیشتووانی ئه‌م جیۆگرافیا له‌ت و پارچه‌كراوه‌دا سه‌پێنراوه، بۆیه دژواز و ناته‌ندروستانه دێته به‌رچاو كه بڵێم كۆڵبه‌ری، جۆره گورزكێشانێكه به مێشكی ئێمه و به مێشكی داگیركه‌ریشدا كه ئێمه له هه‌ر حاڵه‌تێكدا بێت، هه‌ناسه ده‌ده‌ین و سیزیف ئاسا كۆڵ ناده‌ین و ئه‌م به‌رده گه‌وره‌یه هه‌ر ڕۆژه و هه‌رجاره ده‌به‌ینه سه‌ر ترۆپكه‌كه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه ده‌زانین به‌ر ده‌بێته‌وه و ده‌بێت دیسانه‌وه له‌سه‌رڕا ده‌ست پێ بكه‌ینه‌وه.
بێگومان ئه‌م گوزارشت و گێڕانه‌وه‌یه هیچ كات به‌و واتایه نییه كه نه له دۆزی كۆڵبه‌ری به‌رگری بكه‌م و نه وه‌ك بابه‌تێكی ئاساییش دددانی پێدا بنێم، به‌ڵكو ده‌ڵێم ئه‌م دیارده سه‌پێنراوه، پریشكی ته‌قینه‌وه‌كه‌شی به‌ر چاوی داگیركه‌ریش له هاوكێشه و هه‌لومه‌رجی تردا ده‌كه‌وێت. دواجار مه‌به‌ستمه بڵێم دۆزی سه‌رمایه‌داریی سه‌رده‌م كه له‌گه‌ڵ خواستی فاشیستیی داگیركه‌رانی كوردستاندا، لێك موتوربه كراون و كۆی كوردستانی كردووه به په‌راوێزێك و هه‌موو ڕێیه‌كان ده‌چنه‌وه ناوه‌ند. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئێمه له بانه‌ش بین، جاران هه‌موو ڕێیه‌كان ده‌چوونه‌وه بانه، به‌ڵام ئێسته ڕێی بانه‌ش ده‌بێت بچێته‌وه تاران و كه‌ره‌ج و قه‌زوێن و ...!
ئه‌مه ئه‌و دۆخه گشتگیره‌كه‌یه كه ده‌شێت وه‌ك دۆخێكی كۆڵبه‌رئامێزی سه‌پێنراو به‌سه‌ر كوردستاندا باسی بكه‌ین، كۆڵبه‌رانی سنووربه‌زێن و كوێره‌ڕێبڕ، زه‌قترین نیشانه‌ی ئه‌م نه‌خۆشییه كوشنده‌یه‌ن كه هۆشداریی ده‌ده‌ن به ئێمه، كوشتنی هه‌ر كۆڵبه‌رێك واته زه‌نگێكی گه‌وره بۆ ئاگاداربوون له دۆخێكی گشتگیر نه‌ك ته‌نیا كوشتنی مرۆڤێكی ئاسایی، هه‌ر كۆڵبه‌رێك شێوه‌ژیان و بوون و نه‌مان و مه‌رگ و ژینی گوزارشتێكی سامناكه له چاره‌نووسێك كه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان به‌سه‌ر ئێمه‌شدا سه‌پێنراوه. بۆ تێگه‌یشتن له‌م گشتگیرییه‌ی دۆخی كۆڵبه‌ری، ته‌نیا به‌سه به‌راوردێك بكه‌ین له نێوان سه‌رمایه‌داره كورده‌كان و سه‌رمایه‌داره فارس یان عه‌ره‌ب و توركه‌كان.
ژماریه‌كی كه‌می سه‌رمایه‌دار كه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌ن، سه‌رمایه‌كانیان ته‌نیا بڕی ئه‌وه ده‌كات له شارێكی فارسنشین، كارگه‌یه‌كی بچووك یان مامناوه‌ندیی پێ بكه‌نه‌وه، جیاواز له‌مه‌ی كه ئه‌م سه‌رمایه‌داردزینه‌ش و ئه‌م سه‌رمایه‌پێدانه به ئه‌ویتر، خۆی ئازارێكی گه‌وره‌یه له ناهۆشیارماندا، به‌ڵام هه‌مدیس له ناو هه‌مان هاوكێشه‌ی ئابووری سیاسی و چه‌وساندنه‌وه و له‌شوناسخستندا مانا وه‌رده‌گرن. له‌ولایشه‌وه سه‌رمایه‌داری فارس به مێژینه‌یه‌كی دوور و درێژه‌وه له ئاریزۆنا و واشنتن و ئوسترالیا و... سه‌رمایه‌گوزاریی ده‌كات، ئه‌م بابه‌ته سه‌ره‌ڕای ده‌رخستنی دوو جۆر گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری، زه‌قكه‌ره‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه سیاسییه و ڕۆڵێتی له دروستبوونی وه‌ها توێژێكدا، واته ئێمه له كوردستان پاره‌دارمان هه‌یه نه‌ك سه‌رمایه‌دار، ئه‌وانه‌ش به جۆرێك له جۆره‌كان كۆڵبه‌ری ئه‌وانه‌ی سه‌رووی خۆیانن له ناوه‌ند یان ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ش.
باسی سه‌ره‌كیی من لێره‌دا ئه‌و كۆڵبه‌ره‌یه كه به كۆڵ و بار و پشت و جه‌سته‌ی بریندار و له خوێنگه‌وزاوییه‌وه ده‌ناسرێته‌وه، ئه‌و مرۆڤه‌یه كه سنووره ده‌ستكرده‌كان بۆ دابینكردنی تێچووی ژیانی ده‌بڕێت و ته‌نیا جیاوازیی نێوان پاسه‌وانانێك كه فیشه‌كیان پێوه ده‌نێن له جله‌كانیانه، ئه‌گه‌رنا هه‌ردووكیان به كوردی قسه ده‌كه‌ن (ئه‌گه‌رچی له‌به‌ری ئه‌مدیودا واته له ڕۆژهه‌ڵات كورد، تورك، فارس و... تێدایه، به‌ڵام فه‌رمان هی ئه‌ویتری داگیركه‌ره)، یه‌كیان له داگیركه‌ر فه‌رمان وه‌رده‌گرێت یه‌كی تریش له داگیركراو.
لێدان و سه‌رتاشین و سووكایه‌تی به كۆڵبه‌رانی ڕۆژهه‌ڵات له سنووری ته‌وێڵه و بیاره له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حه‌ره‌س حدوود! یان پاسه‌وانانی سنووره‌وه، نه‌ك ته‌نیا هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرن، به‌ڵكو ده‌رخه‌ری به‌شدارییه‌كی چڵێسانه و دڕندانه‌یه له هه‌ناسه‌ی ژه‌هراویی سه‌رمایه‌داریی سه‌رده‌م و ئاماژه‌یه بۆ خیانه‌ت له زمان و وشه و نیشتمان و هه‌موو ئه‌و دار و ده‌وه‌ن و كوێره‌ڕێیانه‌ی، كه له‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری سنووره‌وه شنه‌بای یه‌ك جیۆگرافیا و سه‌رزه‌وین لێیان ده‌دات.