زیاتر له ۳۰۰ ساڵ پێش ئێسته ئه‌حمه‌دی خانی ڕابه‌ر و پێشه‌نگی هزری نه‌ته‌وه‌یی له‌ناو شاعیرانی كورد له (بایه‌زید)ه‌وه، شاكاره‌كه‌ی مهم و زینی كرده ئاوێنه و هه‌وێنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له ناو كورددا. خانی نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت به‌سه‌رچاوه و هۆكاری سه‌رجه‌م نه‌هامه‌تی و كاره‌سات و دهربهدهرییهكان داده‌نێت كه به‌سه‌ر كورددا هاتوون. دووبه‌ره‌كی و دڕدۆنگی و په‌رته‌وازه‌یی كوردیش به هۆكاری نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت داده‌نێ.
شاعیری گه‌وره، هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌یه‌كی ورد و به‌دیقه‌تی بۆ ژینواری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئاینی ئه‌وسای نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه، زۆر به‌باشی دركی به درز و خاڵه لاوازه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه. له هه‌مان كاتدا، زۆر به‌باشی دوژمنانی كوردیشی ناسیوه. هه‌ر له‌وكاته‌وه خانی هه‌ستی به‌مه كردووه كه شكست و لێكترازانی ناوخۆی نه‌ته‌وه، ده‌بێته هۆی لاوازبوون به‌رانبه‌ر به دوژمنان و سه‌ره‌نجام نه‌گه‌یشتن به ئاوات و ئامانجه‌كان.
ئه‌مه‌ش نموونه‌ی چه‌ند دێڕێكه له شاكاره‌كه‌ی مهم و زین:
گه‌ر دی هه‌بوا مه ئتیفاقهك
ڤێكڕا بكرا مه ئنقیادهك
ڕۆم و عه‌ره‌ب و عه‌جه‌م ته‌مامی
هه‌میا ژمه دكر غولامی
ته‌كمیل دكر مه‌دین و ده‌وڵه‌ت
تهحصیل دكر مه عیلم و حیكمه‌ت
ڕاستییه‌كه‌ی دوژمنانی ئه‌وسای خانی، ئێسته‌ش به‌رده‌وامن له دوژمنكاری و هه‌ر ئه‌و دوژمنه سهرسهختانهن كه ناوی هێناون، به‌ڵام ئێسته ئه‌گه‌ر ئه‌حمه‌دی خانی زیندوو ببێته‌وه، چی ده‌ڵێ؟! ئاخۆ ئه‌گه‌ر پێشه‌وا قازی زیندوو ببێته‌وه كه له پێناو گه‌له‌كه‌ی، له ڕێی ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی ئاماده‌بوو بچێته به‌ر په‌تی سێداره. ئه‌گه‌ر مه‌لا مسته‌فای بارزانی زیندوو ببێته‌وه كه ئه‌و هه‌موو خه‌بات و تێكۆشان و ده‌ربه‌ده‌رییه‌ی هه‌ر له‌پێناو مافه‌كانی ئه‌م نه‌ته‌وه دێرینه بووه.
شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كانی شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری و شێخ سه‌عیدی پیران و شێخ عه‌بدولسه‌لامی بارزانی و ئه‌وانی تریش، هه‌ر بۆ ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ژێرده‌سته‌یی و داگیركاری بووه. ئه‌گه‌ر بێنه‌وه و سه‌رێكمان لێ بده‌ن، ئه‌و هه‌موو خۆخۆری و یه‌كترشكاندن و كێشمه‌كێشمه‌ی ناو ماڵی كوردان ببینن، ده‌بێ چی بڵێن؟!
ئێسته‌ش دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له سێ سه‌ده له هاوار و بانگه‌وازه‌كه‌ی خانی، كورده‌كان نه‌ك هه‌ر وه‌ك خۆیانن، نه‌ك هه‌ر ڕێك نه‌كه‌وتوون و یه‌كیان نه‌گرتووه، نه‌ك هه‌ر په‌رته‌وازه و ناته‌بان، به‌ڵكو به ئاشكرا جاشایه‌تی و خۆفرۆشی و خاكفرۆشی ده‌كرێ له‌لایه‌ن هه‌لپه‌رست و پاره‌په‌رست و پۆستپهرستان، له‌لایه‌ن گرووپێكی دۆڕاو، حزبگه‌لێكی شكستخواردوو كه شه‌ڕی به وه‌كاله‌ت ده‌كه‌ن بۆ دوژمنانی كورد، ئه‌ركی دوژمنانی كوردستانیشیان كه‌متر و سووكتر كردووه.
به‌ڵێ قۆڵ و باسكیان لێ هه‌ڵماڵیوه بۆ بڕینه‌وه و له ڕه‌گه‌وه هه‌ڵته‌كاندنی ئه‌و دره‌خته‌ی كه ناوی كودستانه، ئه‌و دره‌خته‌ی كه به خوێن و ئاره‌قه‌ی هه‌زاران ڕۆڵه‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه خێر له‌خۆنه‌دیوه ئاو دراوه.
چ شه‌رمه‌زارییه‌كه ته‌نیا له‌به‌ر ڕقوكینه‌ی حزبی، له‌به‌رئه‌وه‌ی لایه‌نێكی دیاریكراو خۆی به خاوه‌ن و به‌رگریكاری دۆزی ڕه‌وای كورد ده‌زانێ و خۆی به پارێزه‌ری ماف و پیرۆزییه‌كانی ئه‌م گه‌له داده‌نێ. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه هیوای له ناوچوون و ته‌فروتوونابوون و وێرانبوون بۆ كوردستان ده‌خوازن، كاریشی بۆ ده‌كه‌ن.
زیندووترین نموونه‌ش ڕیفراندۆمه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی بارزانی و حزبه‌كه‌ی به‌م كاره مێژوویی و گه‌وره و پیرۆزه هه‌ستان كه ده‌وڵه‌تی كوردی هیوا و ئاوات و خه‌ون و خۆزگه‌ی هه‌موو كوردێكه. ئه‌و هه‌موو خه‌بات و تێكۆشان و گیانفیدایی و قوربانیدانه‌ی ئه‌م گه‌له داویه‌تی، هه‌ر بۆ سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردی بووه. ئه‌و هه‌موو به‌ره‌نگاری و به‌رهه‌ڵستكاری و به‌رخۆدانه هه‌ر بۆ ئه‌وه بووه.
ڕیفراندۆمیش یه‌كێك بوو له هه‌نگاوه‌كان، به‌ڵام بینیمان چۆن دژایه‌تی كرا، چۆن به چاوساغی و به ناپاكی و به فهرموویهك، كه‌ركووك و به‌شێكی زۆر له خاكی كوردستان پێشكه‌ش به دوژمنانی كورد كرا. كه‌چی ئه‌م گرووپ و لایه‌نانه، هێشتا دڵیان تێر ئاوی نه‌خواردووه‌ته‌وه. له‌لایه‌ك له به‌غدا به‌ناوی به‌رگریكردن له مووچه و مافی خه‌ڵكی كوردستان، به چه‌واشه‌كاری جاشایه‌تی هه‌وڵی دژایه‌تی و بچووككردنه‌وه و نه‌هێشتن و سڕینه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه له ناوخۆدا هه‌وڵی دابه‌شكاری ئه‌م به‌شه دابه‌شكراوه ده‌ده‌ن.