په‌تای كۆرۆنا له دنیا هه‌ر له ته‌شه‌نه‌كرندایه و كۆمه‌ڵێك شوێنه‌وار و ته‌نگژه‌ی ته‌ندروستی، كۆمه‌ڵایه‌تی و گرنگترینیشیان ئابووری له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه كه به‌رۆكی دنیای گرتووه‌ته‌وه. له گرنگترین و خێراترین ئه‌و ته‌نگژه دیارانه‌ی هاوكات له‌گه‌ڵ كۆرۆنا؛ داڕمانی نرخ و هاوكات خواست له‌سه‌ر نه‌وته. عێراق له‌و وڵاتانه‌یه كه له‌م ته‌نگژه ئابوورییه‌دا، خێراترین و گه‌وره‌ترین زیانی به‌رده‌كه‌وێت، چونكه ئابوورییه‌كه‌ی ٩٥%ی پشت به فرۆشتنی نه‌وت ده‌به‌ستێت.
له عێراقی ئه‌مڕۆدا كه له‌لایه‌ك گیرۆده‌ی په‌تای كۆرۆنایه و له‌لایه‌كی تریشه‌وه نزیكه‌ی شه‌ش مانگه حكوومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ر به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، له بۆشاییه‌كی ده‌ستووری و یاساییدا بوو و هه‌رچه‌نده حكوومه‌تی نوێ متمانه‌ی په‌رله‌مانی وه‌رگرت، به‌ڵام هێشتا بۆ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراو، كاتی پێویسته و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌مان ئه‌و لایه‌نه شیعییانه‌ن كه ده‌ستی باڵایان له پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی عێراقدا هه‌یه. ته‌نگژه‌ی ئابووری بێگومان كاریگه‌ریی زیاتری هه‌یه و هاوكات له‌لایه‌ن هێزه سیاسییه‌كانه‌وه وه‌ك كارتێك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێی تایفی و ئایدۆلۆجیك و سه‌پاندنی ئه‌جێندای ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی به‌كار ده‌هێنرێت. بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و بژێوی هاووڵاتییانی كورد، یه‌كه‌مین دیمه‌نی ئه‌م ئه‌جێندایه‌یه.
حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌گشتی خه‌ڵكی كوردستان له عێراقدا سته‌ملێكراوترین پێكهاته‌ن، چونكه زۆرینه‌ی ململانێیه سیاسی و تایفی و هه‌روه‌ها یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌جێندا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هێزه عێراقییه‌كان، له كۆتادا له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكی كورد به‌ڕێوه ده‌برێن.
ئێسته به‌هۆی داڕمانی نرخی نه‌وت، بودجه‌ی عێراق له كورتی داوه و ئه‌وه‌ش ده‌كرێته بیانوو بۆ بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌مه به‌ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ ڕێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا به‌پێی یاسای بودجه‌ی ٢٠١٩ ناكۆكه و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی خۆی به‌و ڕێككه‌وتنه و ڕاده‌ستكردنی ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بۆ كۆمپانیای سۆمۆ ڕاده‌گه‌یه‌نێت، كه‌چی حكوومه‌تی ناوه‌ند ئه‌و ڕێككه‌وتنه پێشێل ده‌كات. بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم، بۆ خه‌ڵكی كوردستان له‌م بارودۆخه ئه‌سته‌مه‌ی ته‌نگژه‌ی كۆرۆنادا، ته‌نگژه‌یه‌كی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی دژوار دروست ده‌كات و بارێكی قورس ده‌بێت.
بێگومان ئه‌مه دیوی ئاشكرای بابه‌ته‌كه، واتا ئه‌نجامه‌كه‌یه. به‌ڵام پشتی په‌رده‌ی ئه‌م سیاسه‌ته چییه و هاوكات كورد ده‌بێ چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌دا بكات، شیاوی لێكدانه‌وه‌یه.
له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی پشتی په‌رده‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی حكوومه‌تی عێراق به‌رانبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان:
یه‌كه‌م؛ بۆشایی حكوومه‌ت، واتا حكوومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر له ماوه‌ی نزیكه‌ی شه‌ش مانگدا دۆخی عێراقی به‌ره‌و ئاڵۆزبوونی زیاتر بردووه، له‌لایه‌كی تره‌وه حكوومه‌ته‌كه‌ی مسته‌فا كازمی هه‌رچه‌نده به دروشم گه‌وره بنوێنێت، وادیاره حكوومه‌تێكی كاتی و به ئه‌ركێكی سنووردار ده‌بێت (ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت). ئه‌م دۆخه ده‌رفه‌تی زیاتر ده‌دات به هێز و گرووپه میلیشیایی و تایفییه‌كان (حه‌شدی شه‌عبی، حزبوڵا، سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسی و چه‌كدارییه‌كانی نزیكی ئێران) كه دیدگه‌ی تایفی و ئه‌جێندای ئێرانی له عێراقدا قووڵتر بكه‌نه‌وه. بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم له‌م كاته‌دا له‌ژێر كاریگه‌ری و قورسایی ئه‌م لایه‌نانه به‌ڕێوه ده‌چێت.
دووه‌م؛ ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌سه‌ر دوو كۆڵه‌كه‌ی تایفی و شۆڤێنی بنیات نراوه. له قۆناخه جیاوازه‌كاندا ئه‌م دوو دیدگه‌یه زیانی گه‌وره‌یان به كورد گه‌یاندووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه له عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣، به‌شێوه‌ی ده‌ستووری پاشه‌كشه به‌م دیدگه‌یه كراوه، به‌ڵام هێشتاش وه‌ك عه‌قڵێك زاڵه و هه‌ركاتێك ده‌رفه‌تی بۆ بڕه‌خسێت خۆی ده‌رده‌خاته‌وه، ئه‌مڕۆ لایه‌نه شیعییه‌كانی عێراق پڕبه‌پێست به‌م عه‌قڵه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورد ده‌كه‌ن. جیاوازییه‌كه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه كه زووتر له‌ڕێی هێزی سه‌ربازییه‌وه دژایه‌تیی كوردیان ده‌كرد، به‌ڵام ئێسته له‌ڕێی پێشێلكردنی ده‌ستوور و گه‌مارۆی ئابووری و...
سێیه‌م؛ له دیدگه‌ی هێزه شیعییه تایفییه نزیك له ئێرانی و دژه ئه‌مه‌ریكییه‌كانی عێراقه‌وه؛ عێراق ده‌بێ یه‌كده‌ست دژه ئه‌مه‌ریكی بێت. هه‌ر له دیدگه‌ی ئه‌وانه‌وه، هه‌رێمی كوردستان له‌و هێڵه‌دا نییه. له چاوی ئه‌وانه‌وه، ئه‌وان ئه‌مه‌ریكایان له عێراق ده‌ركردووه، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا هێزه‌كه‌ی هێناوه‌ته هه‌رێمی كوردستان. بۆیه ئێسته به‌ڕاستی به‌چاوی نه‌یار سه‌یری هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.
چواره‌م؛ حكوومه‌تی عێراق له هه‌وڵی له‌باربردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستاندایه. ئه‌گه‌ر بۆیان بكرێت نه‌ك ته‌نیا به بڕینی بودجه، به‌ڵكو نیازی گۆڕینی ده‌ستوور و تێكدانی قه‌واره‌ی فیدراڵی و پێچانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان هه‌یه.
له به‌رانبه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ی حكوومه‌تی عێراقدا؛ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان:
یه‌كه‌م؛ نه‌ریتی حكوومه‌تی عێراق ئه‌وه بووه كه هه‌ركاتێك حكوومه‌تی ناوه‌ندی توانی خۆی كۆ بكاته‌وه و هێزی خۆی بچه‌سپێنێت، ڕووی له دژایه‌تی كورد كردووه و ئه‌مه له مێژووی عێراقدا نموونه‌ی زۆره. ئه‌م قۆناغه؛ ڕێك ئه‌و كاته‌یه كه شیعه به دیدگه‌ی تایفی و شۆڤێنی ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی عێراقدا گرتووه و خۆی چه‌سپاندووه. بۆیه دژایه‌تی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌م قۆناغه‌دا، بۆ كورد بابه‌تێكی رۆژانه نییه و زۆر له بڕینی بودجه قووڵتره و به‌ته‌واوی بابه‌تێكی نیشتمانییه. بۆیه به‌گژداچوونی ئه‌م سیاسه‌ته پێویستی به یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی و هاوهه‌ڵوێستی سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان هه‌یه. پێم وایه ده‌زگای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و نێچیرڤان بارزانی ده‌مێكه ده‌ركی به‌م كێشه‌یه كردووه و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه كوردستانییه‌كان و پرس و ڕاوێژ به هه‌موویان له‌پێناو هاوده‌نگكردنی سیاسه‌تی كورد له به‌غدا، جێی بایه‌خه. ئه‌مه خوێندنه‌وه‌یه‌كی پێشوه‌خته بووه و بۆ له‌مه‌ودوا زۆر گرنگه كه بایه‌خێكی زیاتری پێ بدرێت.
دووه‌م؛ كورد ده‌بێ له سه‌رجه‌م دانوستاندنه‌كانیدا پشت به ده‌ستوور و یاسا ببه‌ستێت. چونكه تاكه گره‌نتی كورد له‌ناو ئه‌و هه‌موو ئاڵۆزییه‌ی عێراقدا، ده‌ستووری عێراقییه كه مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی تێدا مسۆگه‌ر كراوه.
سێیه‌م؛ هاوكات له‌گه‌ڵ دانوستانێكی حه‌كیمانه له‌گه‌ڵ ناوه‌ند؛ كورد پێویستی به دیپلۆماسییه‌تێكی كارامه و كاریگه‌ریی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه بۆ دروستكردنی فشار له‌سه‌ر حكوومه‌تی ناوه‌ند.
چواره‌م؛ له‌و بۆشاییه‌ی سیاسه‌تی عێراقی تێدایه؛ زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسی و تایفییه‌كان هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن كه كورد په‌لكێشی لایه‌ن یان ئه‌جێندایه‌كی دیاریكراو و یان جه‌مسه‌رگیریی تایفی بكه‌ن. بێگومان ئه‌مه بۆ سیاسه‌تی كورد مه‌ترسییه‌كی گه‌وره له‌گه‌ڵ خۆی دێنێت. بۆیه پێویسته سیاسه‌تی كورد به‌شێوه‌یه‌كی حه‌كیمانه هه‌وڵی ڕاگرتنی باڵانس و هاوسه‌نگییه سیاسییه‌كان بدات و نه‌كه‌وێته ئه‌و ڕێڕه‌وه ترسناكه‌وه. له‌مڕووه‌وه ئه‌وه‌ی تا ئێسته ده‌كرێت، حه‌كیمانه‌یه و پێویستی به وردبینی زیاتریش هه‌یه.
پێنجه‌م؛ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و ته‌نگژه ئابوورییه سه‌پێنراوه؛ بایه‌خدان به به‌رنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێم، كه هه‌وڵدان بۆ فره سه‌رچاوه‌یی داهات و گه‌شه‌پێدانی كه‌رته جیاوازه‌كانی ئابووری له گرنگترین ماده‌كانیه‌تی، ماقووڵترین ڕێیه.
شه‌شه‌م؛ هه‌وڵ بدرێت كه خه‌ڵك و پانتایی جه‌ماوه‌ری هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌گه‌ری ته‌نگژه‌یه‌كی ئابووری چاوه‌ڕوانكراو، له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ئاماده بكرێت. حكوومه‌ت و لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ڕاستگۆ و شه‌فاف بن و ده‌رفه‌ت نه‌ده‌ن هه‌ركه‌سه و له‌لایه‌ن خۆیه‌وه ئه‌و دۆخه وه‌ك موزایه‌ده‌ی سیاسی و حزبی به‌كار بهێنێت. به‌وشێوه‌یه ئه‌گه‌ر ته‌نگژه‌یش ڕوو بدات، ئه‌وا كۆی كۆمه‌ڵگای كورد به تێگه‌یشتنه‌وه به‌ره‌نگاری ده‌بێته‌وه.