لەبارەی ئازادییەوە

PM:01:58:23/10/2021 ‌
ئازادی بەمانا و زەوینە فراوانەكەیەوە، پێناسەی جیاجیا لەخۆ دەگرێت، لە زۆر ڕوانگەی ڕەنگاوڕەنگی پێویستی ژیانەوە پێناسەی ئازادی كراوە، هەریەك لە ڕێی پێویستبوونی ئازادی بە بوارە تایبەتەكەی ژیانەوە، پوختەی چەمكی ئازادی لە پێناسەكەیدا ڕەنگی داوەتەوە، دەتوانین لە كۆی پێناسەكانی ئازادی، پێویستبوونی ئازادی لە هەموو بوارەكانی ژیاندا ببینین، بێ هیچ جیاوازییەكی رەگەز، ڕەنگ، ئاین، مەزەو، نەتەوە و كەمینە.

لە بەرانبەر ئەزموونكردنی ژیانێكی سەربەستانەی مرۆڤدا، فەراهەمبوونی ئازادی بۆ تاك و كۆ لە كۆمەڵدا  پێویستە، چونكە ئازادی بە واتای بوونی فەزایەكی ڕەهای سەربەستە كە مرۆڤ تێیدا بتوانێ كۆی ویست و پێوستییەكانی وەدەست بێنێت، لە دەربڕین، ڕوانین، فێربوون، نووسین و خوێندنەوە، مافی چارەی خۆنووسین، تا وەدەستهێنانی پێویستییە بایۆلۆجی و ڕۆحییەكان و تێكڕای مافەكانی تری مرۆڤ لە چوارچێوەی ڕێپێدراوی یاسادا بێ سانسۆر. 

بێگومان بوونی یاسا لێرەدا یاسای سروشتییە نەك یاسایەكی داڕێژراوی داسەپێنراو بەسەر تاك و كۆمەڵدا كە ئازادی قەتیس بكات، مەبەست لە چوارچێوەی یاسایی سروشت، واتە نەبوونی لیبراڵیی بێ سنوور كە لە بەرانبەر فەراهەمكردنی پێویستییەكانی خۆتدا ئازادی تاكەكانی تر پێشێل بكەیت، هەرچەندە فەراهەمبوونی ئازادی، سنوورێكی ناسراوی نییە، كە دەڵێین ئازادی، نابێ سنوور هەبێت لە فەراهەمبوونی ویست و پێویستییەكانی مرۆڤدا، بەڵام كە دەڵێین چوارچێوەی یاسایی، واتە ئازادی تا ئەوكاتە لە فەراهەمكردنیدا بایەخی بۆ تاك و كۆمەڵ هەیە، كە نەچێتە سنووری ئازادی كەسانی تر و كۆمەڵی ترەوە و مافەكانیان پێشێل نەكات، چونكە ئەوانیش هەمان مافی ئەزموونكردنی ئازادییان هەیە. ناكرێ سنووری ئازادیی كەسەكان تێكەڵ بكرێت و لە كاریگەری یەكتر كەم بكەنەوە. 

مرۆڤ توانای وەدەستهێنانی خواستەكانی خۆی هەبێت بێ بوونی دەستێوەردانی دەرەكی یا زۆرەملێی دەوروبەر


شێوە سادەكەی پیادەكردنی ئازادی، واتە مرۆڤ توانای وەدەستهێنانی خواستەكانی خۆی هەبێت بێ بوونی دەستێوەردانی دەرەكی یا زۆرەملێی دەوروبەر، بە مەرجێك سنووری ئازادی كەسانی تر پێشێل نەكات، ئازادی تاكیش، واتە پیادەكردنی ئەو شتانەی كە كەسانی تر ڕێ لە ئەنجامدانیان دەگرن، ئازادی بە مانای نەبوونی ترس و بەربەستە، چێژوەرگرتنە لە پێویستییەكانی مرۆڤ، لە هەموو بوارەكانی ژیاندا، تاك ئازاد نەبێت، ئازادی كۆ مانای نامێنێ، دووبارە ئازادیی كۆی مرۆڤیش سنوور ناناسێ تا ئەوكاتەی ئازادی تاك و كۆی كەسانی تر پێشێڵ نەكرێت، لە بواری پۆلێنكردنی جۆردا ئازادی ژن و پیاو لە خێزان و كۆمەڵدا، ئازادی ئاین و مەزەو، بیڕوای سیاسی، ڕۆژنامەوانی، تا ڕەوشتیش بەپێی داونەریتی ئاسایی كۆمەڵ، لە جۆرەكانی پۆلێنكردنی ئازادین و فەراهەمكردنیان پێویستی ژیانە، بێگومان هەتا مرۆڤ ئازادی لێ زەوت نەكرێت، كەمتر لە فەزای فراوانی پیادەكردنی ئازادیدا هەست بە تاموچێژی ئازادییەكی ڕەها دەكات، یان تاموچێژی گەڕانەوەی ئازادی دوای قەتیسبوونی ئازادی، تاموچێژێكی هەست پێكراوی ئاسوودەییبەخشی دەروونییە. 

لەگەڵ بوونی ژیاندا ئازادی هاتووەتە ئاراوە، تا ژیان هەبێت ئازادی پێویستە و هەر دەمێنێ، هەر ئەزموون نەكردن و ڕەوا نەبینینی ئازادییە بە گەلان، شۆڕش و خەبات دێنێتە ئاراوە، بەڵام هەرگیز ئازادی لە هەموو قوژبن و گۆشەكانی دنیادا، وەك یەك فەراهەم نابێت، بۆیە شەڕوشۆڕ و نادادپەروەری هاتووەتە ئاراوە، چونكە ئازادی لە ڕووی فسیۆلۆجییەوە ڕەهاكردنی پیادەكردنی حەز و ئارەزووەكانە.