ئه‌مڕۆ چوارشه‌م، ١٦ی نۆڤه‌مبه‌ر، وه‌ك هه‌موو ساڵان، ڕۆژی جیهانیی تۆلێرانسه. له ساڵی ١٩٩٥ه‌وه ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌م ڕۆژه‌ی دیاریی كردووه و كۆششی بڵاوكردنه‌وه‌ی گیانی تۆلێرانسی ده‌كات.
ئێسته له دنیای نوێ‌دا، جیاوازیی بنه‌ڕه‌تیی له‌نێوان چه‌مكی (لێبوورده‌یی) و (پێكه‌وه‌ژیان) و (هه‌ڵكردن) ده‌كرێت.له‌باره‌ی دیوی زمانه‌وانیی زاره‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆیه‌كی چڕ له‌نێو ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب هه‌یه، به‌وه‌ی به هه‌ڵه‌یی هاتوون به (التسامح) بۆ ئه‌م زمانه ته‌رجه‌مه‌یان كردووه، كه له دیوی مانادا، له یه‌كتر جودان.
تۆلێرانس (Tolerance) له ڕابردوودا، چاره‌یه‌كی چاكی بێچاره‌یی ته‌نگژه‌ی ئه‌قڵی سیاسیی و مه‌زه‌بیی رۆژاوای، كرد. فه‌یله‌سووفی ئینگلیزیی (حۆن لۆك) له‌باره‌ی تۆلێرانس، كتێبه وه‌ناوبانگه‌كه‌ی (Message of tolerance) نووسیی، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی تێپه‌ڕاندنی حاڵ و باره دوژمنیی و نه‌یاریی و ته‌ژی له ڕقییه‌كه، كه ئه‌وكات له ئه‌وروپادا، بڵاو و له بره‌ودابوو. تۆلێرانس، له عاره‌بییدا به (التسامح) تاریف و ته‌رجه‌مه‌كراوه، هه‌ر به‌پێی ته‌رجه‌مه عاره‌بییه‌كه، كوردیش به (لێبوورده‌یی) ته‌رجه‌مه‌ی كردووه. وه‌لێ بیرمه‌ندانی ئێسته‌ی عاره‌بیی، تۆلێرانس به (رحابە الصدر) ته‌رجه‌مه ده‌كه‌ن، یانیی: سینه‌فراوانیی. چاترین ته‌رجه‌مه‌شی بۆ كوردیی (هه‌ڵكردن) له پاڵیشدا (به‌رگه‌گرتن) ده‌بێت.
چوكم، تۆلێڕانس ناچارت ناكات، ددان به باوه‌ریی ئه‌ویتر _به‌تایبه‌ت له عه‌قیده‌دا_ بنێیت و، بۆت هه‌یه، ئه‌و به ناحه‌ق و خۆت به له‌سه‌رحه‌ق هه‌ژمار بكه‌یت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، به‌رگه‌ی ده‌گرییت و، ئه‌و مافه‌ی پێده‌ده‌یت كه چۆن بیر ده‌كاته‌وه و باوه‌ریی به چیی هه‌یه و چۆنیش ده‌یبێژێت و ده‌ینووسێت. هه‌رچییه‌ك بێ، هه‌ر چۆنێك بێ، له هه‌ر كوێییه‌ك بێ، تۆلێرانس ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵی هه‌ڵكردنت هه‌بێت.
وشه یان تێرمی (تۆلێرانس) له دوای كتێبه‌كه‌ی لۆك، له زه‌ینی تاكی ئه‌وروپییدا، خاوه‌ن ئاماژه‌یه‌كی ئه‌رێنیی بوو، چوكم پێوه‌ست به جێكه‌وت (سیاق)ـه مێژووییه دیاریكراوه‌كه بوو. ئه‌مما له ئێسته‌دا، به‌شێك له بیرمه‌ندان، پێیان وایه، ده‌بێت ئه‌م چه‌مك و وشه‌یه، تێبپه‌رێنرێت و له قۆناغی پۆست-تۆلێرانسییدا بژیین. له جیاتی (Tolerance) پێشنیازی وشه یان چه‌مكی (Coexistence) ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌یان، عاره‌ب به (التعایش) ته‌رجه‌مه‌یان كردووه، هه‌رچیی نه‌وه‌ی نوێی ڕۆشنبیرانی عاره‌به، وشه‌كه به (المصاحبە، الصحبە) ته‌رجه‌مه ده‌كه‌ن. كه‌وابوو ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی كورد هه‌ر له بنه‌ڕه‌ترا زاراوه‌كه‌مان به درووستیی بۆ زوانی كوردیی وه‌رگێڕا و، له دیوی چه‌مكییه‌وه‌ش واتاكه‌یمان ڕۆشن كرده‌وه، پێویست به‌م گۆرانكارییه‌ی نێو دنیای عه‌ره‌بیی ناكات، چۆن ئه‌وان باجی به‌هه‌ڵه‌ته‌رجه‌مه‌كردنه‌كه‌ی ده‌ده‌ن.
تۆلێرانس لێبوردن نییه، به‌ڵكه هه‌ڵكردنه. ئاخر لێبووردن جۆرێك له گیانی خۆبه‌زلزانیی به‌سه‌ر كه‌سی ڕاجیاوازی تێدایه، پێداگیرییه‌كی تێدایه به‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی ڕه‌ها لای تۆیه و، پێداگیرییشی تێدایه له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی ڕه‌هایی به‌رانبه‌رت. كه بۆی هه‌یه به‌رگه‌ی بگریت، لێ هاوه‌ڵێتیی ناكه‌یت, به‌ڵام هه‌رچیی تۆلێرانسه به واتاهـ(Coexistence)، یه‌كسانییه‌كی نه‌فسیی (المساواە النفسیە) له‌نێوان بیڕوباوه‌ره مڕۆییه‌كاندا تێدایه و، ناچارییه‌كی هه‌ڵكردن و پێكه‌وه‌ژیانی له‌گه‌ڵ فڕه-فیكریی ئاوێزانه. له‌م چه‌مكه‌دا، هه‌موو كه‌س مافی ته‌به‌نیكردنی فیكره‌ی خۆی هه‌یه به‌وه‌ی باوه‌ریی پێی هه‌یه، ئه‌مه‌ش وه‌ك منه‌تێك نا به‌سه‌رییه‌وه، به‌ڵكو به‌وه‌ی هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی، ده‌بێت ئازا و ئازاد بێت، له ڕا و ده‌ربرینی خۆی، لێڕه‌وه یه‌كسانیی مافی مرۆیی، ئیراده‌ی ئاده‌مزادیی، ده‌چه‌سپێت و ده‌سه‌لمێت.
ده‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یان داواكراوێكی مڕۆیی بێت, ئایا ئێمه وه‌ك كورد، له‌م ته‌نگژه‌ی عه‌قڵی سیاسییه‌دا، به‌ر له هه‌ر نه‌ته‌وه و لایه‌نێك، ئه‌ولاتر نین، پێڕه‌وی تۆلێرانس هه‌م (Coexistence) بكه‌ین؟ ئایا، ئێمه وه‌ك مسوڵمان، له‌م ته‌نگژه‌ی عه‌قڵی دیندارییه‌دا، به‌ر له هه‌ر لایه‌نێك، ئه‌ولاتر نین، پێڕه‌وی تۆلێرانس، هاوه‌ڵێتیی و هه‌ڵكردن (Coexistence) بكه‌ین؟.
ژینواری مه، تا به‌ره‌و پێشتر ده‌چێت، ته‌نگژه‌كانی ئه‌قڵی تاکی كورد، پتر و زێده‌تر ده‌بن. له‌گه‌ڵ چوونه نێو دنیابینیی و سه‌رده‌می مۆدێرنه‌وه، ئێمه‌ی كورد، هێشته له واتا و چۆنێتیی و چێتیی ڕه‌خنه تێنه‌گه‌یشتووین، بۆێش وه‌ها پێنه‌گه‌یشتووین! ڕه‌خنه (نقد) ته‌نێ بریتیی نییە له لۆمه و سه‌رزه‌نشت و توانج، به‌ڵكو شیته‌ڵ و شرۆڤه‌ی بابه‌تییانه‌یه كه ستایش هه‌م تانە و لۆمە له خۆیدا ده‌گرێت. تاوێ ده‌گۆترێت ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی (نقد اڵادبی) یانیی شیته‌ڵ و شرۆڤه‌كردنی ده‌قێكی ئه‌ده‌بیی، چوونه بنجوبنه‌وان و ده‌رخستنی لایه‌نه شراوه‌كانی، به‌دیوە ئه‌رێنیی هه‌م نه‌رێنییه‌كه‌یدا.
وه‌لێ له كن مه، وا لە زەیندا چەقێنراوه، ڕه‌خنه ته‌نێ بریتییه له برینداركردن و ده‌رخستنی نه‌نگییه‌كان، ئه‌مه‌ش بنه‌چه و حه‌قیقه‌تی وشه‌كه نییه له ڕووی چه‌مكیی بابەتەکەوە.
ئێمه تا ئێسته، نازانین چۆن لایه‌نداریی یاره‌كانمان و چۆنیش نه‌یاریی به‌رهه‌ڵستكارانمان بكه‌ین، ئاكارەکانی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ جودایی، بوون و ئاماده‌یییه‌كی نییه. به‌ر له هه‌ر چتێك، ته‌نگژه‌كانی ئه‌م وە‌ڵاته، له بێسه‌روبه‌ریی و وێرانه‌یی په‌روەریی "التربیە" و ئه‌قڵ و رۆحێتی په‌روه‌رده‌یییه‌وه، سه‌رچاوه ده‌گرێت. له منداڵییه‌وه له قوتابخانه‌كانمانڕا، جگه له یه‌كڕایی، چتێكی ترمان پێ نه‌ناسێنراوه. فێری لۆجیكی مافی جیاوازیی له بیروڕادا نه‌كراوین. ئه‌و رێز و شكۆیه‌یان پیشان نه‌داین، كه شایه‌ن به ڕای به‌رانبه‌ره و گوزارشت له فه‌رهه‌نگێكی تر، ژینگه‌یه‌كی جوداتر، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی جوداوازتر له هیی ئێمه ده‌كات.
پرۆسه‌ی پێگه‌یاندنی فیكریی، له‌سه‌ر ئه‌و بنیاته نه‌بوو، كه ده‌كرێت دینێكی تر، فیكرێكی جیاوازتر، جیۆگرافیایه‌كی پێچه‌وانه‌تر، چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی دوور له ژینواری مه، هه‌بێت. بوونی لۆجیكی هەڵکردن و به‌رگه‌گرتنی یه‌كتری به‌بێ هه‌ستیاریی، به‌بێ په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تییSocial Contract به‌بێ ورژاندنی سیاسیی، نییه.
خودا، ئاده‌مزادی به یه‌ككۆپیی له شێوه، چه‌شه، ره‌گه‌ز، نه‌ژاد، به‌رژه‌وه‌ندیی.. نه‌خولقاندووه، گه‌ر ئه‌وه‌ی بیویستبوایه، بۆ ویی ئاسان بوو، ئیدیی رێزگرتن له‌م جیاوازییه، رێزه له ویستی خودا، به‌رهه‌ڵستیشی، به‌رهه‌ڵستیی ویستی ئه‌وه.
ئازادییخواز و گۆڕانخوازانی دنیا، خه‌ریكه له هه‌ڵكردن تۆلێرانسیش تێده‌په‌رێنن، كه‌چیی نه‌وه‌ی نوێی ڕۆشنبیرانی ئێمه، فۆڕمۆ‌سۆنه‌كانی دنیای ئێمه، تازه به تازه، كێبركێ له‌سه‌ر چه‌ندایه‌تیی و چۆنایه‌تیی جوێن و به‌كه‌مگرتن و، دواجار فاشیزمیی، ده‌كه‌ن. ئه‌وانه‌ی شه‌ووڕۆژ باس لە (میلیشیای عه‌سكه‌ریی) ده‌كه‌ن و ئەو گرێیەیان بۆ بووه‌ته درووشم و وێردی سه‌ر زاریان، له‌م باره‌دا، خۆیان بوونه‌ته (ملیشیای فیكریی) و ئه‌وانی تر ناچار به چه‌شه و بوار و ره‌وتی فیكریی خۆیان ده‌كه‌ن. تۆ كه به كه‌یفی دڵی خۆت، ڕای خۆت ده‌رده‌بڕیی، كه‌چیی ڕێگه بە به‌رانبه‌رەکەت نادەیت تا بە ڕاحه‌تی گیانی خۆی، بۆچوونی خۆی ده‌ربڕێت، ئا ئه‌مه له توندڕۆیی و بێتۆلێرانسی و فاشیزمیی زێده‌تر، چ ناوێكی تری لێ ده‌نێیت؟ خۆ گرفتی كه‌سی توندئاژۆ هه‌ر له‌وه‌دا نییه کە بیری خۆی ده‌رده‌برێت، كێشه ئه‌وه‌یه، رێگه نادات، تۆش ڕای خۆت به ئازادیی و ئازایی بخه‌یته ڕوو.
خۆزگه له‌جیاتی ئه‌م وەستایییە لە سووكایه‌تیی و جوێن و بەکەمگرتن، تۆزێك خۆیان ماندوو ده‌كرد و شاگردییمان دەکرد، تا وانه‌ی ئاكاری ڕاجودایی و تۆلێرانسیی فێر ده‌بووین. له‌جیاتی ئه‌م هه‌موو ماندووكردنه‌ی ده‌موده‌ستمان له وتن و نووسینی جنێو و سووكایه‌تیی، بڕێك ئه‌زیه‌مان بكێشایه، به هه‌مانشێوه‌ی مه‌ده‌نییانە، بهاتینایه دوو قاتی ئه‌وانی به‌رانبه‌ر، پێچه‌وانه‌ی پڕۆژە و دنیابینیی بەرانبەریان، چاڵاکیی و ڕۆڵمان هەبووایە. تا ئه‌م جوێندانە هه‌بێت و بمێنێت، به تایبه‌ت لەنێو رۆشنبیره فه‌یسبووكچییه‌كاندا، ته‌نگژه له عه‌قڵ و ڕۆحی كوردەوارییدا، ده‌مێنێت. ئاخر كورد جوێنی نه‌دایه، ئێسته له شوێن و پێگه‌یه‌كی تر ده‌بوو.
چ زۆرن ئه‌وانه‌ی داوای ئازادیی ده‌كه‌ن، كه‌چی ئازادییه سه‌ره‌تایی و ساده‌كانی هه‌ر تاكێك به بڤه ده‌زانن.. چ زۆرن ئه‌وانه‌ی شه‌ووڕۆژ ملیشیای عه‌سكه‌ریی ده‌كووتنه‌وه، كه‌چیی خۆیان بوون به ملیشیای فیكریی.. چ زۆرن ئه‌وانه‌ی هه‌رده‌م باسی جوانیی و ئه‌ده‌ب و ئه‌ده‌بیاتمان بۆ ده‌كه‌ن، كه‌چی زمانشڕیی بووه به ئه‌دگار و ئاكاریان.. چ زۆرن ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه له داروبه‌ردی ئه‌م گه‌ردوونه به خودایشه‌وه ده‌گرن، وه‌لێ وه‌ختێ ڕه‌خنه‌یان لێ گیرا قیامه‌ت به‌رپا ده‌كه‌ن.. چه‌ند زۆرن... چه‌ند زۆرن...
له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فیزیۆنییدا، له‌گه‌ڵ زانای بیركارییزان و فه‌یله‌سووفی ناوداری مولحید (بیرتراند ڕاسل)دا، پێشكه‌شكاره‌كه پرسیارێك ئاراسته‌ی ڕاسل ده‌كات و ده‌ڵێت: به‌رێز ڕاسل، با وا دابنێین، ئه‌م تۆمار و فیلمه، دوای هه‌زاران ساڵ، هاوشێوه‌ی ده‌ستنووسه‌كانی ده‌ریای مردوو، له‌لایه‌ن نه‌وه‌كانمانه‌وه ته‌ماشا ده‌كرێت. چیت وه‌زه‌یندا دێت و به گرنگی ده‌زانیت، كه له‌م ژیانه‌ی تێیدا ژیایت و له‌و په‌ند و ده‌رسانه‌ی لێوه‌ی فێر بوویت، به‌ونه‌وه‌یه‌ی ڕابگه‌یه‌نیت؟
ڕاسل دێته وه‌رام: (ده‌مه‌وێت له‌باره‌ی دوو چت، هۆشیاریان بده‌مێ: یه‌كه‌م فیكریی، دووه‌م ئه‌خلاقییه. ئه‌و بابه‌ته فیكرییه‌ی كه ده‌مه‌وێت پێیانی ڕابگه‌یه‌نم ئه‌مه‌یه: كاتێك هه‌ر باس و بابه‌تێك دیراسه ده‌كه‌یت، یان لێوردبوونه و تۆژینه‌وه له هه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌ك ده‌كه‌یت، ته‌نێ یه‌ك چت له‌خۆت بپرسه، حه‌قیقه‌ته‌كان چین و، به‌ره‌نجامه‌كان چین، كه ده‌توانرێت له‌م ئه‌نجامانه وه‌به‌ربهێنرێن. هه‌رگیز رێگه به‌خۆت مه‌ده له حه‌ق لابده‌یت، به شوێنه‌كه‌وته‌یی ئه‌گه‌ریی ڕاستێتیی یان به‌وه‌ی گومانت پێی وابێت، ئه‌گه‌ر باوه‌رییت پێبێت به‌ره‌و جێكه‌وته‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی سووددارت ده‌بات. ته‌نێ ته‌ماشای حه‌قیقه‌ته‌كان بكه و هیچیتر. ئه‌مه لایه‌نه فیكرییه‌كه بوو كه ده‌مه‌وێت پێیانی ڕابگه‌یه‌نم.
لایه‌نه ئه‌خلاقییه‌كه‌ش، چتێكی سانایه زۆر، ده‌مه‌وێت بڵێم خۆشه‌ویستیی حیكمه‌ت و داناییه و، رق و كینه حه‌ماقه‌ت و گه‌وجێتییه. له‌م جیهانه‌دا، له‌سه‌رمان پێویسته، فێری لێبوورده‌یی و تۆلێرانسی بین له‌گه‌ڵ یه‌كتریی، له‌سه‌رمان پێویسته فێر ببین و حه‌قیقه‌تێك وه‌ربگرین: هه‌ندێك خه‌ڵك ڕه‌نگه چتگه‌لێك ببێژن، مایه‌ی ڕه‌زامه‌ندیی و قبووڵی ئێمه نه‌بێت، وه‌لێ ده‌توانیین ده‌گه‌ڵ ئێكتریی بژین و مایه‌ی به‌رگه‌كرتنی یه‌كتر بین، له‌م ڕێگه‌یه‌دا. ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت وێكرا بژیین نه‌ك پێكرا بمریین، له‌سه‌رمان پێویسته فێری ئه‌م جۆره له به‌رگه‌گرتن و هه‌ڵكردنه بین، كه چه‌قتوانستێكه بۆ به پایان و پوخته‌كردن و ته‌واوكردنی ژیانی مرۆیی، له‌سه‌ر ئه‌م كه‌وكه‌به‌یه(.
ئیدی هیوام وایه سیاسیی و ئاییندارانی دنیای مه، گیانی تۆلێرانس په‌رش بكه‌ن و، نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانمان زێتر به ژینواری خۆیان ئاوێزانی بكه‌ن. له كۆتاشدا بۆ زێتر شاره‌زایی و قووڵبوونه‌وه له چه‌مك و مێژوو و بنه‌واكانی (تۆلێرانس) پێشنیازی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كێ له كتێبه باشه‌كانی له‌مه‌ر ئه‌م باسه‌مانه‌وه ده‌كه‌م، كه بۆ زوانی عاره‌بییش له ١٢٠٠ لاپه‌ره‌دا هاتووه‌ته وه‌رگێڕان. (تۆلێرانس له سه‌رده‌می ڕیفۆرمدا)
Lecler Joseph
Histore de le tolerance au siècle de la reforme
Editions albin Michel. S. A. 1994