كورد لە ئەفغانستاندا

AM:09:21:17/08/2021 ‌
 ئەفغان، فارس، كورد، جگە لەوەی سێ گەلی كولتوور و نەریت هاوبەشن، زۆرینەیشیان ئیسلامن، زمانیان نزیكە لە یەكەوە، هەمان كولتوور و داونەریتی وەك یەكیان هەیە. لەو خاكەی تێیدا دەژین زۆرجار دژی گەلانی داگیركەری سەر ناوچەكانیان تێكۆشاون. كورد چونكە دەوڵەتێكی هەمیشەیی سەربەخۆی نەبووە، بەردەوام كۆچی كردووە، لە كۆچ و ڕاگوێزان نەوەستاوە بۆ وڵاتانی تر، چ كۆچی ئارەزوومەندانە بێت یا ڕاگواستنی زۆرەملێ. 

سەردەمی ڕۆیشتن و ژمارەی كوردەكانی ئەفغانستان 
كورد جگە لە ڕاگوێزانی زۆرەملێی دەسەڵاتە داگیركەرەكانی كوردستان، خۆیشیان بە چواردەوری وڵاتانی دنیادا بڵاو بوونەتەوە، لەو ڕوانگەوە كە ئەفغانستان هاوسنووری ئێرانە، ژمارەیەكی زۆر كوردیش بۆ سنوورە دوورە بەربڵاوەكانی ئێران ڕاگوێزراون، ئیتر كورد له سنووری ڕۆژئاوای ئێرانەوە ڕووی كردووەتە ئەفغانستان. 

سەرچاوەكان ژمارەی كوردەكانی ئەفغانستان بە رێژەی 2٪ی دانیشتووانی وڵاتەكە دادەنێن، بە زۆری لە ناوچەكانی باكوری ڕۆژئاوای هاوسنووری ئێران دەژین، بەڵام ئێستە بڵاوەیان كردووە لە شارەكانی قەندەهار، هیرات، غەزنی، مەزارشەریف و شوێنەكانی تریش هەن. بەشێكی كەمیان كوردی ئێزیدین، كوردە ئێزیدییەكانی قەندەهار زاراوەی پیرقەندەهار لەناو یەك بەكار دێنن، كە گوتی پیر قەندەهاریم، واتە كوردم. 

كوردەكانی ئەفغانستان بە زۆری بە كرمانجی سەروو قسە دەكەن، ژمارەیان لە بەرزترین هەڵكشاندا گەیشتووەتە نزیكەی 220 هەزار كەس، تەنانەت حزبی كوردیشیان هەبووە و سەرۆكی حزبەكە ناوی (عەبدولڕەحمان جود) بووە. ئەوان زۆربەیان مسوڵمانن و بەشێكیشیان مەسیحی و ئێزیدین. بەشێك لەو كوردانە لە سەردەمی شاعەباسی سەفەویدا ڕاگوێزراون "1". 

بەشێك لە كوردەكانی ئەفغانستان نزیكەی هەزار و 500 ساڵ پێش ئێستە لە ئێرانەوە چوونەتە ئەفغانستان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەلامارەكانی مەغۆل كە هاتوون بۆ وێرانكردنی ناوچەكە. بۆچوونێكیش دەڵێ، لەگەڵ ڕاگوێزانی كوردانی خوراساندا، دوای ئەوەی لەوێ جێگیر بوون، بەشێكیان خۆیان خزاندووەتە ناو ئەفغانستان. 

مێژوونووسان سەردەمی چوو‌نی كورد بۆ ئەفغانستان دەگەڕێننەوە بۆ كاتی فەرمانڕەوایی نادر شای ئەفشار كە ویستوویەتی ئەفغانستان داگیر بكات، لە سەرەتادا دوو كاروانی خەڵكی ناردووە لەوێ نیشتەجێ بن، كاروانێكیان تورك و كاروانەكەی تر كورد بوو‌ن، بە نیاز بووە لە كاتی هێرشەكانیدا بەكاریان بهێنێت، چونكە كوردەكان جەنگاوەری بەتوانایان هەبووە. دواتریش كوردی زۆر لە ئێرانەوە لەگەڵ خۆی بردووەتە ئەفغانستان. ئەو كوردانە سەردەمی نادر شا، ئێستە لە شارەكانی كابول، مەزار شەریف، غەزنی دەژین، یەكێك لەو سەردارانەی كورد ناوی "نادر كەریم مەریوانی" بووە كە نادر شا پشتی پێ بەستووە. ئێستەیش گۆڕی كەسایەتیی كورد له كابول هەیە، لە كێلەكەی نووسراوە (غولام ڕەزاخان) كە یەكێك بووە لە سەردارە كوردەكانی ئەو سەردەمە"2". 

جگە لە غەزنی، كوردەكان لە ناوچەی (چند اول)ی سەربە كابول هەن كە بە مانای (چەند خێوەت) دێت، كوردەكان لە سەرەتادا لە دامێنی كێو و چیاكانی (چند اول) نیشتەجێبوون سەرەتا ژمارەیان 50 ماڵبات بووە، ئێستە بەهۆی شەڕوشۆڕ و خراپی بارودۆخی ئەفغانستانەوە، زۆربەیان چوونەتە دەرەوەی وڵاتەكە، بەڵام تا ئەم ساڵانەی دوایش كوردێك بەناوی (ئامان) ماوەتەوە كە تەمەنی زیاتر لە 100 ساڵ ‌بووە، ئەویش هاتنی كوردەكانی ئەفغانستانی بۆ سەردەمی نادر شای ئەفشار دەگەڕێنێتەوە، لەو ڕوانگەوە كە نادر شا بە بنەچە كورد بووە، متمانەی بە كوردەكان زۆر هەبووە، بۆیە لە دەوری خۆی كۆی كردوونەتەوە و بۆ ئەو شوێنانەی ڕاگواستوون كە نیازی هێرشی بۆی هەبووە تا لە پەلامارەكانیدا پشتیان پێ ببەستێت. 

كوردەكان لە سەردەمی پاشا (ئەمیر حەبیبوڵا) خەڵكی ناودار و سەرداریان تێدا هەڵكەوتووە وەك موشیر جەعفەر خان، میر ئەحمەد خان، میر عەلی ئەسغەر، سروور خان كە ڕۆڵی سەرەكییان گێڕاوە، كارەكانی وەك ڕاوێژكاری سەربازی، سكرتێر، كارگێڕیی بووە "3".

سەرچاوەی تری مێژوویی هەن كۆچ و ڕاگوێزانی كورد بۆ ئەفغانستان نەك هەر بۆ سەردەمی نادر شا، بەڵكو بۆ سەردەمانی كۆی پاشا ئەفشارییەكان دەگێڕنەوە، بەڵام سەردەمی نادر شا زۆرتر بوون، چونكە جگە لە متمانە بە كوردەكان، كەریم مەریوانی كردووەتە بەرپرسی قەڵاكەی، هەروەها میر (عەلی ئەسغەر شا) كوردێكی چالاكی بواری سەربازیی بووە، لە سەردەمی زاهیرشادا هەڵگەڕاوەتەوە و پاشان گیراوە و لە سێدارە دراوە، دواتر سەردارە كوردەكانی تر (جەعفەرخان و عەسكەر خان) زۆرتر ڕۆڵی سیاسییان گێڕاوە و ستەمیان دژی كورد پێ قبووڵ نەكراوە، ئەوانیش دەگیرێن و لە سێدارە دەدرێن. بەدوایاندا سەروەر خان ڕۆڵی گێڕاوە لە ئاراستەكردنی جووڵانەوە سیاسییەكانی كورددا"4"". 

تا سەردەمی ئەفغاستانی شیوعی،‌ زۆربەی ئەو جووڵانەوانەی دژی شیوعییەت بەرپا بوون، بەشێكیان سەردارە كوردەكانی دانیشتووی (چند اول) بوون، هەر كوردەكانی ئەوێ حەمامی دێرین، مزگەوتی دروستكراو لە دار و قوڕیان بنیات ناوە، مزگەوتەكە زۆرتر ڕەوتی سۆفیگەری تێدا بووە، بۆیە وەك خانەقا ناو براوە. هەندێ سەرچاوە مێژووی دروستبوونی مزگەوتەكە بۆ 230 ساڵ پێش ئێستە دەگێڕنەوە، هەندێكی تریش دەڵێن كۆنترە، بەڵام هەموو سەرچاوەكان كۆكن لەسەر ئەوەی مزگەوتەكە لەلایەن كوردەكانەوە دروست كراوە "5". 

زانیاریی ئەوەش هەیە كە كوردەكان لە سەردەمی كەریم خانی زەند كە لە سەرەتاوە باڵێكی سەربازی ئەفشارییەكان بوو، لە (ناوچەی خواجە عومەری، گوندێ دەنهال، ویلایەتی غەزنی) ژیاون، كاری سكرتێری و بەڕێوەبەری كارگێڕی ئەو سەردەمەی ناوچەكانیان كردووە، ژمارەی كوردەكان ئەفغانستان دوای چوونیان بۆ دەرەوە و پەرشوبڵاوكردنیان و توانەوەیان لەناو گەلانی تردا، بە چوار هەزار و 100 كەس دەخەمڵێنن. ئاماژە بەوەش دەدەن ٪99یان مسوڵمان و ئەوانی تر ئێزیدی و مەسیحی بوون"6". 

ژیانی كوردەكانی ئەفغانستان 
ئێستەیش ئەفغانستان بە یەكێك لە وڵاتە دواكەوتووەكانی گۆی زەوی دادەنرێت و ڕێژەی نەخوێندەواری و هەژاری تێیدا بەرزە، كوردەكانیش هەمان ژیانی سادە و پڕئازار و كێشەیان لە ئەفغانستاندا بردووەتە سەر، بەهۆی نزیكی كولتوور و داونەریتی هاوبەش و جەژنی نەورۆزەوە، ژیانیان وەك یەك بووە. 

كوردەكانی كابول لە هەمانشێوەی ناوەندی جیۆگرافیای شارەكانی (سەقز، سنە، مەریوان، دیواندەرە)ی پڕ شاخ و داخ و دەشتدا دەژین، چونكە ئەفغانستان هەمانشێوەی كوردستانی هەیە لە شاخ و كێو هەرد، ژمارەیەكی كەم نەبێ كە لە سەنتەری شارەكان بوون، ژیانێكی سادەی پڕ كاری قورس ژیاون، لە ڕابردوودا بەهۆی شەڕوشۆڕی بەردەوامی سەردەمی شیوعییەت و شۆڕشی ئیسلامی تاڵیبان، زۆربەیان چوونەتە دەرەوەی ئەفغانستان. 

ئێستە ژمارەیەكی زۆر كەمی كورد ماون لەو وڵاتە، چونكە بە ئێستەیشەوە وەك دەبینین باری ئاسایشی ئەفغانستان جێگیر نییە. دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، بە چەند رۆژێك تاڵیبان حوكمی وڵاتەكەی گرتەوە دەست و كۆشكی سەرۆكایەتیی گرت. 

سەرچاوە و پەراوێزەكان: 
1- بڕوانە وتارێكی سایتی (باخرە الكورد) و كۆمێنتەكانی..
2 و 3-  بڕوانە كردهای افغانستان، حسین احسانی، انستیتوت متلعاتی استراتجیك افغان، 2019.
4 و 5- بڕوانە هەمان وتارەكەی حوسێن ئیحسانی كە لە ڕۆژنامەی (هەشتی بەیانی) بڵاوی كردووەتەوە. هەمان وتار لەلایەن ئەیمەن شێخ محەمەد كراوە بە كوردی لە سایتی (چاوی كورد) بڵاو بووەتەوە 2020. 
6-  بڕوانە central Kurd in Afhganistan,profilesource;Middle Eeast.joshua project.net2021  هەروەها كوردانی ئەفغانستان، وتارێكی سایتی پەیسەر پرێس 2019 .