تەرازوویەک بێننە پێشچاو. ئەوەی ئامێری کێشانەکردن یان پێوانی قورسایی یان کێشە کە هەموو شتێکی پێ کێشانە دەکرێت. کۆمەڵێک پێوانی دیاریکراوی هەن، ئەوانە لە تایەکی تەرازوو دادەنرێن و تایەکەی تری هەر شتێکی لێ دابنرێت، بەپێی پێوانی دانراو, کێشەکەی دیار دەبێت.
پێوانەکان لە بچووکەوە بۆ گەورە, واتا لە گرامەوە بۆ ١٠٠ گرام و یەک کیلۆ و یەک تۆن و...تاد. واتا تایەک پێوانەکەیە (بۆ نموونە یەک کیلۆ) و تایەکەی تریش هەرچی بێت, (بۆ نموونە خوێ، خوری، تەماتە، گەنم، ئاسن). بێگومان هەموو کەسێک تەرازووی بینیووە، کاری پێکردووە و پێوانەکانیشی دەناسێت. من بەم نموونە سادەیەی زۆربەی خەڵک لە ژیانی رۆژانەیاندا دەیبینن، مەبەستمە سەرنج بخەمە سەر دیاردەیەکی گرنگ و کێشەیەکی گەورە لە نێوان باشووری کوردستان و حکوومەتی ناوەندی عێراق.
پێوانی کێشانەکردن کە هەمیشە دەبێ لە تایەکی تەرازوودا جێ بگرێت، لە دێرزەمانەوە جێگیر و دیاریکراوە و بەشێوەیەکی ڕەها نەگۆڕە. واتا لەو کاتەوەی مرۆڤایەتی گەیشتووهتە ئەو پێوانەیە، تا ئێستهیش وەک خۆیەتی. لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە هەروەک ئەو پێوانەیە, کۆمەڵێک چەمک و جۆری بیرکردنەوە و بگرە کرداریش هەن تا نها نەگۆڕاون و لە هەر قۆناغێکدا بە ڕهنگ و جلێکی جیاوازەوە خۆیان دەردەخەنەوە.
"شۆڤێنیزمی عەرەبی" لە عێراقدا هێشتا زۆر زەق و زاڵە. لەوانەیە لە هەندێ قۆناغدا تۆزێک پاشەکشەی کردبێت، بەڵام ئێستهیش لە ژێرخانی بیرکردنەوەی تاک و کۆمەڵگا و سیستمی سیاسی عەرەبی عێراقیدا، ڕیشەی داکوتاوە و هەرکەی بە پێویستی بزانێت دەردەکەوێت و خۆی دەسەپێنێت.
بابەتیتر "چەمک و ئایدۆلۆجیای تایفییەتە" کە دوو لە باڵە بەهێزەکانی لە عێراقدا بە ڕەهایی پێڕەو دەکرێن و دەسەپێنرێن. دید و چەمکی تایفییەتی شیعە و سوننە. هەردووک ڕادیکاڵن و ماڵوێرانکەرن, بوونەتە بەڵا بەسەر نەک تەنیا عێراقهوه، بەڵکو بۆ هەموو دنیا.
ڕادیکاڵیزمی سوننە لە کەسایەتی ئەلقاعیدە و دواتریش داعش و سەرجەم لقوپۆپەکانی, عێراقیان کردووهتە مەڵبەندی دەرکەوتن یان گەورەبوون و هەر لێرەیشەوە شەڕی سەرجەم سیستمی سیاسی رۆژئاوایان کردووە. کە سەیری شێوەی چالاکی و کردەوەکانی ئەم گرووپانە دەکەین، لە کوشتن، ئازار و ئەشکەنجە، کوشتنی بە کۆمەڵ، ڕفاندن، بە کۆیلە و جاریەکردنی ژن و کچ (بەتایبەتی ژن و کچی ئێزیدی)، تەقاندنەوە و دەست نەپاراستن لە هیچ کەس و لایەنێک و تەمەنێک، وێرانکردن، ئەتککردنی مرۆڤ، تیرۆر و سڕینەوەی گشت بەهاکانی مرۆڤایەتی و...تاد. دەبینین دڕندانەترین و وەحشیترین ئاکار و کردارن کە مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیویەتی.
"ڕادیکاڵیزمی شیعە"یش لە عێراقدا، ئەمڕۆ بە فیت و ئاراستەی ئێران شەڕی ئەمەریکا و رۆژئاوا و سەرجەم بەهاکانی دیموکراسی و چەمکەکانی پێکەوەژیان و ئاشتی و تەبایی گەلانی عێراق و ناوچەکەیش بەگشتی دەکات. کار و کرداری شیعە دژی کورد و سوننە, هیچی کەمتر لەو دیاردانەی سەرەوە نییە ئەگەر زیاتر نەبن. بۆی بکرێت وەک ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکات، بودجە و قووتی تاک بە تاکی کورد دەبڕێت، بە زۆرینەی ڕەها و بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک یاسای دژ بە کورد دەردەكات.
کە سەردەمی بەعس وەک سەردەمی لوتکەی شۆڤێنیزمی عەرەبی یان تێکەڵەیەک لە شۆڤێنییەتی عەرەبی و چەمکی تایفییەتی دژ بە کورد و پێکهاتەکانی عێراق بەبیر بێنینەوە, لە ئەنفال و کیمیاباران و گرتن و کوشتنەوە بگرە تا نکۆڵیکردن لە هەرچی بەهای مرۆیی کۆمەڵگای کورد و پێکهاتەکانی تری عێراق؛ زۆر زیاتر لە سەردەمی داعشی کردووە.
ئەوەی بە کورتی باسمان کرد, مێژووی ١٩٦٠کانە تا ئەمڕۆ. لەلایەک کورد دوو و نیو لەسەر سێی هەموو ئەو قۆناغە لەگەڵ عێراق ناکۆک بووە یان لە شەڕدا بووە (شەڕی چەکداری و سیاسی و یاسایی و ئابووری و...تاد)؛ لایەکەی تریش دەسەڵاتی ناوەندی و بگرە میلیشیات و گرووپە ڕادیکاڵەکانی عێراقن کە هەرکامەیان (بەعس، دەسەڵاتی شیعە، ئەلقاعیدە، داعش، میلیشیاتی شیعە), خاوەن دەسەڵات بووبن، ئەوا هەر کەسە و بەپێی توانای خۆی پەلاماری کوردیان داوە و ئەوە هەتا ئەم چرکەساتەیش بەردەوامە و "هەر بەردەوامیش دەبێت". ئینجا بە چەک، بە فڕۆکە، بە غازی کیمیایی، بە گرتن و جینۆسایدی بە کۆمەڵ، بە کۆیلەکردن، بە دەبابە و هێرشی زەوینی، بە یاسا، بە دەستوور، بە زۆرینە و کەمینە، بە بڕینی بودجە و برسیکردنی خەڵک، بە دووبەرەکی خستنە ناو کورد و لایەنە سیاسییەکانی، بە تەعریب و دەیان شێوەی تر.
شۆڤێنیزمی عەرەبی و تایفییەتی ئاینی و مەزەوی لە عێراقدا و لە چەندان قۆناغدا تێکەڵاوێک لە هەردووکیان, لەم ناوچەیەدا و لە تەواوی سەدەی بیستەم و تا ئەمڕۆیش, لە کردەوەدا دژوارترین شێوەی ئەم هەردوو ڕەوتەن و کار و کردەوەکانیان بە تەواوی مانا, فاشیزم و جینۆسایدە.
لە مێژووی زیاتر لە ٦٠ ساڵ، هەر گرووپ و چەمک و ناو و نازناوێک، لە گەورەوە بۆ بچووکترین ئاستی دەسەڵاتی خۆجێیی، هەر کەس هاتووە سەری لە ڕێ و شوێنی فاشیستی داوە بە چەندان ڤێرسیۆن. ڤێرسیۆنی چەکداری بێت یان ئابووری یان یاسایی و...تاد. ئەمە واتای ئەوەیە: لە عێراقدا دەسەڵاتی عەرەب (سەربە هەر هۆز یان گرووپێکی تایفی بێت) لە ئەنجامدا ئاراستەی شۆڤێنیزم و تایفییەت و بەرەو فاشیزم دەگرنە بەر. بێگومان ئەمە شتێکی ئاسان نییە و پێویستی بە شیکاری گرنگ و زانستی هەیە.
لە تای تەرازووەکەدا پێوەری دیاریکراو عەقڵییەت و چەمکی ڕادیکاڵی شۆڤێنیزم و تایفییەتی مەزەوی عەرەب دانراوە. لە تایەکەی تری هەرچی دابنرێت، دەبێ بەگوێرەی ئەو عەقڵییەتە نەگۆڕە پێوانە و کێشانە بکرێت. پێوەری خوێندنەوەی ئەو نەگۆڕە و ڕێک لە بەرانبەر تۆیە. تۆ دەڵێی دەستوور ئەو لای پەسند نییە, تۆ دەڵێی فیدراڵیزم ئەو باوەڕی بە ناوەندگەراییە, تۆ دەڵێی دیموکراسی ئەو بەرەو دیکتاتۆرییەت دەڕوات, تۆ دەڵێی یەکێتی ئارەزوومەندانە و پێکەوەژیان, ئەو دەڵێ زۆرینە و کەمینە, تۆ دەڵێی مادەی ١٤٠, ئەو دەڵێ تەعریب.
بۆیە ئێمەی کورد دەبێ تەنیا سەیری فڵان یاسا و فڵان دواکەتنی مووچە و تێپەڕاندنی فڵان بڕگەی فڵانە یاسا نەکەین. بەڕاستی ئەوانە هەمووی دەرەنجامن. دەرەنجامی عەقڵییەتێکی شۆڤێنیستی و تایفین هەر بەردەوامیش دەبن.
ئێمە پێویستە دەرس لەوە وەربگرین کە لە چەندان قۆناغی جیاوازدا هەر زیانیان پێگەیاندووین. بۆیە دەبێ تەگبیری درێژخایەن بكهین و خۆمان لە ناچاری ئابووری و سیاسی و ئیداری حکوومەتی ناوەند ڕزگار بکەین. دەبێ خۆمان و گەلەکەمان و نیشتیمانەکەمان بگەیەنینە ئەو ئاستەی لە هەموو ڕوویەکەوە بتوانین لەسەر پێی خۆی ڕاوەستین. تای ئەو تەرازووە تەنیا بەمشێوەیە هاوسەنگ دەبێت یان بگرە بەلای ئێمەدا دەشکێتەوە. شەڕی ئەو عەقڵییەتەیش تەنیا بەمشێوەیە دەكرێت.