ئارامی و ئاسایش له هه‌رێمی كوردستاندا، یه‌كێك له كۆڵه‌كه جێگیره‌كانی ئه‌م ئه‌زموونه‌یه. هه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ش دیمه‌نی هه‌رێمی كوردستانی له دنیای ده‌ره‌وه و له‌ناو دۆست و نه‌یاردا جوان و پڕبایه‌خ كردووه.
هێمنیی دۆخی هه‌رێم كه‌شێكی له‌باری بۆ سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیان و پێوه‌ندییه‌كانیش ڕه‌خساندووه. ئه‌م ئارامییه له زۆربه‌ی قۆناغه‌كاندا جێی متمانه‌ی وڵاتانی رۆژئاوایی و ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا بووه. بۆیه له نوێنه‌رایه‌تیی سیاسیی و كۆنسوڵگه و دامه‌زراوه‌ی دیپلۆماسییه‌وه بگره، تا سه‌ردانی ده‌یان و بگره سه‌تان شاند بۆ هه‌رێمی كوردستان، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌یه.
پێشكه‌وتنی ئابووری و خزمه‌تگوزاری و خۆشبژێوی خه‌ڵك، ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندی به ئاستی ئارامی و ئاسایشه‌وه هه‌یه. هه‌مان دۆخ هۆی سه‌ره‌كییه بۆ متمانه و هاتنی سه‌رمایه‌ی بیانی و له ئه‌نجامدا په‌ره‌سه‌ندنی ئاستی خزمه‌تگوزاری و هه‌لی كار و سه‌رچاوه‌ی داهات. ئه‌وه‌ش ڕێك واتا سه‌قامگیری سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی له وڵات‌دا ده‌دات.
دۆخی سه‌قامگیر و ئارامی، كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیستمی په‌روه‌رده و ئاستی چالاكی كه‌لتووری و باری ده‌روونی كۆی كۆمه‌ڵگه هه‌یه. به‌هه‌مانشێوه دیارده‌ی دزێو و ئاستی تاوان و شتی نه‌شازی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕوو له كه‌مبوونه‌وه ده‌كه‌ن و زه‌وینه‌ی سه‌روه‌ری یاسا به‌هێزتر ده‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش په‌ره‌سه‌ندنی چه‌مكه‌كانی دیموكراسی، پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و كولتووری و ئاینی، پێوه‌سته به ئاستی ئارامی و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه.
دۆخی ته‌ناهیی كوردستان بخه‌ینه به‌ر ئه‌و پێوانانه‌وه و به ویژدانه‌وه به‌راوردی بكه‌ین، بێگومان بانگه‌شه‌ی شامی شه‌ریف ناكه‌ین، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای كۆمه‌ڵێك كه‌موكوڕی (كه سه‌رچاوه‌ی به‌شێكی به‌رچاویان ده‌ره‌كین و سه‌پێنراون)، دۆخی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م عێراق (به به‌غداشه‌وه)، به‌راورد ناكرێت. له‌گه‌ڵ زۆر له وڵاتانی دراوسێش هه‌روا. كه‌وابێت خاڵی به‌هێزی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو جه‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو ئاڵۆزییه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئاستی ئارامی و ئاسایشه كه دۆست و نه‌یاریش ددانی پێدا ده‌نێن.
ئاسایش و ئارامی
خاڵی لاوازی عێراق
ڕێك به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان، عێراق له ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئاڵۆزی و دۆخی شێواو و ناسه‌قامگیری و نائارامیدایه. حكوومه‌ت لاوازه و هه‌ژموونی به‌سه‌ر پێكهاته و گرووپی جیاجیای میلیشیاییدا نه‌ماوه، پاشاگه‌ردانی له‌وپه‌ڕیدایه، چه‌ندان ده‌سه‌ڵاتی تایفی و عه‌شیره‌تیی و چه‌كداری له‌ناو ده‌وڵه‌تدا بوونیان هه‌یه. كار به ده‌ستوور و یاسا ناكرێت و دۆخێكه هه‌ر كه‌س بۆ خۆیه‌تی.
عێراق متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له ده‌ست داوه، نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان و باڵوێز و شانده‌كان نا‌وێرن له چه‌ند سه‌عاتێك زیاتر له به‌غدا بمێننه‌وه و زۆریان هاتنه‌كه‌یشیان شاراوه‌یه. بێگومان ئه‌وه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاستی گه‌شه‌ی ئابووری و هاتنی سه‌رمایه‌ی بیانی و خزمه‌تگوزاری ناوخۆییش هه‌یه كه له نموونه هه‌ره خراپه‌كانه.
ناسه‌قامگیری ته‌ناهی و نه‌بوونی ئاسایش، دۆخێكی ناهه‌مواری كۆمه‌ڵایه‌تی خوڵقاندووه كه تێیدا چالاكی ڕووناكبیری، كولتووری و بزاوتی دیموكراسی له‌وپه‌ڕی لاوازیدان. تاوان، توندوتیژی خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تی، توندڕه‌وی ئاینی و تایفی و نه‌ته‌وه‌ییش به خێرایی ڕوو له هه‌ڵكشانه. كه‌س نازانێت ده‌ستی كێ له به‌رۆكی كێدایه و به‌رانبه‌ر به‌و هه‌موو پشێوی و ناهه‌موارییه كه‌سێك به‌رپرسیار نییه و ئه‌گه‌ر دیاریش بێت، هیچ میكانیزمی لێپرسینه‌وه به ئه‌ركی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی هه‌ڵناستێت.
بۆچی هه‌وڵی تێكدانی ئاسایش و ئارامی كوردستان ده‌درێت؟
له عێراقدا لایه‌نه سیاسی و به‌تایبه‌تی شیعه‌كان، سه‌ره‌تا چاویان به هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵنایه‌ت. هاوكات هه‌وڵ ده‌ده‌ن شكستی خۆیان له پڕۆسه‌ی حوكمڕانیدا و ئه‌و جیاوازییه‌ی له‌ڕووی ئاستی گه‌شه‌ی ئابووری و خزمه‌تگوزاری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هه‌یه، به دژایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بشارنه‌وه.
ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی شۆڤێنیزمی نه‌ته‌وه‌یی و تایفی له عێراقدا داماڵرا و ده‌بینین كه له‌ڕووی بنه‌ڕه‌تی زیهنییه‌ته‌وه نه‌گۆڕاوه. هاوكات ئه‌جێندای وڵاتانی دراوسێ له عێراقدا پێڕه‌و ده‌كرێت. ئه‌وانه‌یش ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و ئاسته‌ی پێی گه‌یشتووه، له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان نابینن. به‌تایبه‌تی نایانه‌وێت كوردستان نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو و سه‌رچاوه‌یه‌كی ئیلهام بێت بۆ كوردی به‌شه‌كانی تر، بۆیه هه‌موو ڕێیه‌كی تێكده‌رانه تاقی ده‌كه‌نه‌وه بۆ تێكدانی ئارامی هه‌رێم.
ئه‌وان باش ده‌زانن ئه‌گه‌ر دۆخی سه‌قامگیری و ئارامی تێكبچێت، هه‌موو چالاكییه‌كانی تری ئه‌م هه‌رێمه تووشی داڕمان ده‌بێت. بۆیه ڕووی كه‌وانه‌كه‌یان له ئاشتی و ئارامی هه‌رێمی كوردستان گرتووه.
هه‌وڵی "به به‌غداكردنی هه‌ولێر" واتای ئه‌وه‌یه كه‌س خاوه‌نی خۆی و ژیانی خۆی و قسه‌ی خۆی و سامانی خۆی نه‌بێت. واتا تێكدانی قه‌واره‌ی هه‌رێم. واتا لێدانی به‌هێزترین ڕه‌هه‌ندی كوردستان كه ئاشتی و سه‌قامگیری و كه‌شی پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌كانه.
بێگومان نابێ ده‌سته‌وه‌ستان بین و ده‌بێ به یه‌كڕیزی و گیانی به‌رپرسیارێتی و ڕێزی به‌رانبه‌ر و پێوه‌ره‌كانی دیموكراسی، ده‌رفه‌ت به پیلانه گڵاوه‌كانی نه‌یاران نه‌ده‌ین.