هه‌رچه‌نده له مێژووی خه‌باتی كۆن و ئێسته‌ی ئیداره‌ی كوردیدا، چه‌ند ئیداره‌یه‌كی شێوه جیاجیامان بینیوه، هه‌ندێكیان هه‌ره‌می پێكهێنانیان كابینه‌ی وه‌زاریش بووه، به‌ڵام سیانیان خۆیان وه‌ك كۆماری كوردیی ناساند و سه‌رۆكه‌كانیان كورد بوون، له دوای ڕووخانی كۆماره‌كانیشیان تا دواساتی ژیانیان، به داخ و حه‌سره‌تی جارێكی تری دروستبوونی كۆماری كوردییه‌وه سه‌ریان نایه‌وه. ئه‌وانیش سه‌رۆك كۆماره‌كانی كوردستانی سوور، كۆماری ئارارات و كۆماری كوردستان/مهاباد بوون، كه له سێ سه‌رده‌می جیاجیادا دروست بوون.
كۆماری ئارارات له هه‌ردوو كۆماره‌كه‌ی تر جیاوازتره و یه‌كێكه له‌و كۆمارانه‌ی كورد خۆی جاڕی سه‌ربه‌خۆیی دا، بێ پاڵپشتی ڕاسته‌وخۆی هێزێكی ده‌ره‌كی له كاتی راگه‌یاندنیدا. له كاتێكدا دروستبوونی كۆماره‌كانی تر، هه‌لومه‌رجی دروستبوونی بۆ ڕه‌خساوه، هێز و دۆخی نێوده‌وڵه‌تی دروستی كردوون، دواتریش هێزه ده‌ره‌كییه‌كان پشتیان تێكردوون و له‌بار براون بێ ویستی كورد خۆی.
ده‌توانین لێره‌دا ئاماژه به سێ سه‌رۆك كۆماری كورد بده‌ین كه ڕاسپارده‌یان دوای ڕووخانی كۆماره‌كانیان هه‌بووه و به حه‌سره‌تی دروستبوونی ده‌وڵه‌ته‌وه سه‌ریان ناوه‌ته‌وه.
وه‌كیل مسته‌فایۆڤ
له خێزانه كورده كۆچپێكراوه‌كانی كوردانی قه‌وفازه بۆ ئۆزبه‌كستان، له ساڵی 1938 له دایك بووه، كولێژی مافی له زانكۆی قه‌رقیزستان ته‌واو كردووه، له ساڵی 1991 جاڕی دروستبوونه‌وه‌ی كۆماری كوردستانی سووری دا كه زیاتر به‌ناوی كۆماری كوردستانی قه‌وقاز ناوی ده‌هێنا.
زۆرتر ئه‌رمینیا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ی "ناگۆرنۆ قه‌ره‌باخ"ی زۆرینه ئه‌رمه‌ننشین پاڵپشتی ده‌كرد، بۆیه ئه‌رمینیا زاراوه‌ی "كۆماری لاچین"ی بۆ به‌كار ده‌هێنا، پایته‌خته‌كه‌ی شارۆكه‌ی لاچین بوو.
هه‌رچه‌نده پێشتر له ساڵانی (1923 -1929) كۆماری كوردستانی سوور له‌سه‌ر ده‌ستی یه‌كێتی سۆڤێتی جاران و پرسوڕا به كۆماره‌كانی ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیای شیوعی دروست بوو، به‌ڵام توركێكی ئازه‌ری به‌ناوی حاجیه‌ف كرا به سه‌رۆكی كۆماره‌كه و زۆرتر مه‌به‌ستی سیاسی له پشت دروستكردنه‌كه‌ی هه‌بوو، له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناكۆكییه‌ی له ناوچه‌ی ناگۆرنۆ قه‌ره‌باخی نێوان گه‌لانی ئازه‌ر و ئه‌رمه‌ندا هه‌بوو.
كۆماره‌كه بۆ كورده‌كانی هه‌رێمی ناگۆرنۆ قه‌ره‌باخ دروست كرا، به‌ڵام له ساڵی 1929 زایندا له‌بار برا، دووباره به ویستی ڕووسیا و ئه‌رمینیا، دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤێت، جارێكی تر كۆماره‌كه هه‌لی دروستبوونه‌وه‌ی بۆ ڕه‌خسایه‌وه، ئه‌مجاره وه‌كیل مسته‌فایۆڤ كرا به سه‌رۆك كۆمار و جاڕی كۆماره‌كه‌ی دا.
سه‌رۆك كۆمار چه‌ند سه‌ردانێكی وڵاتان و هه‌ڕه‌می پێكهاتنی كۆماره‌كه‌ی دروست كرده‌وه، به‌ڵام دووباره به هه‌وڵی ئازه‌ربایجان و چاو تێبڕینی ئه‌رمینیا، بۆ خاكی هه‌رێمی ناگۆرنۆ قه‌ره‌باخ و فیتی ڕووسیا و وڵاتان، كۆماره‌كه له‌ناو برا، چونكه كه‌س پاڵپشتی نه‌ده‌كرد، كورده‌كانیش هێنده ژماره‌یان زۆر نه‌بوو بتوانن به‌رگری له كۆماره‌كه بكه‌ن.
وه‌كیل مسته‌فایۆڤ ئاواره‌ی ئیتالیا بوو، تا له ساڵی 2019 له ئاواره‌ییدا و له ته‌مه‌نی 81 ساڵی به یه‌كجاری سه‌ری نایه‌وه. ئه‌و جگه له چه‌ندان وتار، كتێبێكی به ناوی كوردستانی قه‌وقاز نووسیوه، به‌ڵام ساڵانی غوربه‌ت هه‌ر حه‌سره‌تی به دروستبوونی كۆماره‌كه‌یه‌وه ده‌بینی، ته‌نانه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه كۆماری كوردستانی قه‌وقاز، هه‌ر دروست ده‌بێته‌وه. بۆیه ڕاسپارده‌ی دا به خێزانه‌كه‌ی و گوتی: چونكه من له ژیانی خۆمدا دروستبوونه‌وه‌ی كۆماره‌كه‌م نه‌بینییه‌وه و نه‌متوانی له كورستانی باشووریش دانیشم، له دوای مردن بمبه‌نه‌وه بۆ كوردستانی باشوور و له‌وێ بمنێژن.
بۆیه له 10/5/2019 ته‌رمه‌كه‌ی گه‌ڕێنرایه‌وه پایته‌ختی هه‌رێم و له هه‌ولێر نێژرا، وه‌كیل له ژیانی ئاواره‌ییدا تا مرد، به ئاهـ و حه‌سره‌تی دروستبوونه‌وه‌ی كۆماره‌كه‌یه‌وه سه‌ری نایه‌وه.
ئیحسان نووری پاشا:
ئیحسان نووری عه‌لی قولی پاشا (1893-1976)، هه‌ندێك سه‌رچاوه ده‌ڵێن مێژووی له‌دایكبوونی 1892یه له شاری ته‌بلیسی باكوری كوردستان. دوای دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی ته‌عالی و ته‌ره‌قی كورد له‌لایه‌ن شێخ عه‌بدوڵای نه‌هری و ئه‌مین عالی به‌درخان و شه‌ریف پاشا خه‌ندان و چه‌ند كوردپه‌روه‌رێكی تر، ئیحسان پاشا كه له ئیسته‌نبوڵ ده‌یخوێند، پێوه‌ندی پێوه كردن. پاشان له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕێكخراوێكی تردا یه‌كیان گرت و كۆمه‌ڵه‌ی خۆیبوونیان پێك هێنا. كۆمه‌ڵه‌كه بوو به سه‌رمه‌شقی بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری شۆڕشی ئاگری دا‌غ (ئارارات) كه ئیحسان نووری پاشا بوو به فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌می شۆڕشه چه‌كدارییه‌كه.
پاشان له ساڵی 1927 له په‌نای چیای ئارارات، جاڕی دروستبوونی كۆماری كوردستانی ئاراراتیان دا و گوندێكیان به‌ناو (كورداڤا) كرد به پایته‌ختی كۆماره‌كه. ئیحسان نووری پاشا بوو به سه‌رۆك كۆمار و ئیبراهیم پاشا سه‌رۆكی تیره‌ی جه‌لالی بوو به سه‌رۆك وه‌زیران و كه‌سی دووه‌می كۆماره‌كه و جێگری ئیحسان پاشا.
كۆماری كوردستانی ئارارات، پێوه‌ندیان به پارچه‌كانی تری كوردستانه‌وه كرد بۆ هاوكاری، له كوردستانی باشووره‌وه شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی چووه هانایانه‌وه و هاوكاری سه‌ربازیی كردن و له ڕۆژهه‌ڵاتیشه‌وه سمكۆی شكاك، ته‌نانه‌ت كورده‌كانی سووریا به شێوازی جیاجیا پشتگیریی زۆریان له كۆماره‌كه كرد و گوشاریان خسته سه‌ر توركیا، پاشان پێوه‌ندیان به ئینگلیز و فڕه‌نسا و كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لانه‌وه كرد.
توركیا هێرشی زۆری بۆ كردن، به‌ڵام له سه‌ره‌تادا كورده‌كان سه‌ركه‌وتوو بوون و چه‌ند شوێنێكیان له توركه‌كان پاك كرده‌وه، چونكه له سه‌ره‌تای دروستبوونی كۆماره‌كه‌دا ئێران هاوكاری توركیای نه‌ده‌كرد، پاشان ئێران پشتی له كۆماره‌كه كرد، له ساڵی 1930 توركیا به سوپایه‌كی زۆر به‌هێز و به‌كارهێنانی چه‌كی قورس و فڕۆكه، هێرشی كرده سه‌ر كۆماره‌كه و هه‌رچه‌نده كورده‌كان به‌ره‌نگاریان بوونه‌وه، به‌ڵام سه‌رۆك وه‌زیران ئیبراهیم پاشای حه‌سكی شه‌هید بوو، زۆر له جه‌نگاوه‌ره‌كانیش شه‌هید و بریندار بوون و گیران.
ئیحسان نووری پاشا توانی خۆی ڕزگار بكات و به هێزێكی 500 كه‌سییه‌وه هاته كوردستانی باشوور، به‌ڵام ئینگلیز نه‌یانهێشت شێخ مه‌حموود ببینێت و گوتیان ده‌بێ پێوه‌ندی به سوپای عێراقه‌وه بكه‌ی، ئه‌ویش ڕازی نه‌بوو، ناچار چووه كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و لای سمكۆی شكاك مایه‌وه. پاش ماوه‌یه‌ك خۆی راده‌ستی كاربه‌ده‌ستانی ئێران كرد، له سه‌ره‌تاوه گیرا، پاشان وه‌ك په‌نابه‌ری سیاسی له ماڵی خۆیدا خرایه ژێر گه‌مارۆی ساواك و میتی توركیاوه.
پاشا زیاتر له 45 ساڵ له ئاواره‌ییدا مایه‌وه، سێ كتێبی له‌سه‌ر بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی، ڕاپه‌ڕینی ئارارات و مێژووی ڕه‌گوڕیشه‌ی كورد نووسیوه، تا ساڵی 1976 له به‌رده‌م ماڵه‌كه‌یدا ماتۆڕسكیلێك لێی دا، ماوه‌یه‌ك له نه‌خۆشخانه مایه‌وه و دواتر له 25/3/1976 له نه‌خۆشخانه‌ی سینای شاری تاران كۆچی دوایی كرد. ئه‌میش له غه‌ریبدا و به حه‌سره‌تی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه سه‌ری نایه‌وه.
له دیدارێكی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك قازی محه‌مه‌د، وه‌ك ڕاسپارده‌یه‌ك پێی گوتووه، جه‌نابی قازی ئێوه كه باڵه‌خانه‌یه‌كی تازه بۆ كورد دروست ده‌كه‌ن، تا ته‌واوبوونی باڵه‌خانه‌كه نابێت له‌سه‌ر ڕه‌نگی ناوه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌كه به‌گژ یه‌كدا بچن.
هه‌روه‌ها له دیدارێكی له‌گه‌ڵ خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فا بارزانی، وه‌ك كه‌سێكی مارانگه‌سته‌ی شۆڕشی میله‌تێكی سته‌ملێكراو، پیرۆزبایی له بارزانی ده‌كات و ده‌ڵی: هیوادارم پشتان تێنه‌كه‌ن، وه‌ك چۆن ڕه‌زا شا پشتی له ئێمه كرد و شۆڕشه‌كه‌ی تواندینه‌وه، له كاتێكدا ڕه‌چاوی ئه‌وه‌مان له ئێران نه‌ده‌كرد.
ئه‌وه‌بوو دواتر شۆڕشی ئه‌یلوولیش به‌هه‌مان پیلانی دوژمنان و هاوشێوه‌ی شۆڕشی ئارارات له‌بار برا، پێشبینی و حه‌سره‌ته‌كه‌ی ئیحسان پاشا تازه بووه‌وه. له ژیانیدا سێ حه‌سره‌تی ڕووخانی كۆماره‌كانی ئارارات و مهاباد و كوردستانی قه‌وقازی بینی، كۆتاهێنان به شۆڕشی ئه‌یلوولیش، خه‌رمانی حه‌سره‌ته‌كانی پاشای هێنده‌ی تر گه‌وره‌تر كرد.
قازی محه‌مه‌د
قازی محه‌مه‌د (1893-1947) له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناودار و تێكۆشه‌ری مهاباد له دایك بووه، دوای ته‌واوكردنی خوێندن ده‌بێته قازی له مهاباد، زمانه‌كانی كوردی، فارسی، عه‌ره‌بی و توركی زانیوه، ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ زمانی ئێنگلیزی و ڕووسیشدا هه‌بووه، له‌به‌ر كه‌سایه‌تی خۆی و ناوداری بنه‌ماڵه‌كه‌ی، كۆمه‌ڵه‌ی (ژ، ك) پێوه‌ندی پێوه ده‌كه‌ن و زۆریان خۆش ده‌وێت و هه‌میشه پرس و ڕاوێژی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، قازی ده‌چێته ڕیزه‌كانیانه‌وه و دواتر ده‌بێته حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران.
له سه‌رده‌می قازی‌دا حزبی دیموكرات په‌لوپۆ ده‌هاوێژی و گه‌شه ده‌كات، قازی ده‌توانێ هه‌لی دروستبوونی كوردستانی سه‌ربه‌خۆ بێنێته ئاراوه، ئه‌وكاته كار بۆ ئه‌وه ده‌كرا كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات وه‌ك ناوچه‌یه‌كی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری بلكێنرێ به كۆماری ئازه‌ربایجانه‌وه كه له ناوچه‌ی ئازه‌ربایجانی ئێران له دایك بوو.
قازی محه‌مه‌د پێش جاڕدانی كۆماره‌كه‌ی، ده‌توانێ سه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجانی شیوعی ئه‌وكاته و ئازه‌رییه‌كانی ئێران، ڕازی بكات به دروستبوونی دوو كۆماری كورد و ئازه‌ری، دواتر به پاڵپشی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت هه‌ردوو كۆماری ئازربایجان و مهاباد له دایك بوون، كه قازی جاڕی دروستبوونی كۆماری مهاباد ده‌دات، خۆی ده‌بێته سه‌رۆك كۆمار، كاربه‌ده‌ستانی ئێران ناچار ده‌بن پێوه‌ندی پێوه بكه‌ن، قوام سه‌ڵته‌نه سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاته‌ی ئێران بانگی قازی بۆ تاران ده‌كات و دانیشتنی فه‌رمی به‌ڕێوه ده‌چێت، به‌ڵام قازی گوێ له‌و داواكارییانه ناگرێت كه ددان به مافی كورد و كۆماره‌كه‌یدا نانێن. بۆیه ناگه‌نه هیچ ڕێككه‌وتنێك.
قازی ده‌گه‌ڕێته‌وه مهاباد، ئێران له یازده‌مین مانگی ته‌مه‌نی كۆماره‌كه‌دا هه‌ر ته‌قه‌لای سیاسی له‌باربردنی كۆماره‌كه ده‌كات، قازیش له هه‌وڵی پته‌وكرنی كۆماره‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت، تا سه‌ردانی باكۆ ده‌كات بۆ به‌رده‌وامی هه‌ردوو كۆماره‌كه.
قازی توانی خه‌ڵكێكی زۆری پارچه‌كانی تری كوردستانیش له ده‌وری كۆماره‌كه‌ی كۆ بكاته‌وه، سه‌ره‌نجام سۆڤیه‌ت له‌گه‌ڵ ئێران ڕێك ده‌كه‌وێت و ده‌ست له پشتگیری هه‌ردوو كۆماری ئازه‌ربایجان و مهاباد هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌وه ده‌بێت به هه‌ل و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران به هێزێكی زۆره‌وه هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر هه‌ردوو كۆمار.
له سه‌ره‌تادا كۆماری ئازه‌ربایجان ده‌ڕووخێنن و خوێنێكی زۆر ده‌ڕژێت، له هێرشی سه‌ر كۆماری مهاباددا زۆر له سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتداری كۆماری كوردستاندا له مهاباد ده‌گرن، چونكه قازی هه‌وڵی زۆری دا خوێن نه‌ڕژێ و شار و میله‌ته‌كه‌ی زیانمه‌ند نه‌بن، هه‌ر ئه‌مه‌یش وای كرد خۆی بكاته قوربانی و له‌پێناوی خوێن نه‌ڕشتن و ماڵوێرانی خاكه‌كه‌یدا، خۆی به‌ده‌سته‌وه ده‌دات، هه‌رچه‌نده پێشتر پێیان ڕاگه‌یاندبوو كه ده‌توانێ كۆمار و خه‌ڵكه‌كه جێ بهێڵێت و خۆی نه‌دات به‌ده‌سته‌وه، به‌ڵام قازی ده‌زانێ به‌ره‌نگاری نابه‌رانبه‌ر سوودی نییه، شه‌ڕ و جێهێشتنی خه‌ڵكه‌كه‌یش ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، بۆیه به حه‌سره‌تی پاراستنی كورده‌وه ئاڵای كۆماره‌كه وه‌ك ڕاسپارده‌یه‌ك ده‌داته ده‌ست مه‌لا مسته‌فای بارزانی، پێش خواحافیزی و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان، پێی ده‌ڵێت: من خۆم فیدای خه‌ڵكه‌كه‌م ده‌كه‌م و وه‌ك گرتنه‌وه‌ی كۆماری ئازه‌ربایجان ناهێڵم خوێن بڕژێت، له هه‌مان كاتدا ڕاده‌ستكردنی ئاڵاكه ئاماژه‌یه‌كه كه ده‌بێت كورد دوای خۆی ئاڵای كوردستان بپارێزێت.
هه‌رچه‌نده هه‌ندێ سه‌رچاوه باس له نووسینی وه‌سیه‌تنامه‌ی فه‌رمی ده‌كه‌ن، كه له وه‌سیه‌تنامه‌كه‌دا دووپاتی له یه‌كگرتوویی كورد كردووه‌ته‌وه "1".
به‌داخه‌وه، قازیش تا له مه‌یدانی چوارچرای مهاباد له سێداره درا، به حه‌سره‌تی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی و پاراستنی ئاڵاكه‌یه‌وه ماڵئاوایی له ژیان كرد، ئه‌و له‌پێناوی پاراستنی خه‌ڵكه‌كه‌ی سه‌ری نایه‌وه. خۆشبه‌ختانه ئاڵای كودستانیش پارێزرا.
سه‌رچاوه و په‌راوێزی ئه‌م وتاره:
1-وتارێكی نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته، ناگۆڕنۆ قه‌ره‌باخ، زۆنی له‌باربردنی كوردستانی سوور و دوو هه‌وڵی نه‌زۆكی قه‌واره‌یه‌ك بۆ كورد، سایتی وشه 2020.
2-- دوو وتاری لاپه‌ڕه‌ی ئازادی ویكیپیدیا له‌سه‌ر ئیحسان نووری پاشا و قازی محه‌مه‌د. به زمانی ئینگلیزی.
3-كۆماری ئارارات، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له مێژوو، چۆمان ته‌قێدین.
4-كۆماری ئارارات له مێژووی شۆڕشی ئاگری داخدا، د. كه‌یوان ئه‌نوه‌ر.
5- شۆڕشی ئارارات، وه‌ك ئیحسان نووری پاشا ده‌یگێڕێته‌وه، ساڵه‌ح بێچار، ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ/ 7/3/2018.
1_ بۆ ده‌قی وه‌سیه‌تنامه‌كه‌ی قازی محه‌مه‌د، بڕوانه كوردستان میدیا، ماڵپه‌ڕی ناوه‌ندی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، 10 بانه‌مه‌ڕی 2721.